مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیر و ڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.
پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.
دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە ێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالدا دەربڕی.
گوتیشی: "خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە."

