هونەرمەندی میسری ئەحمەد عەدەویە كۆچی دوایی كرد
گۆرانیبێژی میللی و هونەرمەندی دیاری میسری (ئەحمەد عەدەویە) لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
لە مانگی ئایار/5ی ئەمساڵ هاوژینەكەی كۆچی دواییكرد كە ئەم ڕووداوە كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هونەرمەند(ئەحمەد عەدەویە) و بەهۆیەوە باری تەندرووستی تێكچوو.
ئەحمەد عەدەویە لەدایكبووی ساڵی 1945 ی وڵاتی میسرە, یەك لە هونەرمەندە دیارەكانی وڵاتی میسر و وڵاتانی عەرەبییە,ئەگەرچی لە سەرەتادا وەكو هونەرمەندێكی میللی دەركەوت بەڵام لەساڵانی حەفتاكاندا توانی چەندین بەرهەمی سەركەوتوو تۆمار بكات و ببێتە نموونەیەك بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە دوای خۆی هاتنە نێو هونەرەوە,هەروەها ئەم كەسایەتییە جیا لە كاری گۆرانی و موزیك توانی زیاد لە 27 فیلمی سینەمایی بەشداری بكات بەڵام كارەكان سەركەوتنێكی وەهای تۆمار نەكرد بە بەراورد بە سەركەوتنی لە گۆرانیدا بۆیە ناچاربوو بەیەكجاری واز لە كاری نواندن بهێنێت و بگەڕێتەوە گۆرانی چڕین.
ئەحمەد عەدەویە كە دەنگێكی تایبەتی هەبوو, لە ڕووی گۆڕانی چڕین و كاری موزیكی ستایڵێكی تایبەت بە خۆی هەبوو,لە سەردەمی خۆیدا كە ناوبانگی گەیشتە لوتكە چەندین هونەرمەندی گەورە وەك عەبدولحەلیم حافز و محەمەد عەبدولوەهاب فەرید ئەترەش وەسفی جوانیی دەنگی ئەم هونەرمەندەیان كرد و شایەتی ئەوەیاندا كە خاوەن بەهرەو دەنگێكی تایبەتە,هەرچەندە ساڵانێكی زۆر لە كاری هونەری دوور كەوتەوە,بەڵام دواجار لە ساڵی 2010 لەگەڵ هونەرمەندی لوبنانی (رامی عەیاش) و گۆرانییەكی دوێتی بەناوی(الناس رايقة)بڵاوكردەوە كە ئەم هەنگاوە بەگەرمی پێشوازی لێكرا و بووە سەرەتایەكی دیكە لە دەركەوتنی لە شاشەكاندا,وە دواتر لە ساڵی 2011 لەگەڵ كوڕەكەی بەناوی(محەمەد عەدەویە) كە ئێستاش بەردەوامە لە كاری هونەری بەرهەمێكی دیكەی بڵاوكردەوە كە ئەمەش هاندەر بوو تاوەكو بگەڕێتەوە بواری موزیك و گۆرانی.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی