تۆماس هایلاند پڕۆفیسۆری كۆمەڵناسی لە زانكۆی ئۆسلۆ بۆ گوڵان: پێشبینی دەكرێت ترس و نادڵنیایی زیاتر باڵ بەسەر جیهاندا بكێشن
تۆماس هایلاند پڕۆفیسۆری كۆمەڵناسییە لە زانكۆی ئۆسلۆ، بۆ چەندین ساڵ توێژینەوەی كردووە لە بارەی ناسنامەی سیاسی، ناسیۆنالیزم، جیهانگەرایی لە ڕوانگەیەكی بەراوردكارییەوە و لەم بوارانەدا چەندین توێژینەوە و نووسینی هەیە. پێشتر بەڕێوەبەری پڕۆگرامی توێژینەوەی ستراتیژیی «ئایۆ» بوو لە ماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2010. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرەكانی بریتی بوون لە پاشەكشەی دیموكراسی و لێكەوت و دەرئەنجامەكانی و پرسی لاوازبوونی جیهانگەرایی و بارودۆخی نێودەوڵەتی.
* پێش ئەوەی بێینەسەر پرسیاركردن لە بارەی بابەتێكی دیاریكراوەوە پێمان باشە تێڕوانینی ئێوە بزانین لە بارەی بارودۆخی ئێستای جیهانەوە. ئایا بە دیدی ئێوە جیهان بەرەو نائارامی و نادڵنیایی زیاتر دەچێت، بە تایبەتی ئەگەر ئێمە هەڵگیرسان و بەردەوامبوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەبەرچاو بگرین كە ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە شەڕێكی بەرفراوانتر و بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت، یان نەخێر دەكرێت ئومێدی ئەوە بكرێت بارودۆخە جیهانییەكە بە ئاراستە و ئاقارێكی ئاوێتەبوون و باڵكێشانی ئاشتیدا بڕوات؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە ئێمە چەندین هۆكار بەدی دەكەین بۆ ئەوەی هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بكەین لە ئاست ئایندەی نزیكدا. سەرەتا من پێم وانییە شەڕی ئۆكرانیا بەربڵاوتر و بەرفراوانتر ببێت، بەڵام ئەوەی هەیە كاریگەری و لێكەوتە و دەرهاویشتەی هەبووە لەسەر سیستمە جیهانییەكە و ئەم سیستمەشی ناسەقامگیر كردووە، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ زیادبوونی مەترسیی سەرهەڵدانی ناكۆكی لە شوێنەكانی دیكەی جیهاندا. لەوەش زیاتر، ئێمە ڕووبەڕووی كەمیی سەرچاوەكان بووینەتەوە بە هۆی ئیستغلالكردنی زیاد لە پێویست و گرتنەبەری سیاسەتە ژینگەییە نابەرپرسەكان لەم ڕووەوە، كە هەموو ئەمانە لە كۆتایی و لە دەرئەنجامدا دۆخێكی شڵەقاو دروست دەكەن. بە چەشنێك ئەگەر خەڵكی بە دۆخێكدا تێپەڕن كە توانای كڕینی نانیان نەبێت، ئەوا دەڕژێنەسەر شەقامەكان و دەست بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەكەن، ئەمە ئەو پەند و وانەیەیە كە مێژوو فێرمان دەكات. ڕۆژگار و سەردەمی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد كێشە و كەلێنی خۆی هەبووە، ئەوە بوو چەندین شەڕی كاولكار و جینۆساید، قەیران و تەنگژەی برسێتی و تێیدا چەندین سیاسەتمەداری سەركوتكاری سەریانهەڵدا، بەڵام بە تێكڕا دەتوانین بڵێین سەردەمی گەشە و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی بوو. چونكە لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە ژیان و تەندروستیی ئێمە باشتر بوو، زۆرێك لە ئێمە ئازادی و دەرفەتی زیاتری ژیانمان بەدەست هێنا بە بەراورد بە نەوەكانی پێش خۆمان. بەڵام ڕەنگە بكرێت بڵێین كە ئەم دەرفەتی گەشەكردن و ئاشتییە ڕێژەییە لە سەروبەندی ئەوەدایە كە بەرەو ئاوابوون بچێت. من پێم وانییە سیناریۆی دروستبوون و هاتنەئارای توندوتیژی و نادڵنیایی و ترس ئەگەرێكی دوورەدەست بن. چونكە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە باوەڕبوون بە بەرەوپێشچوون بە چەشنێكی بەرچاو لاواز بووبێت، چیتر خەڵكی باوەڕیان بەوە نەماوە كە مێژوو ئاقار و ئاراستەیەكی هەبێت و پێیان وایە دەكرێت هەموو شتێك ڕووبدات.
* ئێستا ئەگەر پرسیارەكان ورد بكەینەوە بۆ پرسێكی دیاریكراو ئەوا دەمانەوێت بۆچوونی ئێوە بزانین لەبارەی ئەو پرسەی كە پێی دەوترێت داكشان، یان پاشەكشەی دیموكراسی لە جیهاندا، ئایا ئێوە چۆن لە هۆكار و دەرئەنجامەكانی دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ئەو هەل و مەرجەی لە سەرەوە ئاماژەتان پێ كرد، هیچ كاریگەرییەكی هەبووبێت لەم ڕووەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باش و لە هەمان كاتدا پرسیارێكی قورسیشە. لە هەندێ كەیس و حاڵەتدا وا دەردەكەوێت كە بوونی ناسنامەیەكی نەتەوەیی بەهێز بووبێتە هۆی ئەوەی گرتنەبەری دیموكراسی بە پێویست نەزانرێت، چونكە لە سایەی ئەم ناسنامەیەدا هاووڵاتییان لە بەر ڕۆشنایی بیرۆكەیەكی باڵادا هەڵسوكەوت دەكەن كە پێیان وایە مایەی ڕزگاری و سەرفرازییان دەبێت. پێم وایە بەندێكت ئەندێرسۆن، -لە كۆمەڵگە خەیاڵكردەكاندا- یەكەم كەس بوو كە لێكچوون بەدی بكات لە نێوان ناسیۆنالیزم و ئاییندا. دواتر ئاشكرایە كە دیموكراسی بوونی تاكەكەسی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت، لە كاتێكدا ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژیایەكی دەستەجەمعییە. ناكۆكی و ڕاجیایی بە ئاسانی جێی نابێتەوە لە نێو ناسیۆنالیزمدا. جۆرج بوشی كوڕ- سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- و لە دوای هێرشەكانەوە لە ساڵی 2001دا بۆ سەر ئەو وڵاتە بە ئاشكرای ڕایگەیاند، «یان لەگەڵ ئێمەیت، یان لەگەڵ تیرۆریستانیت» بە چەشنی ئەوەی كە لە ئێستادا دەبینین نیو-ناسیۆنالیزم لە جیهاندا بەرهەم و زادەی نائومێدبوونە لە مۆدێرنە و جیهانگەرایی، ئەوا دەكرێت مەیلە دژ بە دیموكراسییەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ هەمان هۆكار. تەنانەت لەو وڵاتانەی كە بە بەردەوام هەڵبژاردنیان تێدا دەكرێت، ئەوا دەنگدەران پێیان وانییە دەنگدانەكەیان جیاوازی دروست بكات. تەنانەت لەو شوێنانەی كە ئازادییەكی تەواوی ڕادەربڕینی تێدا فەراهەم كراوە، ئەوا ڕەخنەگرتن لە حكومەت هیچ كاریگەری و لێكەوتەیەكی نابێت. سەرهەڵدان و هەڵكشانی دەسەڵاتخوازی لە وڵاتە سەرەكییەكانی وەك بەرازیل و هیندستان بە چەشنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سەردەم و سەروەختی دۆناڵد ترەمپدا كاردانەوە بوو لە بەرامبەر ئەم نائومێدییانەدا لە ڕێی پیشاندانی ئەوەی كە بوونی كەسێكی بەهێز دەتوانێت بە چەشنێكی كارا سیاسەت و كارەكان لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئاساییدا بەڕێوە ببات. بۆ ئەوەی ئەمەش سەربگرێت، ئەوا خەڵكی پێویستیان بەوە هەیە كە باوەڕ و متمانەیان بە سەركردەكانیان هەبێت. بەڵام ئەمانە بەس سەركردە نییە، بەڵكو سەركردەیەكی ناسیۆنالیستین و پشت بە تێگەیشتن و لێكدانەوەیەكی تایبەت بە نەتەوە دەبەستن. كەواتە ئەگەر تۆ لە هیندستان بیت و پشتیوانی لە سەرۆكی وڵاتەكە-مۆدی- نەكەیت، ئەوا ڕەنگە گومانی ئەوەت پێ ببەن كە دڵسۆز نیت بۆ وڵاتەكەت. ئەم ئاراستە و ئاقارە زۆر دوورە لەو فرەییەی كە لە چەندین بەشی وڵاتدا و لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی- 1945-ەوە گەشەی كرد و بەرەوپێش چوو. دەكرێت بە پاشەكشە بۆ پراكتیزەكانی پێش دیموكراسی وەسف بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە ناڕەزایەتیی خەڵكی لەبەرامبەر ئەوەی كە جیهانگەرایی بووەتە هۆی خراپتركردنی دۆخی ئەوان و سكاڵایان لە بارەی ئەوەی كە پشتگوێ خراون لە نێو سیستمە جیهانییە ئاڵۆزەكەدا كە كەس ناتوانێت بە تەواوەتی لێی تێبگات، ناڕەزایەتی و سكاڵای شەرعین. بەڵام پەنابردنەبەر سەركردە ناسیۆنالیستییەكان بۆی هەیە بشوبهێنرێت بە ناردنی نامەی ناڕەزایەتی بۆ ناوونیشانێكی هەڵە.
* كەواتە دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین جیهانگەرایی بەرەو لێكترازان و لەبەریەكهەڵوەشان چووە. ئایا سەردەمی پێچەوانەوەبوونەوەی جیهانگەرایی دەستی پێ كردووە؟
- بە داخەوە وەڵامەكە بەڵێ و نەخێرە لە یەك كاتدا. بەڵێ لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە و ئەو تۆڕە سەرونەتەوەییانەی و ئەو هەوڵە هاوكاریئامێزانەی بوونە هۆی ئەوەی جیهان وا لێ بكەن ببێتە یەك كۆمەڵگە، لە ئێستادا لاواز بوون. ئەوەتا ڕێكخراوێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان بووەتە سێبەری ڕابردوو. كەسانێكی كەم گوێیان دەگرت بۆ تێدرۆس گیبریسۆس- بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی- لە سەروەختی پەتای كۆرۆنادا. لە چیندا گۆشەگیرییەكی بەرچاو بەدی دەكرێت، دوورەپەرێزخستنێكی هەڵكشان بەدی دەكرێت لەو وڵاتە ئەفریقییانەی كە بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن، ڕایەڵ و پەیوەندیی نێوان باكووری ئەتڵەسی و جیهانی ئیسلامی كەمتر و لاوازترە بە بەراورد بە چەند ساڵێكی كەم پێش ئێستا. هەموو ئەمانە هەواڵی خراپن لە بەر چەند هۆكارێك. لەلایەكی دیكەوە جیهانگەرایی ئابووری بە ڕەوتێكی خێرا بەردەوامە. لە ئێستادا هێز و دەسەڵات لە دەستی كەسانێكی كەمدا چڕبوونەتەوە بە چەشنێك كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، نایەكسانی لە سەروەت و ساماندا لە هەڵكشاندایە. هەموو ئەم پەرەسەندنانە دەبنە هۆی لەدەستدانی سەربەخۆیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و مەحەلی و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر فرەیی كەلتووری و بایەلۆژی و تێكشكاندنی ژینگە بە چەشنێك كە كەس بەرپرسیارێتییەكەی هەڵناگرێت. كەواتە هەم بەرفراوانبوون و هەم بەرتەسكبوونەوەی جیهانگەرایی- بەو شێوەیەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت- هەواڵێكی خراپە بۆ مرۆڤایەتی و بۆ هەسارەی زەوی. بەدیلەكە ئەوەیە كە ئاراستە و ئاقاری جیهانگەرایی ئابووری كەم بكرێتەوە و سیاسەتیش بە نامەركەزی بكرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت و بوار بڕەخسێت تاوەكو خەڵكی بتوانن خۆیان حوكمڕانیی خۆیان بكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا هانی هاوكاری بدرێت لەسەر ئاستی جیهان.