چنوور تۆفیق: گەورەترین خەونی ژیانم ئەوەیە ئەگەر تەنیا پێنج خولەك تەمەنم مابێت بتوانم بە سەر پێوە بوەستم
چنوور تۆفیق بە هۆی تەقەی خۆشییەوە گوللەیەك بەر پشتی كەوتووە و بەو هۆیەوە قاچەكانی لە دەست داوە، ماوەی زیاتر لە سی ساڵە لەسەر عەرەبانەیە و وەك خۆی باسی كرد لە ژیانی خۆیدا ئازاری زۆری چەشتووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئازارەكان ژیانی لا جوانە و بە ئومێدەوە لە ئاسۆی داهاتووی دەڕوانێت. ئەو خاتوونە وەكو هەر مرۆڤێكی ئاسایی هەموو بەربەستەكانی بڕیوە و توانیویەتی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكات، ئێستا مامۆستای وانەی كۆمپیوتەرە لە قوتابخانەیەكی بنەڕەتی. مامۆستا چنوور لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی چیرۆكی كۆڵنەدانی بۆ خوێنەران دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
چنوور تۆفیق ساڵی 1983 لە دایكبووە و لە ساڵی 1987 بە هۆی تەقەی خۆشییەوە گوللەیەك بەر پشتی كەوتووە و بەو هۆیەوە قاچەكانی لە دەست داوە، لەو كاتەوە تا ئێستا لەسەر عەرەبانەیە، بەڵام پێداگری لەوە دەكات كە هەمیشە ئیرادەی بەهێز بووە و چاوەڕێی دەرفەتێكە هێزی هەستانەوەی پێ ببەخشێت. لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆیشیەوە بەمجۆرە هاتە ئاخافتن: «تەمەنم تەنیا چوار ساڵ بوو كاتێك فیشەكێكی وێڵی تەقەی بەناو خۆشی لە ئاسمانەوە بەر پشتم كەوت و نیوەی جەستەی لە كارخستم، لەو كاتەوە هاوڕێی عەرەبانەكەمم، سەرەتای هاوڕێیەتیم لەگەڵ عەرەبانەكەم زۆر ناخۆش بوو، بەڵام بەپێی رۆژگار لەگەڵی ڕاهاتم، بە هۆی ئەو ڕووداوە تەمەنم 10ساڵ بوو كاتێك چوومە بەر خوێندن، بەڵام لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن یەكەم بووم، بەداخەوە بەهۆی دانیشتنم لەسەر عەربانە فەقەراتی پشتم خواربوو، ئەوەش كاری كردە سەر گەدە و گورچیلەكانم، بۆیە لە پۆلی 11 و12ی زانستی، تەندروستیم زۆر خراپ بوو، زۆربەی ڕۆژ و شەوەكانم لە نەخۆشخانە بووم، بە داخەوە نەمتوانی ئەو دەرەجەیە بهێنم كە خۆم دەمویست و ئەو ئاستەی كە خێزان و مامۆستاكانم لێیان چاوەڕێ دەكردم. ساڵی2006_2007خوێندنم تەواو كرد لە پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر بەشی داتا بەیس، لە 2009بووم بە مامۆستا لە ئەڵلای دامەزرام. تا ئەمساڵ پاش هەوڵێكی زۆر زۆر خۆم نەقڵ كرد بۆ قوتابخانەی كاشما لە گردی سەرچنار لە سلێمانی، ئەویش بە هەوڵی بەڕێوبەرەكە كە بینای قوتابخانەكەی بۆ گونجاندم، بەداخەوە لە هێچ بینایەكی قوتابخانە و تەنانەت پەروەردەش ڕەچاوی هاتوچۆی ئێمەی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نەكراوە، هاوكارییش ناكرێین».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا خێزانەكەت تاچەند هاوكارت بوون؟ گوتی: «تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەم زۆر زۆر هاوكارم بوون، بە تایبەتی دایكم، ئەوان زۆر زۆر ماندوو بوون لەگەڵم لە كاتی هاوتوچۆكردنم بۆ قوتابخانە، تەنانەت هاوڕێكانیشم لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنم هاوكارم بوون».
مامۆستا چنوور دەبارەی گەورەترین خەونی ژیانی دەڵێت: «گەورەترین خەونی ژیانی من ئەوەیە بچمە دەرەوەی وڵات و بە چارەسەركردنی قاچم بگەم، تەنیا ئەگەر پێنج خولەك تەمەنم مابێت لە ژیان، خۆم ببینم بە پێوە وەستاوم».
دواجار پرسیاری ئەوەمان لێكرد ئایا هیچ هەوڵی ئەوەت داوە بۆ چارەسەری سەردانی وڵاتانی ئەوروپا بكەی؟ ئەو گوتی: «بەڵێ پێنج جار هەوڵم داوە هەر پێنج جارەكە رەفزم بۆ هاتۆتەوە لەوەرگرتنی فیزە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە داخەوە، تەنانەت زۆریش هەوڵم داوە لە ڕێگەی بەرپرسانی حكومەت هاوكاری بكرێم و یارمەتیدەرم بن لە وەرگرتنی فیزە بەڵام بە داخەوە تا ئێستا بێ وەڵام بوون لە ئاست داواكەم.»
لە ئێستادا مامۆستا چنوور بێ پەروا چاوەڕێی ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەستێتەوە و لەسەر قاچەكانی خۆی بوەستێت، لەو پێناوەدا بەردەوام لەم شار بۆ ئەو شار و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات گەڕاوە، بۆ چارەیەك كە شیفایەك بۆ قاچەكانی فەراهەم بكات، بۆیە قبووڵی نییە و نایەوێت دەستەوسان بێت، چونكە كچێكی كۆڵنەدەرە و لە گەڕان بە دوای چارەسەریدا بەردەوام دەبێت».