ڕێککەوتننامەی سعودی و مالیزیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەكانی بەرگری

ڕێککەوتننامەی سعودی و مالیزیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەكانی بەرگری

 

وەزیری بەرگریی مالیزیا دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەردوو وڵاتی ڕاگەیاند، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەكانی بەرگری و بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستێكی بەرزتر.

وەزیری بەرگریی مالیزیا « هشامەدین حوسێن »، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی (شەممە) لە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئەو وڵاتە (برناما) بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی و سعودیە ڕێككەوتن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان خۆیان و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستێکی باشتر.

حوسێن ئاماژەی بە گەشتەکەی ئەم دواییەی سعودیە کرد، کە لەگەڵ شازادە « محەمەد بن سەلمان »، و وەزیری بەرگری کۆبووەوە و لە لێدوانەكەدا گوتی: هەردوولا ڕازیبوون بە بەرزکردنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان کوالالامپور و ڕیاز بۆ ئاستی بەرزتر.

وەزیری بەرگریی مالیزیا کە ڕۆژی دووشەممە بۆ هەینی لە سعودیەی بەسەربرد لە سەردانە پێنج ڕۆژییەکەیدا جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆکانی لەگەڵ بن سەلمان سەرنجیان خستە سەر سێ تەوەری سەرەکی  شارەزایی سەربازی و پزیشکی سەربازی و هەواڵگری سەربازی.

بەپێی لێدوانەکەی حوسێن هێزێکی کاری هاوبەش لەنێوان بەرپرسانی گشتی پیشەسازیی  بەرگری سەربازی و بەشی پیشەسازی بەرگری لەوەزارەتی بەرگریی مالیزیا و بۆردی سندوقی هێزە چەکدارەکان پێکدەهێنرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شەراكەتی گونجاو لە پیشەسازی بەرگریدا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top