ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتە ١٨٩ ڕۆژنامەنووس
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە کوژراون لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ١٨٩ ڕۆژنامەنووس زیادی کردووە.
باس لەوە کرابوو کە لە ماوەی ڕابردوودا وائیل ئیبراهیم ئەبوقفە ڕۆژنامەنووس و مامۆستای بەشی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە زانکۆی ئیسلامی غەززە لە هێرشەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەست دا.
لەم بەیاننامەیەدا بە ئامانجگرتن و کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە توندی ئیدانە کرا و ئیسرائیل وەک بەرپرسی ئەم تاوانە ناسێندرا.
لەم بەیاننامەیەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا دەکرێت کە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سکاڵا لەسەر تاوانەکانی تۆمار بکرێت و تاوانی جینۆساید و کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی ڕابگرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل