شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

شەریهان بەكلرۆ شێوەكارێكی خەڵكی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانە، لە ساڵی ٢٠١٦وە نیشتەجێی ئەڵمانیایە. هاوكات لەگەڵ خوێندنی فەلسەفە، هونەری لە پەیمانگای «فەتحی محەمەد» بۆ هونەر، لە حەلەب خوێندووە، ئەمەش ڕەهەندێكی فیكریی قووڵی بەخشیوە بە كارەكانی.

تابلۆكانی شەریهان تایبەتمەندن بە ورووژاندنی پرسیارەكانی ناسنامە، ئافرەت، كاریگەرییەكانی مرۆڤ لەسەر سرووشت. سەرەتا كارەكانی بە وێنەكێشانی جوانی سرووشت و ژێر دەریا دەست پێكرد، بەڵام زوو گۆڕا بۆ «جوانكارییەكانی ناشیرینی»، كە تێیدا كاریگەرییە ژینگەیی و كۆمەڵایەتییەكانی ڕەفتاری مرۆڤ دەخاتە ڕوو، لە ڕێگەی تابلۆگەلێكەوە كە فەوزا و كەڵەكەبوونەكان بە شێوازێكی تایبەت و ڕەنگدانەوەیی دەردەخەن.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

لە كارە نوێیەكانیدا، تیشك دەخاتە سەر پرسی ئافرەتان، و ململانێیەكانی ناوەكی و دەرەكییان بە شێوازێكی بینراو دەنوێنێت، كە هێز و ئالنگارییەكانیان ڕەنگ دەداتەوە. شەریهان بەشداری لە چەندین پێشانگەدا لە سوریا، سوید و ئەڵمانیا كردووە، و ئێستا كارەكانی لە مۆزەخانەی ئافرەتان لە شاری بۆن نمایش دەكرێن.

*هۆكار چییە تێكەڵبوونێك لە ڕووی بابەتی لە تابلۆكانتاندا هەستی پێ دەكرێت؟

-لە تابلۆكانمدا هەوڵ دەدەم جیهانێكی پڕ لە ئاڵۆزی بگەیەنم، كە نزیكە لە ڕەنگدانەوەی واقیعی هاوچەرخ. ژیانی ئەمڕۆ سادە نییە، بەڵكو كۆمەڵێك ئاڵۆزییە كە لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ دەبن، جا چ لەسەر ئاستی ژینگەیی، كۆمەڵایەتی یان تەكنەلۆژی، تابلۆكانم ئەم ئاژاوەگێڕییە بە شێوەیەك دەردەبڕن كە ڕەنگدانەوەی ئەو دووانەیە كە ڕۆژانە تێیدا دەژین. لە كاتێكدا ئێمە ئاواتەخوازین شتەكان كۆنتڕۆڵ بكەین، خۆمان دەبینینەوە كە لەناو گێژەڵوكەی پێشهاتە خێراكان و زیادبوونی تەحەدیاتەكاندا گیرمان خواردووە، ئەم تێكەڵییە ئامانجی ئەوەیە كە وەرگر بە قووڵی بیر لەو پرسە فرەییانە بكاتەوە كە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، جا پەیوەندییان بە پیسبوون، زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانەوە هەبێت، یان لەدەستدانی پەیوەندییە مرۆییەكان. ئەو پەیامانەی هەوڵ دەدەم بیگەیەنم، ڕەنگدانەوەی ئەم گرژییە بەردەوامەی نێوان مۆدێرنیتە و داڕمانی ژینگەیی و كۆمەڵایەتییە، كە پاڵنەرێكی سەرەكییە لە پشت ئەم ئاڵۆزییە بەئەنقەستەیە لە كارە هونەرییەكانمدا.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

*تابلۆكانتان بەزەیی و خۆشەویستی بۆ ژینگە نیشان دەدەن، ئایا هونەر دەتوانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی لە پاراستنی ژینگەدا بگێڕێت؟

-من باوەڕم وایە دەبێ هونەر دەنگێكی بەهێز بێت لە داكۆكیكردن و پاراستنی ژینگەدا. تابلۆكانم نەك تەنیا لە ڕوانگەی ناڕەزایەتییەوە تیشك دەخەنە سەر پرسە ژینگەییەكان، بەڵكو لە ڕوانگەی تێڕامانەوەشەوە لەسەر دەرئەنجامە وێرانكەرەكان ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەگرینەبەر. بۆ نموونە، تابلۆكان كە كۆمەڵێك ئۆتۆمبێلی جێهێڵراو، یان مۆبایلە كۆنەكان نیشان دەدەن، هەوڵ دەدەن سەرنج بۆ ئەو قەیرانە تەكنەلۆژییە ڕابكێشن كە ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، كە مەترسییەكی گەورە لەسەر ژینگە دروست دەكات.

هونەر دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ خەڵك، بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن و ڕێگەیەكیان پێ بدات بۆ پەیوەندیكردن بە سرووشتەوە بە شێوەیەكی سۆزداری و جوانكاری. من پێم وایە هونەر تەنیا ئامرازێكی دەربڕین نییە، بەڵكو ڕێگەیەكە بۆ ئاگاداركردنەوەی مرۆڤەكان لە واقیعی جیهان، و بیرۆكەی چارەسەرەكان. هونەر دەتوانێت كاریگەریی لەسەر دەروون و دڵ هەبێت.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

*هۆكار چییە لە كارەكانتدا قەرەباڵغییەكی زۆر هەیە؟

-قەرەباڵغی لە وشەسازیی هونەری مندا ڕەنگدانەوەی ئەو ئاژاوە سەرسەختەیە كە لە جیهانی هاوچەرخدا دەوری ئێمەی داوە. ئەم «گونجاندنە فەرهەنگییە» هەستی من دەردەبڕێت كە لە دەریایەكی تەحەدادا نوقم بووم. كاتێك سەیری شارە گەورەكان یان دیمەنە وێرانەكان دەكەم، هەست دەكەم هەموو شتێك ئەوەندە تێكەڵاو و ئاڵۆزە، وەك ئەوەی لە جیهانێكی پڕ لە سیگناڵی دژ بە یەك و پەیامی ناڕووندا بژین.

هونەر بۆ من ڕێگەیەكە بۆ پێشكەشكردنی وێنەیەكی ڕوونتر، بەڵام بە شێوەیەك كە ڕێز لەو ئاڵۆزییە بگرێت كە دەوری ئێمەی داوە. من هەوڵ نادەم لە تابلۆكانمدا چارەسەری ڕاستەوخۆ یان وەڵامی ڕوون بخەمە ڕوو، بەڵكو زیاتر بانگهێشتی بینەر دەكەم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم ئاژاوەگێڕییەدا كارلێك بكات، و بیر لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی بكاتەوە لەناو ئەم سیستمە پێكەوەلكاوەدا. هەر وشەیەك یان توخمێك لە تابلۆكانمدا مانایەك هەڵدەگرێت و بەشدارە لە دروستكردنی ئەزموونێكی بینراودا كە هاندەری بیركردنەوە بێت لەسەر ئەو بڕە زۆرەی زانیاری و ئالنگاریەی كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

*ئایا گوتاری هونەری كاریگەریی هەیە لە جەنجاڵیی ژیانی هاوچەرخدا؟

-جیهانی ئەمڕۆ زۆر خێرایە، بەڵام گوتاری هونەری هێشتا كاریگەریی تایبەت و گرنگی خۆی هەیە. لە ڕاستیدا هونەر دەتوانێت لەم سەردەمە تایبەتەدا ڕۆڵێكی گەورەتری هەبێت. لە كاتێكدا مرۆڤەكان لە گێژەڵوكەیەكی فشار و گرژیدا دەژین، هونەر دەتوانێت ڕێگەیەك بێت بۆ وەستان و بیركردنەوە، تابلۆكانم هەوڵ دەدەن ساتێكی بێدەنگی و هێمنی لە ناو جەنجاڵیی ژیاندا دروست بكەن، ساتێك كە بینەر بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی بیر لە مانای ئەو تەحەددایانە بكاتەوە كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چ ژینگەیی، كۆمەڵایەتی، یان كەسی بێت.

هونەر هێزی ئەوەی هەیە كە خێرایی جیهانی دیجیتاڵی بشكێنێت، و مرۆڤەكان ڕابكێشێتە ناو ساتێكی تێڕامانی بینراو و فیكرییەوە، لە جەنجاڵی ژیاندا هونەر دەبێتە بانگەوازێك بۆ بەرخۆدان، مەرج نییە لە ڕێگەی ناڕەزایەتییەكی بەرزەوە بێت، بەڵكو لە ڕێگەی ئیلهام و تێڕامانێكی قووڵەوە دەبێت. كەواتە، پێموایە هونەر تەنانەت لەم سەردەمە ئاژاوەگێڕەشدا كاریگەریی دەمێنێتەوە و ڕەنگە بە تێپەڕبوونی كات گرنگتر بێت.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

*بەڕای ئێوە لە گوتاری جوانیناسی لە تابلۆدا، ڕەنگ گرنگترە یان وردەكاری؟

-وردەكاری و ڕەنگ ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە داڕشتنی گوتاری جوانیناسی لە بەرهەمەكانمدا. وردەكاری مانا ئاراستە دەكەن و پەیامەكە پێناسە دەكەن، لە كاتێكدا ڕەنگ ئەزموونی سۆزداریی بینەر بەرز دەكاتەوە. زۆرجار وردەكاری لە تابلۆكانمدا واتای بەهێزی هەڵدەگرێت، وەك كەڵەكەبوونی مۆبایل یان ئۆتۆمبێلی جێهێڵدراو، كە ئاماژەن بۆ پیسبوونی ژینگە. ئەمانە كاردەكەن بۆ بەرزكردنەوەی هەستی دڵەڕاوكێ یان هیوا، بۆ نموونە، بەكارهێنانی ڕەنگی كاڵ وەك خۆڵەمێشی و ڕەش، ڕەنگدانەوەی ئەو دڵەڕاوكێ و گێژاوەیە كە هەستی پێ دەكەم سەبارەت بە داهاتووی ژینگەیی، لە كاتێكدا لەوانەیە ڕەنگە گەشاوەترەكانی وەك پرتەقاڵی یان زەرد پەیامێكی هیوا هەڵبگرن، یان لانیكەم، بانگهێشتنامەیەك بۆ ڕەچاوكردنی ئەگەری گۆڕانكاری بن. لە كۆتاییدا وردەكاری و ڕەنگ پێكەوە كاردەكەن بۆ دروستكردنی كاریگەرییەكی تەواو بینراو و چەمكئامێز.

*دەتوانیت بە كاركردن لە بواری هونەردا فێری كاری نوێ ببیت؟

-بەڵێ، هونەری جوان تەنیا ڕێگەیەك نییە بۆ دەربڕینی خۆم، بەشێكی جەوهەرییە لە ناسنامە و ژیانم. هەموو ڕۆژێك لە ڕێگەی ئەو تابلۆیانەوە دروستی دەكەم شتێكی نوێ دەربارەی خۆم و جیهان فێر دەبم، ڕەنگدانەوەی هەستەكانم و ترسەكانم و هیواكانمن. هونەر دەرفەتێكم پێ دەبەخشێت كە بە شێوەیەكی قووڵتر لە خۆم و جیهانی دەوروبەرم تێبگەم، ئاوێنەیەكە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی كەسایەتی و فیكری منە، فێری ئارامی و كۆڵنەدان و كراوەیی بۆ بیرۆكەی نوێ دەبم. هەروەها كارلێككردن لەگەڵ خەڵك، چ لە ڕێگەی پێشانگە، یان گفتوگۆ، دەرفەتێكم پێ دەدات كە دیدگای نوێ لەبارەی كارەكانم و ئەو بابەتانەی كە باسیان دەكەم، فێر ببم، هونەر بۆ من گەشتێكی بەردەوامی فێربوون و گەشەكردنە، ئەمەش وا دەكات ژیانم چالاك و ئیلهامبەخش بێت.

شەریهان بەكلرۆ بۆ گوڵان: ئافرەت لە كارە هونەرییەكانمدا گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات

*ئافرەت لە كوێی كارە هونەرییەكانتدا جێی دەبێتەوە؟

-ئافرەت لە كارە هونەرییەكانی مندا نەك تەنیا وەك ڕەمزێك، بەڵكو وەك توخمێكی ناوەندین كە گوزارشت لە هێز و لاوازی، تەحەدا و قوربانیدان دەكات. لە زۆرێك لە تابلۆكانمدا ئافرەت بەشێكی جەوهەری گێڕانەوەیە، چ ڕاستەوخۆ بێت یان ڕەمزی. من ئافرەت وەك ئاوێنەیەكی كۆمەڵگە دەبینم و ڕۆڵی لە هونەردا ڕەنگدانەوەی ئەو تەحەددایانەیە كە لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، جا پەیوەندییان بە ناسنامە، دەسەڵات، یان ئازادییەوە هەبێت.

لە یەكێك لە تابلۆكاندا ئافرەتان لە ساتەوەختە جیاوازەكانی هێز یان تەسلیمبووندا دەردەكەون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ بەردەوامەیە كە ئافرەتان لە جیهانێكی پڕ لە دژایەتیدا تاقیی دەكەنەوە. لە تابلۆكانمدا ڕەنگ و هێما بەكار دەهێنم بۆ بەهێزكردنی ئەم بیرۆكەیە، لەگەڵ ڕەنگی كاڵ هەندێك جار دەربڕینی ئازار و تەحەدداكانە، لەكاتێكدا ڕەنگە سووكەكان ڕەنگدانەوەی هیوا و هێزن.

بۆ من ئافرەت نوێنەرایەتیی هێز لە بەرامبەر ناخۆشیەكاندا دەكات، و توخمێكی جەوهەرییە لە بەرگریكردن لە ژینگە و كۆمەڵگە. ئافرەت تەنیا بابەتێكی هونەری نییە، بەڵكو هاوبەشی گۆڕانكاری و چاكسازییە، كە هەندێك جار وەك هێمای سرووشت، هەندێك جار لە ئیستغلالكردن ماندوو و هەندێك جار بەهێز و توانای نوێبوونەوەی هەیە، نیگاری دەكێشم، ئەم فرەڕەهەندە ڕەنگدانەوەی دیدگای كەسیی منە بۆ ڕۆڵی ئافرەتان لە جیهاندا.

Top