ســـەرۆک بــــارزانی: سوپاسێكى گهرمى گهلى كوردستان دهكهم كه سهرى ئێمهیان بهرز كرد و له ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان پیشانیان دا
هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.
سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا گوتی: "هاتنی ئەو هەموو بەڕێزانە بۆ ئەم کۆڕبەندە، نیشانەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش چووە، نیشانەی ئەوەشە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک، جێگای خۆی کردووەتەوە."
گوتیشی: "ئەم کۆڕبەندە گرنگە، بۆیە هەموو ناوچەکە پێویستی بە ئاشتی و ئاسایشە، ئەزموونی هەموو میللەتان و وڵاتان دەریخست کە بەشەڕ هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت، بەڵکو بە ئاشتی و بە لێکتێگەیشتن و بەڕێز لەیەکتر گرتن، ئەمەیە ڕێگای ڕاست بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکان."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "پێش مانگێک هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، پێشبینی هەموو لایەک ئەوە بوو کە ئەو هەڵبژاردنە ناکرێت، یان ئەگەر بکرێت گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام بە پێویستی ئەزانم سوپاسێکی گەرمی گەلی کوردستان بکەم، سەری ئێمەیان بەرزکردەوە و پیشانیشان دا کە لە کاتی پێویستدا هەست بە بەرپسیارەتی دەکەن."
باسی لەوەش کرد "لەو هەڵبژاردنە لە سەدا 72ـی خەڵک بەشداری کرد، ئەنجامەکانیش ئاشکرا بوون، ئومێدەوارین هەموولایەک هەڵسوکەوت لەگەڵ شەرعییەت بکەن، هەروەها هەنگاوی داهاتوو، دەست بە گفتوگۆ دەکرێن لەنێوان هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان دەست بەکار بێت و هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوا دابێت."
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە "ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە لە کوردستان هەبێت."
سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو سەرژمێرییەی لە سەرتاسەری عێراق کرا، جەخت کراوەتەوە، کە هیچ مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نییە و هیچ کاریگەریشی لەسەر ماددەی 140 نابێت، کە ئەمەش بەرچاو ڕوونیی زۆر دەبێت بۆ حکوومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی پلانەکانی بەشیوەیەکی ڕێک و پێک و زانستنیانە دابڕێژێت لە داهاتوودا."
ڕوونیشی کردەوە "دیموکراسییەت وایە، هەڵبژاردنی هەرێم، سەرژمێری، کەمتر لە ساڵێک بەرەو هەڵبژاردنی فیدراڵیش دەچین، ئومێدەوارین هەڵبژاردنی داهاتووی فیدرالیش، هەڵبژاردنێکی باش بێت و سوود لە ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەربگرن."
ڕاشیگەیاند "مومکین نییە هیچ گرفتێک بە زۆر چارە بکرێت، خۆشبەختانە پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، هاوکاریش هەیە بۆ چارەکردنی هەموو گرفتەکان، ئومێد دەکەین ئەو لێکتێگەیشتنە پەرە بسێنیت، ئەگەر نیەتی باش هەبێت، پێم وایە هیچ گرفتێک نییە چارە نەکرێت."
سەرۆک بارزانی، باسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی کرد و گوتی: "شەڕی لوبنان و غەززە، بەداخەوە ئەو وێنانەی دەبیندرێن زۆر دڵتەزێنن، هەموو لایەکمان نزا دەکەین هەرچی زووترە ئەو شەڕە کۆتایی بێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، نابێت عێراق تووشی ئەو شەڕە ببێت و تێوەبگلێت."
ئاماژەی بەوەش کرد "پێشبینییەکان ئەوەیە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ترەمپ جیاوازی زۆر دەبێت لە ئیدارەی سەرۆک بایدن، ئومێدەوارین خێری بۆ هەموو جیهان ناوچەی ئێمەش تێدا بێت."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت: "تیرۆر تەحەددای گەورەیە، بەڵام بەلای منەوە تەحەددای ئێستا کە لەهەمووی گەورەتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە، کە لەهەمووشی مەترسیدارترە، بەداخەوە ئێستا لای زۆرێک لەوانەی دەسەڵاتیان هەیە دایدەپۆشن، کارخانە دروست دەکرێت بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، ناتوانن هیچی لێ بکەن، بازرگانییەکی ئازادانەی پێدەکرێت، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، ئەمە کوشتنی نەتەوەیەکە، بۆیە ئومێد دەکەم هەموو وڵاتان بەجیددی لەسەر ئەوبابەتە بوەستن و سنوورێک بۆ ئەو شتە دابنرێت پیش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچێت".
سەرۆک بارزانی لە باسی کێشەی نەتەوەی کورد گوتی: "هەموومان دەزانین لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەو دابەشکردنەی سەر لەنوێ لەناوچەکە ئەنجام درا، باوەڕناکەم بەدڵی هیچ نەتەوەیەک بێت، نەکورد، نە عەرەب و نە تورک و نە فارس، بەڵام واقعێک بوو فەرز کرا، بەڵام لێرەدا ستەمی گەورە بە بەر کورد کەوت، 100 ساڵ ئینکاری نەتەوەی کورد کرا. کوردیش 100 ساڵ بەرخودانی کرد، نە ئینکاری هەبوونی کورد سەری گرت، نە کوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمەش پێمان دەڵێت دەبێت دانیشین بیر لە چارەی ئاشتیانە و برایانە و ڕێز لەیەکتر گرتن بکەینەوە."
ڕاشیگەیاند "هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی خۆی بۆ دروست بووە، دۆخی کوردستانی عێراق جیاوازی هەیە لەگەڵ پارچەکانی دیکە، ئێمە خۆشحاڵین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێ کردووەتەوە، لەهەر کوێیەک هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری ئاشتی هەبێت، ئێمە بەهەموو توانایەک پشتگیری دەکەین و لەگەڵی دەبین."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت: "زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەکو کورد لەهەر کوێیەک بین، بەهیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە بدرێت بە تیرۆر، یان پەنا ببەینە بەر تیرۆر، ئەمە خۆکوژییە بۆ نەتەوەکەمان، ئەوەی پێی وابێت بە تیرۆر دەتوانێت خزمەت بە کوردستان بکات، ئەوە خیانەتێکی گەورەیە لە کوردستان دەیکات، پێش ئەوەی خیانەت لە هیچ لایەنێکی دیکە بکات."
جەختیشی کردەوە "ئێمە دەبێت دەستی ئاشتی بۆ هەموویان درێژ بکەین و داوای برایەتی بکەین. پێشم وایە ئێستا زەمینەکە لە جاران زیاتر ئامادەیە، هەروەها لە ئەزموونی خۆم بۆم دەرکەوتووە، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێت، خۆمان ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداکارییەک، کەس ناتوانێت هیچمان بۆ بکات، بۆیە ئەبێت بزانین هەنگاو بۆ کوێ دەنێین."
سەرۆک بارزانی لەگوتارەکەی گوتی: "خاڵێکی دیکەش هەیە، هەر میللەتێک و نەتەوەیەک و ناوچەیەک داب و نەریتی خۆی هەیە، هەندێک پەیوەندی بە ئاین و مەزهەبەوە هەیە، ناکرێت لەدەرەوە ئەوەی لای ئەوان ڕەوا بێت، بێن بڵێن لەسەر خەڵکی دیکەش فەرزی دەکەین، لە کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵکەکەی دیندارە، چ موسڵمان، یان مەسیحی چ ئاینی دیکە. نابێت بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکرێت ئەوەی لای ئەوان ڕەوایە لێرەش پەیرەو بکرێت. دەبێت ڕێز لە هەستی یەکتر بگیرێت، ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان ئامادەنین دەست لە ئاین و مەزهەب و داب ونەریتی خۆمان هەڵبگرین، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە ئێمە رازی بێت."
دەقی وتاری سەرۆک بارزانی؛
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان هەمووتان بەخێربێن سەرچاو
زۆر خۆشحاڵین كە بەشدار دەبین لەگەڵ بەڕێزتان ئەمڕۆ لەم كۆڕبەندە گرنگە و ئومێدەوارم كە وەختێكی خۆش بەسەر ببەن و ئەنجامەكانیشی سوودێكی زۆری هەبێت بۆ هەموو لایەك.
هاتنی ئەم هەموو بەڕێزانە نیشاندەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەرەوپێش چووە و نیشانەی ئەوەشە كە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك جێگەی خۆی كردۆتەوە لەنێو هەموو ئەو زانكۆیانەی جیهان كە جێگەی باوەڕ و پێزانینن، ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.
بەڕێزان ناونیشانی ئەم كۆڕبەندە گرنگە، بۆیە هەموو ناوچەكە ئەمڕۆ پێویستیی بە ئاشتی و ئاسایشە. ئەزموونی هەموو میللەتان و وڵاتان دەریخست كە بە شەڕ هیچ ئەنجامێك بەدەست نایەت، بەڵكوو بە ئاشتی و بە لێكتێگەیشتن و بە ڕێزگرتن لە یەكتری، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان.
بەڕێزان لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجام درا، پێشبینیی هەموو لایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان بكەم، سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیشیان دا كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن لە كاتی پێویستدا، هەڵبژاردنێك كە 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەكانیشی مەعلووم بوون. ئیتر ئێمە ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعیەت بكەن، ئەو شەرعیەتەی كە میللەت داویەتی. هەنگاوی داهاتوو هەر لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر پەرلەمان دەست بەكار بێ و هەنگاوەكانی تریشی بەدوادا بێت. ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە) لە كوردستان هەبێت.
هەروەها بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا.
دیموكراسیەت وایە، ئەمە هەڵبژاردنی هەرێم، ئەمە سەرژمێری، كەمتر لە ساڵێك، بەرەو هەڵبژاردنی فیدڕاڵیش دەچین، ئیتر ئومێدەوارین هەڵبژاردنی داهاتووی فیدڕاڵیی عێراقیش هەڵبژاردنێكی باش بێت و سوود لە ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان وەربگرن.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان، باوەڕێكی تەواومان هەیە بەوەی كە هەموو گرفتەكان بە دیالۆگ و بە لێكتێگەیشتن چارەسەر دەكرێن، مومكین نییە هیچ گرفتێك بە زۆر چارەسەر بكرێن. ئێستا خۆشبەختانە پەیوەندییەكی باش هەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ، هاوكاریش هەیە بۆ چارەسەری هەموو گرفتەكان، ئومێدەوارین كە ئەو لێكتێگەیشتنە پەرە بسێنێت و بەرەو پێشتر بچێت، ئەگەر نیەتی پاك و ئیرادەیەكی بەهێز و ڕاست و دروست بۆ چارەسەری گرفتەكان هەبێت، من پێموایە كە هیچ گرفتێك نییە كە چارەسەر نەكرێت.
ئاڵۆزیی ناوچەكەش بە گشتی، ئەوە دەبینین شەڕی لوبنان و شەڕی غەززە و بەداخەوە ئەو وێنانەی كە دەبیندرێت زۆر دڵتەزێنن، ئەمە ئەوە پیشاندەدات و هەموو لایەك دوعا دەكەین و تەمەننا دەكەین كە هەرچی زووترە ئەو شەڕە كۆتایی بێ و كۆتایی بەو مەئساتە بێت، لە هەموویشی گرنگتر بۆ ئێمە ئەوەیە كە بە هەر قیمەتێك بێت، نابێ عێراق لەو شەڕەدا تووش ببێت یان تێوەبگلێت.
هەمووشمان چاوەڕوانی ئەوەین كە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تازە بۆ ئەمریكا، دونیا بەرەو كوێ دەچێت، هەموو تەوەقوعات ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆكی تازە هەڵبژێردراو بەڕێز ترەمپ جیاوازییەكی زۆری دەبێ لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك بایدن، بەهەرحاڵ ئومێدەوارین هەرچییەك دەبێت، خێری تێدا بێ بۆ جیهان و بۆ ناوچەی ئێمەش.
بەڕێزان تەحەدیات زۆرن، تیرۆر هێشتان تەحەدایەكی گەورەیە، بەڵام بە لای منەوە تەحەدای ئێستا لە هەمووی گەورەتر ئەو بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە كە لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و بەداخەوە ئێستا لە زۆر لای كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی مەوادی هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە. لەبەر ئەوە من تەمەننا دەكەم، هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان، هەرچی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، بە جددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و حەدێك بۆ ئەمە دابنرێ، پێش ئەوەی كە كارەسات لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت.
بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە.
تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین.
زۆریش گرنگە بۆ ئێمە وەكوو كورد لە هەر كوێ بین، بە هیچ شێوەیەك نابێ رێگە بدرێت بە تیرۆر یان پەنا ببەین بۆ تیرۆر، ئەمە ئیمتیحانە بۆ نەتەوەكەمان، ئەوەی ئەم كارە بكات، ئەوەی پێیوابێت بە تیرۆر دەتوانێت خزمەتی كوردستان بكات و نەتەوەی كورد بكات، ئەمە خیانەتێكی گەورەیە لە كوردستان دەكات پێش ئەوەی خیانەت یان دژایەتیی لایەنێكی تر بكات.
ئێمە دەبێ دەستی ئاشتی بۆ هەموویان درێژ بكەین، ئێمە داوای برایەتی بكەین، داوای چارەسەری ئاشتییانە بكەین، من پێموایە ئێستا زەمینە لە هەموو لایەكیش ئامادەیە و زۆر زۆر زیاتر لە جاران.
لە كۆتاییدا، بۆم دەركەوتووە لە تەجروبەی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین.
خاڵێكی تریش هەیە كە بە لای منەوە زۆر گرنگە، هەر میللەت و نەتەوە و ناوچەیەك، دابونەریتی خۆی هەیە، هەندێكی پەیوەندیی بە دین و بە مەزهەبەوە هەیە، ناكرێ لە دەرەوە ئەوەی لای ئەوان رەوا بێت، بڵێن دێین لەسەر خەڵكی تریش فەرز دەكەین. لێرە لە كوردستان، لە هەموو عێراق، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكێكی دیندارە، چ موسوڵمان، چ مەسیحی و چ دیانەتی تر، نابێ بە شێوەیەك تەعامول بكرێ، ئەوەی لای خەڵكێكی تر رەوایە، ئیلا ئێرەش بە هەمان شت قەبووڵی بكەن. دەبێ ئیحترامی مەشاعیری یەكتر بگیرێت و بە هیچ شێوەیەك، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین بۆ ئەوەی كەسێكی تر لە ئێمە رازی بێت.
لە كۆتاییدا جارێكی تر بەخێرهاتنی هەموو بەڕێزان دەكەم، تەمەننا دەكەم كاتێكی خۆش بەرنە سەر، زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخسان.
السلام علیكم