وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: تا کۆتایی ئەمساڵ هاووڵاتییان دەتوانن سود لە خزمەتگوزاری 5G وەربگرن

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: تا کۆتایی ئەمساڵ هاووڵاتییان دەتوانن سود لە خزمەتگوزاری 5G وەربگرن


بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەی دەکات و ئەمەش دەقەکەیەتی:

هاووڵاتییانی بەڕێزی کوردستان، خزمەتکارتان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سەرپەرشتی بواری گواستنەوە و گواستنەوەی گشتی دەکەین لە کوردستان، هەروەها بواری گەیاندن، هەروەها گەیاندن بۆتۆڕەکانی ئەنتەرنێت و مۆبایل و بە بێ تەل و بە بەتەلەوە و بواری فڕۆکەخانەکان و بواری گەشناسی.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پرۆژەی کارتی زانیاری و لێدانی لەزگە و لۆگۆی ئۆتۆمبێلی تەکسی جێبەجێ کرا، کە لە ئێستادا نزیکەی ٧٥% لە هەولێری پایتەخت و ٧٠% لە دهۆک و ٣٨% لە سلێمانی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ کراوە دوای ئەنجامدانی باگراوند چێکێکی ئەمنی لە پێناو دڵنیابوون لە ئاسایشی هاووڵاتییان وە لە چوارچێوەی دانانی کاری شۆفێری تەکسی لە بواری پیشەیی و ئەمنی.

کارێکی دیکەی گرنگی وەزارەتمان ئەمەیە کە توانیمان خزمەتی ئەنتەرنێت خێراتر بکەین بەڕێژەی ١٠٠% لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ و نرخەکەی هەرزانتر بوو بە ڕێژەی ٢٠% لەلایەن ٧٠%ی کۆمپانیاکانی کاربەڕێکەری ئەنتەرنێت لە کوردستان.

هەروەها هەر لەم بوارەدا ژێرخان دانرا بۆ دەستپێکردن بە خزمەتگوزاری 5G و پێکەشکردنی بە هاووڵاتییان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، و لە کاتی ئێستادا دوو کۆمپانیا لە قۆناغی تێست تەواو بوون و ویەکێکی دیکەشیان بەم چەند مانگەی دادێت دەست پێ دەکات بە کارەکانی خۆی و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار هاووڵاتییانی سەربەزی کوردستان تۆڕی ئەنتەرنێت بە 5G وە بەکار دەهێنن.

وە هەروەها پاکێجی خێزانی بۆهاووڵاتییان پێشکەش کرا کە لە رێگای ئەم پاکێجە هاووڵاتییان دەتوانن دڵنیابن کە منداڵەکانیان تەماشای ماڵپەڕی ناشایستە و دوور لە ئەخلاقی بەرزی کۆمەڵایەتی کوردستان نەکەن، وە هەروەها لە رێگەی پرۆژەی کێبڵی تیشی ئینتەرنێیتی خێرا فایبەر ئۆپتیک گەڕێنراوەتەوە نەک تەنیا شارەکان بەڵگو گەڕێنراوەتەوە گوندەکان و گوندە سنورییەکانی کوردستان وەهەروەها گەیاندنی ئینتەرنێت بە کێبڵی تیشکی بۆ دامودەزگاکانی حکومەت بەشێوەیەکی خێراتر و هەرزانتر رێکخرا.

هەروەها کارێکی دیکەی گرنگ لە کابینەی نۆیەم دا کە لە رووی یاسایی لە وەزارەتمان جێبەجێ کرا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، ئەمەیە کە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی گەیاندن و دانی کۆمپانیای سەرپێچی کار بە دادگا و گەڕاندنەوەی شایستەی دارایی بۆ خەزێنەی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە پابەند نین بەیاسا و ئەم کارە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ٣١ کۆمپانیا دراونەتە دادگا و ١٣ کۆمپانیا پابەندی شایستەی دارایی بوون و ٧ کۆمپانیا داوای یاسایی لە بەرژەوەندی وەزارەت کۆتایی پێهاتووە و ١١ کۆمپانیاش هەڵوەشاوەتەوە و بەهۆی پابەندنەبوونیان بەو هۆیەوە زیاتر لە ٦ ملیار دینار گەڕێندراوەوتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و مانگانە بە سەدان ملیۆن دینار لە خەرجی کەمکراوەتەوە.

سەرپەرشتی کردنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان ئەرکێکی دیکەی وەزارەتمانە و لە دوای هەموارکردنی گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەکان بە ملیۆنەها دۆلار گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حکومەت و پرۆژەی نوێ هەر وەک دەست پێکردن بە رێکارەکانی ئیداری و یاسایی بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆک و دروستکردنی مەدرەجی نوێ بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هەروەها لە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی گرێبەستەکەی تەکسی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی هەولێر بەم نزیکانە نرخی گواستنەوەی تەکسی بۆ فڕۆکەخانەکان هەموار دەکرێت، بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وە هەروەها چەندین پرۆژەی دیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ئامادەکاریدان و کاری چڕیان لەسەر دەکرێت.

کارێکی دیکە وەزارەتمان پرۆژەی هێڵی ئاسنینە کە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیا کاری لەسەر کراوە و گەیشتووە بە قۆناغی کۆتایی رەشنووسی رێکەوتنێک کە بۆ ئەنجامدانی هێڵی ئاسنین لە بەندەری فاو بۆ کوردستان و دواتر لە کوردستانەوە بۆ وڵاتی تورکیا کە دەروازەیەکی گرنگە بەرەو جیهان وەهەروەها لەگەڵ کۆمپانیای تێمبرۆکی بەریتانی لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆداین لەبارەی پرۆژەی هێڵی ئاسنین و هەروەها چەندین کاری دیکە کە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

هەروەها لە پرۆژەی سیتی پاس کە پرۆژەیەکی گرنگی وەزارەتمانە لە بواری رێکخستنی گواستنەوەی گشتی لەنێو شارەکان، کاری لەسەر کراوە و دیزاین و تەندەری تەواو کراوە و ئامادەکاری کراوە بۆ وەبەرهێنان کە پرۆژەیەکی خزمەتگوازی گشتی گرنگ بۆ هاووڵاتییان، کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەڵەباڵغی لەنێو شارەکان و هەروەها هۆیەکی سەرەکی دەبێت به پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی کە زیان بە ژینگە دەگەیێنێت.

 

لە بواری کەشناسیدا کە ئەرکێکی دیکەی وەزارەتمانە تا ساڵی ٢٠٠٣ تەنیا ٦ وێستگەی کەشناسی کلاسیک لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و کەواتە لە ئێستادا ٣٤ وێستگە هەیە کە ٢٧ ئۆتۆماتیکن لەگەڵ ١٠ ئامێری پێوانەی باران و ٩ وێستگەی پێوانی بوومەلەرزە، کە هەموو رۆژێک پێشبینی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو کەشناسی و بومەلەرزە دەکرێت و پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت.

دەستی ماندووبوونی هاوکارانی بەڕێزم فەرمانبەرانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەگوشم، بەبێ ماندووبوونی ئێوەی دڵسۆز و ئێوەی ماندوونەناس، هیچ یەکێک لەو کارانە نەدەهاتە دی لە ساڵیادی سێیەمی کابینەکە ئەوە دووپات دەکەمەوە کە خزمەتکاری هەمووتانم، تاوەکو پێکەوە هەموومان باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی سەربەزی کوردستان پێشکەش بکەین.

Top