ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ی ئەنجومەنی ئاسایش یان تاوتوئ کرد

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ی ئەنجومەنی ئاسایش یان تاوتوئ کرد

لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نێوان د.دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد و د. زیدان خەڵەف راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق - سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون (یونیتاد)، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی لە مەلەفی دادگایی کردنی تیرۆریستان داعش کرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتا رایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند تیمێکی تەکنیکی پێکهێناوە لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لە پرۆسەی رادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن يونيتاد کۆکراونەتەوە، ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداون راستەوخۆی پەیوەندییان بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی داعش و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن.

لە بارەی گرنگی رادەستکردنەوەی بەڵگەنامەکان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: بەپێی ئەم میکانیزمە نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک ئەو بەڵگانەی لە لێکۆڵینەوە تایبەتەکانیاندا دەستیان کەوتووە دەبێت رادەستی دام و دەزگاکانی هەرێم بکرێن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پرۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانەکانیان و دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو سوودیان لێ وەربگیرێت وەک بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بەتایبەتی لە پڕۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش.

لەلایەن خۆیەوە د. زێدان خەلەف سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد رایگەیاند: لە ماوەی رابردوو هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، ئێمە راستەوخۆ بە یونیتادمان راگەیاندووە کە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بکرێت لە رادەستکردنی بەڵگەنامەکان و هەنگاوەکانی داخستنی نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک، لە ئیستادا حکومەتی هەرێم تیمی تەکنیکی پێکهێناوە و لە ماوەی داهاتوودا ئەم تیمانە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت لەلایەن پسپۆڕانی یونیتادەوە هاوشێوەی تیمەکانی بەغدا لەسەر چۆنیەتی ئەرشیف کردن و هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان.

Top