نازدار سێ بەرهەمی هونەرمەند(محەمەدی ماملێ)دەڵێتەوە

نازدار جزیری خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ,لە نوێترین كاری هونەرییدا سێ بەرهەمی هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) دەڵێتەوە.
گۆرانی (سەردان) كە ناونیشانی نوێترین كاری هونەری نازدار جزیرییە لە گۆرانی (گوڵەكەم-چۆن لە سەفەر بووی-وەرە سەر نەخۆشی دڵان)ی مامۆستا و هونەرمەندی دیاری كورد (محەمەدی ماملێ) پێكدێت,لەم بەرهەمە نوێیەدا موسیزیان (سیامەك فەقی زادە) ڕیكۆردی گۆرانییەكەی ئەنجامداوەو هەریەك لە (میرزا ئیزادپەنا) و (ساسان سەمەدی) بەشێوەیەكی هاوبەش كاری دابەشكردنیان كردووە,هەروەها (هاوبەش محەمەد) كاری گرافیكی بۆ ڤیدیۆی ئەم بەرهەمەی ئەنجامداوە.
شایەنی باسە..بەو پێیەی كە هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) لەدایكبووی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە تێكڕای كوردستان بەرهەمەكانی گوێبیستی هەیە,نازدار جزیری بۆ فۆتۆی نێو ئەم بەرهەمەی بە ستایڵی جلی كوردیی ڕۆژهەڵاتی دەركەوتووە,كە ئەمەش شتێكی نوێ نییە,چونكە نازدار لە بەهاری ساڵی 2020 بۆ یەكەمجار چەند وێنەیەكی خۆی بەم ستایڵە بڵاوكردەوە كە ئەوكات لەسەر بڵاوكراوەكەی لە ئەنستگرام نووسیبووی(زۆر دڵخۆش بووم بۆ یەكەم جار ئەم جلە جوانانەم لەبەر كرد..هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان كورد و پارچەكانی كوردستان.. هەموومان بەیەكەوە جوانین و بەیەكەوە جوانتر ئەنجام دەدەین .)
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
