با لە ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی ئۆتیزمدا ئاوڕ لە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بدرێتەوە بۆ ئەوەی تێكەڵی كۆمەڵگە بكرێنەوە

با لە ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی ئۆتیزمدا  ئاوڕ لە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بدرێتەوە بۆ ئەوەی تێكەڵی كۆمەڵگە بكرێنەوە

 

 

 

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هاوكاری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، 2ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم دیاری كردووە. هەر بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ژمارەی ئەوانەی لە جیهاندا ئۆتیزمیان هەیە (70) ملیۆن مەسی تێپەڕاندووە. پسپۆڕانی ئەم بوارە ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕێژەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵكشاندایە و سەرپەرشتیارێكی پەروەردەییش ڕایوایە ناهۆشیاریی مامەڵەی خێزانەكان و بەكارهێنانی زۆری ئای پات و مۆبایل لە لایەن منداڵانەوە تووشبووانی زۆر زۆرتر كردووە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەتەكە دەكەن. گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار هەزار تووشبووی ئۆتیزم هەن، لە كاتێكدا شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن بەشێكی زۆری هاووڵاتیان منداڵە تووشبووەكانیان دەشارنەوە.

دایكی میر وەك خۆی باسی دەكات، كوڕكەی ئۆتیزمی هەیە و بەمجۆرە گوزارشت لە ئازارەكانی خێزانەكەیان دەكات و دەڵێت: «ئەو دایكانەی وەكو من دەناڵێنن بۆ منداڵەكانیان پێیان دەڵێم هەستتان پێ دەكەم كە چەندە ماندوو و هەناسە سارد و دڵ بە خەم و چاو بە فرمێیسكن، بەڵام تكایە هەستنەوە، بە قوەت بن خوای گەورە ئێوەی هەڵبژاردووە ئەو منداڵەی بە ئێوە داوە. تۆی دایك دەتوانی ئاگاداری منداڵەكەت بیت و خاوەن دڵێكی گەورە و ئیرادە و سەبر وتەحەمولێكی بێ وێنەی، ئەو منداڵەی خودا پێی بەخشیوی، تكایە مەگری و خەم لە داهاتووی منداڵەكەت مەخۆ، بیدە دەستی خودای گەورە، فرمێسكەكانت بسڕە و كات بە فیڕۆ مەدە. ئێمەی دایكان منداڵەكانمان پێویستیان پێمانە، دایك لە هەموو كەس زیاتر دەتوانێت یارمەتیی منداڵەكەی بدات و كاتی بۆ تەرخان بكات. دەزانم زور زەحمەتە ئەو قسانە بەتایبەت ئەگەر منداڵی دیكەتان هەبێت و بەرپرسیارێتی ماڵتان لەسەر بێت، بەڵام ئەو منداڵە لە هەمووان زیاتر پێویستی پێمان هەیە». گوتیشی: «بە ڕاستی دەردەسەریمان زۆرە بە دەست ئەو جێگەیانەی ڕاهێنان بە منداڵان دەكەن، بێجگە لەوەی مانگانە پارەیەكی زۆر وەردەگرن بەڵام ئامادە نین هیچ مان فێر بكەن كە چۆن لە ماڵەوە تەدریبی پێ بكەین و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین، جگە لەوانیش بردیتمە كن ئەو كەسانەی ناویان لە خۆیان نایە مودەڕیب بە داخەوە وەزعی منداڵەكە خراپتر دەكەن، باوەڕ بكەن مودەڕیبێك بە لاستیق لە كوڕەكەمی دەدا، بە حیساب تەعدیل سلووكی لەگەڵ دەكات، لە كاتێكدا منداڵەكەم زۆر بێ زەرەرە و بەس حەرەكەی زۆر بوو، ئەوە كە تەعزیبی دەدا، مناقشەم لەگەڵ كرد دەمگوت قبووڵ ناكەم لێی بدەی، دەیگوت دەبی تۆش لە ماڵێ لێی بدەی.

ڕاهێنەرێكی دی دەمبردە لای بە حیساب مەشقی پێ دەكرد، بەس لەسەر كورسی حەپسی دەكرد، هەتا كاتی مەشقی تەواو دەبوو، ڕاهێنەر زۆرن بەڵام بێ ئەزموون و ئیختیساسن، هەروەها معاناتمان لەگەڵ كۆمەڵگە هەیە، زۆر جار بە چاوێكی بێ بەزەیی سەیرمان دەكەن، وەكو بڵێی ئێمە تووشی ئۆتیزممان كردبن، لە هەموو دونیا زانراوە كە ئۆتیزم بۆماوەییە، شاشە و مۆبایل ڕاستە باش نییە منداڵ سەیری بكات، بەڵام مندال تووشی ئۆتیزم ناكات، هەرچەندە ئەو قسەیە زۆر قورسە كە دەیكەم، چونكە منیش دایكێكی ڕوشنبیر و خوێندەوارم، كەچی تاكو ئێستا كەسە نزیكەكانیشمان نازانن منداڵەكەمان تۆتیزمی هەیە. تەنانەت ئەو فەیسبووكەی دامنایە بە ناوی كوڕەكەمە بە ناوی خۆم نییە، لە بەر ئەوە نییە كە من تەقەبولی نەخوشیی منداڵەكەم ناكەم، یان پێم شەرمە، بەخوای بەس لەبەر ئەوەمە دواڕۆژی لە كۆمەڵگە لەو موجتەمعە بی ڕەحمە و نەزانەی كە لێی دەژین، نەفەوتێت، چونكە سبەی ڕوژێ پەنابەخوا كە گەورە بوو، چووە مەكتەب گاڵتەی پی نەكەن و بە شێتە ناوی نەهێنن. بەداخەوە هەمیشە وتوومە كۆمەڵگەكەمان هیچ ڕۆشنبیرییان نییە لە سەر ئۆتیزم. بە خوای من كوڕەكەم بە هەموو دونیا ناگوڕمەوە و شانازیی زۆر زۆریشی پێ دەكەم».

ڕەحمان عەلی پسپۆڕ و شارەزا لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەكان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئۆتیزم یەكێكە لە ئاڵۆزترین حاڵەتەكانی دواكەوتنی ژیری كە كۆمەڵێك كێشە و گرفت بۆ كەسەكە دروست دەكات، لە ڕووی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و زمان و ڕەفتار، لە ساڵی 1943 دەستنیشان كراوە و ساڵ بە ساڵیش گۆڕانكاری بە سەر دەستنیشانكردن و نیشانەكانیدا هاتووە. لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو لە 10 هەزار منداڵ یەكێك تووش دەبوو، بەداخەوە لە ئێستادا ڕێژەكەی هەڵكشاوە و لە 100 منداڵ یەكێكیان ئۆتیزمی دەبێت. لە هەندێك وڵات ڕێژەكەی زۆرترە و دوو كەس تووش دەبن، لە كوردستانیشدا ڕێژەكە زۆرە بەڵام بەداخەوە ئامارێكی فەرمی و وردمان نییە، بەڵام ئەگەری هەیە چوار هەزار منداڵی تووشبوو لە كوردستان هەبن، ساڵانە لە هەموو دونیا ڕۆژێك تەرخان كراوە بۆ هۆشیاریی ئۆتیزم، ئەویش لە پێناو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و خێزان لە ئۆتیزم، تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكانیش هۆشیاری بڵاو دەكرێتەوە كە ڕیز لەو منداڵانە بگیردرێت، چالاكییەكان بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و ڕەنگی شین بژاردەی هۆشیاریی ئۆتیزمە بە حوكمی ئەوەی ڕەنگێكی ئارامبەخشە». ئەوەشی خستە ڕوو كە «ئۆتیزم نیشانەكانی جۆراوجۆرە و نەخۆشییەكە تووشی هەموو چین و توێژێك دەبێت، پێویستە خێزان هەرگیز لە چاكبوونەوەی منداڵەكەیان بێ ئومێد نەبن و هەوڵی لەگەڵ بدەن، جێی باسە كاری كەم بۆ ئەو منداڵانە كراوە، وێڕای بوونی سێ سەنتەری ڕاهێنان و شیاندن كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین، بەداخەوە ڕێژەی سەنتەرەكان كەمن و تەنیا لە سەنتەری شارەكان بوونیان هەیە، تەنانەت گرفتی قوتابخانە و خوێندنیشیان هەیە». گوتیشی: «ساڵانە لە شارەكانی كوردستان لە ژێر دروشمی جیا جیا ئەو یادە دەكرێتەوە و دیاری بە سەر منداڵەكاندا دابەش دەكرێت، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2013 بە دواوە خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەی بۆ نەبڕاوەتەوە، تەنانەت ڕێژەیەكی زۆر كەم لە تووشبووانی ئۆتیزم مووچەیان هەیە، هاوكات تووشبووان لە بارودۆخێكی باشدا نین، بەداخەوە بەهۆی ناهۆشیاریی كۆمەڵگە و خێزان مامەڵەی دروستیان لەگەڵ ناكرێت، زۆرجار منداڵی ئۆتیزم لە ماڵەوە بەستراوەتەوە».

تانیا جەمال سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ تووشبووانی ئۆتیزم لە زیادبووندان، ئەمەش هۆكاری زۆری هەیە، ناهۆشیاریی مامەڵەی خێزانەكان و بەكارهێنانی زۆری ئای پات و مۆبایل لە لایەن منداڵانەوە تووشبووانی بە ئۆتیزم زۆر زۆرتر كردووە، ناهۆشیاری لە پەروەردە و ناسینەوەی نەخۆشییەكەش كارەكەی ئاڵۆزتر كردووە». گوتیشی: «لەگەڵ ئەوەی سەنتەر و ڕاهێنانی زۆر بڵاو بووەتەوە، بەڵام نەك نەتوانراوە چارەسەر بكرێت، بە پێچەوانەوە حاڵەتەكە زۆر زیادی كردووە، ئەوەش هۆكارەكەی ئەوەیە كە حاڵەتی ئۆتیزم ناسینەوە و ڕاهێنان و چارەسەریان لای ئێمە زۆرجار ڕێگە ڕاستەكە ناگرێتە بەر، ئەویش بە هۆی ناشارەزایی و كەم ئەزموونیی كارمەندان و ڕاهێنەران و كەمیی پسپۆڕان لەو بوارەدا وای كردووە، تووشبووان ئاسان دەستیان بە كەسی پسپۆر نەگات، هەندێك جاریش و لە هەندێك سەنتەرەكان هێندەی بیر لە قازانجی ماددی دەكەنەوە، هێندە بیر لە ڕاهێنەری باش ناكەنەوە».

ئەو سەرپەرشتاری پەروەردەییە لە كۆتایی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە «جگە لەوەی ئۆتیزم بابەتێكی نوێیە بۆ ئێمە و تاك و تەرا نەبێت پسپۆری تایبەتمان نییە لەو بوارەدا، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە هەموو ئەوانەی كار لەگەڵ تووشبووانی ئۆتیزمدا دەكەن، كەسی ڕاهێنراو بن و لە بەر دەستی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا ڕاهێنرابن و بەردەوام زانیارییەكانیان نوێ بكرێتەوە».

Top