هێڤین شێخە بۆ گوڵان: ئافرەتانی هونەرمەند مافیان پێشێل دەكرێت

هێڤین شێخە بۆ گوڵان: ئافرەتانی هونەرمەند مافیان پێشێل دەكرێت

هێڤین شێخە یەكێكە لە هونەرمەندانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە ماوەیەكی زۆرە لە شاری حەسەكە دەستی بە كاری هونەری كردووە و ئێستاش لە ئەوروپا بەردەوامە، بەم دواییەش چەند بەرهەمێكی بڵاو كردەوە، سەبارەت بە سەرەتاكانی كاری هونەری و ڕەوشی هونەری كوردی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجام دا.

*سەرەتای كاری هونەریت چۆن بوو؟

-سەرەتا پەیوەندیم بە گرووپە فۆلكلۆرییەكانەوە كرد، بەڵام لە شانۆدا دەستم پێكرد، تاقیكردنەوە لە شانۆ و گۆرانی و سەماكردندا هەبوو، من لە شانۆدا دەستم پێدەكرد، بەڵام ڕۆژێك هاوڕێیەكم هەبوو كە خەریكی تاقیكردنەوەی گۆرانی و مۆسیقا بوو، لە كۆتاییدا لای ئەو لە بواری مۆسیقادا خۆم تاقیكردەوە، ڕاهێنەرەكە پێی گوتم، دەنگت خۆشە وەرە نێو بواری مۆسیقا، لەو ڕۆژەوە چوومە بواری مۆسیقا و زۆر كەس هەبوون كە هاوكارم بوون و هانیان دام بۆ ئەوەی بەردەوام بم، من خۆشم زۆر حەزم لە مۆسیقا و گۆرانی بوو، بەم شێوەیە لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٨ لەگەڵ تیپە میوزیكییەكان بەردەوام بووم لە گۆرانیگوتن.

*بەڕای ئێوە جیاوازی چییە لە نێوان كاری هونەری لە كوردستان و لە ئەوروپا؟

-بەرهەمهێنانی كاری هونەری لە كوردستان زۆر ئاسانترە لە ئەوروپا، بەهۆی دووریی نێوان ئاوازدانەر و شاعیر و گۆرانیبێژەكان لە یەكترەوە، چونكە ئەگەر بتەوێت كارێك ئەنجام بدەیت دەبێت ڕۆژێكی بۆ تەرخان بكەیت، ئەمەش شتێكی زۆر قورسە، ئەگەر نا دەبێ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامی بدەیت، من چوار ساڵ لە باشووری كوردستان ژیام، كارە هونەرییەكانی ئەوێ زۆر ئاسان بوو، هەروەك چۆن لە ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ ئاوازدانەرەكان كۆدەبووینەوە و بیروڕا و دیدگاكانمان ئاڵوگۆڕ دەكرد، ئەمەش كۆتایی كارە هونەریەكان بوو بۆ هەردوولا، بەڵام لە ئەوروپا ئەم كارە زۆر سەختە، بەتایبەت ئەگەر خێزان و منداڵت هەبێت.

*دۆخی هونەر لە ڕۆژئاوای كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

-لە ڕۆژئاوای كوردستان هونەر زۆر پێشكەوتووە، لە سەرەتاوە ژمارەیەكی كەمی ژن هەبوون كە گۆرانییان دەگوت لە شاری حەسەكە، من یەكەم كەس بووم كە گۆرانیم گوت و چوومە ناو مەیدانی گۆرانیگوتنەوە، دووەمیشم لەسەر ئاست ڕۆژئاوای كوردستان دوای زۆیا، بەڵام ئێستا چەندین ئافرەتی هونەرمەند هەن كە بەرهەمی هونەریی جوان پێشكەش دەكەن، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتی هونەرمەند لە هەموو شار و شارۆچكەكاندا هەن و گۆرانی هونەری كوردی دەڵێن.

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هونەر لە ڕۆژئاوای كوردستان ئێستا زیاتر ئەكادیمی بووە، بەو پێیەی چەندین ناوەند و پەیمانگای هونەری كراونەتەوە، كە زۆرێك لە هونەرمەندانی ژن و پیاوی لێیەوە سەرهەڵدەدەن و هونەری كوردی بە شێوەیەكی هاوچەرخ پێشكەش دەكەن، لە هەمان كاتدا ڕەسەنایەتیی هونەرەكەی دەپارێزن،.

*ئێمە فۆلكلۆرێكی گەورە و دەوڵەمەندمان هەیە، بەڕای ئێوە ئایا هونەرمەندانی گەنج توانیویانە سوود لەم فۆلكلۆرە وەربگرن؟

-هونەرمەندانی گەنج سوودیان لە هونەری فۆلكلۆری كۆن وەرگرتووە، چونكە زۆرێك لە هونەرمەندان هەن كە لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە فۆلكلۆرییە كۆنانەوە ناوبانگیان بەدەستهێناوە، بۆیە دەتوانم بڵێم كە ئەوان سوودیان لێ وەرگرتووە، فۆلكلۆر بە گەنجینەی گەورە بۆ هونەر و هونەرمەندانی كورد دادەنرێت و پێویستە شانازیی پێوە بكەین و هەوڵی پاراستنی بدەین، هاوكات دووبارەكردنەوە و دروستكردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی گەورە و بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان زۆر گرنگن، چونكە نیشانەی هونەری ڕەسەنی كوردین، پێویستە نەوەكانی داهاتوو شانازییان پێوە بكەن و هەوڵی ئەوە بدەن كە لەبیریان نەكەن، بەڵكو بە هونەری هاوچەرخ نوێیان بكەنەوە، ئەوەش بۆ تێكەڵاوبوونە لە نێوان هونەری هاوچەرخ و هونەری فۆلكلۆریی كوردی.

*ئایا بەپێی پێویست پشتگیریی خانمە هونەرمەندەكان دەكرێت؟

-هەروەك پێشتر گوتم، خانمە هونەرمەند زۆرن كە بەرهەمی هونەریی باش پێشكەش دەكەن، بەڵام بەداخەوە هیچ پاڵپشتی و پشتیوانییەك بۆ هونەرمەندی ئافرەت نییە، بەڵكو هەموو پشتیوانییەك بۆ هونەرمەندانی پیاوە لە هەموو ڕوویەكەوە، تەنانەت لە كۆنسێرتی تایبەتیشدا كرێی زیاتر دەدەن بە هونەرمەندانی پیاو، ئەمەش خۆی هۆكارێكە بۆ ئەوەی ژنان نەتوانن كاری زیاتر و جوانتر پێشكەش بكەن، من زیاتر لە دە ساڵە كاری هونەری ئەنجام دەدەم بەبێ هیچ پشتیوانییەك لەلایەن هیچ لایەن و كەسێكەوە، تەنانەت كاتێك ئەلبوومی هونەرییش بەرهەم دەهێنین، كەناڵە كوردییەكان ڕازی نین گۆرانییەكان پەخش بكەن یان بانگەشە بۆ ئەلبوومەكە بكەن، بە پێچەوانەی ئەوەی كە بەرامبەر هونەرمەندانی پیاو دەیكەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بە پێشێلكردنی مافی ژنە هونەرمەندەكانی كورد دادەنرێت، بەداخەوە هیوادارم ئەم شتە نەمێنێت و پاڵپشتییەكە هاوتەریب بێت لە نێوان هونەرمەندانی پیاو و ئافرەتدا.

*چۆن سوود لە فۆلكلۆری كوردی وەردەگری؟

-لە ڕاستیدا من زۆر گوێ لە فۆلكلۆری كوردی دەگرم، بەو پێیەی دەوڵەمەندە بە بەرهەمی جوان، بەڵام گۆرانیی فۆلكلۆری لە ئەلبوومەكانمدا ناڵێمەوە، بەڵكو تەنیا لە ئاهەنگ و بۆنە و ئاهەنگەكاندا بە گشتی پێشكەشی دەكەم.

*بەڕای ئێوە لە كام بەشی كوردستاندا هونەری كوردی پێشكەوتووترە؟

-ڕاشكاوانە بڵێین، هونەرمەندانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا هونەری كوردی دەپارێزن و پاراستوویانە، ئەم هونەرمەندانە بەرهەمی هونەری باش دەخەنە ڕوو كە تیایدا هونەر و میرات و زمانی كوردی لە ڕێگەی گۆرانی و مۆسیقاوە دەپارێزن، ئێمە لە ئەوروپاین كاتێك منداڵەكانمان گوێ لە هونەرمەندی كورد دەگرن داوای زانیاریمان لێدەكەن، ئەم هەنگاوەش لانیكەم لە پاراستنی زمان و میراتی كوردیدا ڕۆڵی باشی هەیە، بۆیە دەڵێم هونەرمەندان كارەكانیان بە باشی ئەنجام داوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پاراستنی هونەری كوردی هەبوو بەشێوەیەكی گشتی.

Top