ئەحمەد ڕێكانی سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ گوڵان: ئەركی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی هەڵبگرن

ئەحمەد ڕێكانی  سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ گوڵان:     ئەركی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی هەڵبگرن

 

ئەحمەد ڕێكانی سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا وێڕای ئەوەی جەختی لەسەر گرنگیی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، چەندین ئاستەنگ و بەربەستیشی لە بەردەم گەشەپێدانی ئەم كەرتە خستە ڕوو، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

* وەكو سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، تاچەند هەوڵەكانی فرەچەشنكردنی ئابووری و ئاراستەكردنی وەبەرهێنەران بەرەو كەرتی پیشەسازی گرنگە و، ئایا دەتوانین بڵێین وەبەرهێنەران ڕوویان لە جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورەی پیشەسازی و ستراتیژیی كردووە؟

- ژینگەو بوونی سامانێكی گەورەی سەر زەوی و ژێر زەوی و دیدگا و كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی و بەڵێنەكانی هاوكاریكردنی وەبەرهێنەران، بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی پیشەسازی بكەن، نەك تەنیا كۆمەڵە هەوڵێكی ئومێدبەخشن بۆ ئەوەی ئابووریی كوردستان فرەجەشن بكرێت و سەرچاوەكانی داهات جۆراوجۆر بكرێن و چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوت و ئەو بڕە بودجە كەمەی بەغدا نەبەستین، بەڵكو كاریگەریی خۆشی هەبووە لەسەر هەڵكشانی كەرتی پیشەسازی و دووبارە بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەك كارگەی جۆراوجۆر. بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار و داهات و ئابووریی كوردستان گرنگن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئابووریی كوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا دوچاری قەیران و گرفتی گەورەی دارایی و ئابووری بووەوە، دەبێت لە خەمی دابینكردنی سەرچاوەی داهاتی بەردەوامدا بین، كە لە هەرسێ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا دەستەبەر دەبێت، ناكرێت ساڵانە پارە و داهاتێكی زۆر بۆ دابینكردنی ئەو هەموو پێداویستییە بچێتە دەرەوەی وڵات و كۆمەڵگەیەكی بەكاربەر و بەكارهێنەرمان دروست كردبێت، لەكاتێكدا ژینگەو كەڵكی ئابووری ئەوە دەسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی لەبارە بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و، لانی كەم دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆراكی و چیمەنتۆ و ئاسن و بەرهەمەكانی شیرەمەنی و هێڵكەو گۆشت. لەم چەند ساڵەی دوایشدا هەوڵەكانی حكومەت و ئاراستەكردنی بزنسكارانی كوردستان بەرەو كەرتی پیشەسازی، لێرە و لەوێ چەند كارگە و كارخانەیەكی پیشەسازیی لێ كەوتووەتەوە، من لێرەدا بەپێویستی دەزانم پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی بەڕێزتان بدەمەوە دەمەوێت باسێكی گرنگترین ئەو فاكتەرانە بكەم كە ڕۆڵیان هەیە لە پێشخستن و گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازیدا و، ئێمەی وەبەرهێنەران بە ڕوونی و بە ئاشكرایی دركیان پێ دەكەین:

1- سەقامگیریی سیاسی و بوونی ژینگەیەكی ئارام بۆ زامنكردنی وەبەرهێنانی پیشەسازیی.

2- كارئاسانی و پاڵپشتیی حكومەت و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بۆ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی.

3-پاڵپشتیی بەرهەمی خۆماڵی، بەتایبەتی بەرامبەر نرخی هەمان كاڵا كە لە وڵاتانی دراوسێ بەرهەم دەهێنرێت.

4- دۆزینەوەی بازاڕ و متمانەپێدان بەوەی وەبەرهێنەكە بە كەمیی خواست، یان نغرۆكردنی بازاڕەكان بەهەمان كاڵاو بەرهەمی بیانی، دوچاری زیان نابێت.

سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشت بەوەی تاچەند وەبەرهێنەران ڕوویان لەم كەرتە كردووە، ئەوا بە تەئكید ئەگەر وەبەرهێن و بزنسنكارانی كوردستان و خودی كەرتەكە لە ڕووی ژمارە و قەبارەوە بەراورد بە كەرتەكانی بازرگانی و خانووبەرە بكەیت، یان بەراوردی هەموو ئەو كاڵاو بەرهەمانەی بیانی بكەین كە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا هەیە، ئەوا ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەكەوێت كە بەرهەمی خۆماڵی بەپێی خواست و ویستی ئێمە نییە.

* باسی پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیت كرد؛ مەبەستت ئەوەیە حكومەت ڕێگە لەهێنانی ئەو بەرهەمە خۆراكی و كاڵایانە بگرێت كە لە ناوخۆی كوردستان بەرهەم دێت، یان لە ڕێگەی زیادكردنی باجەوە نرخەكەی زیاتر بكرێت لە بەرهەمی خۆماڵی؟

- هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕو ماڵوێرانی و پەراوێزخستنی كەرتی پیشەسازییەوە چەندین قۆناغ لەدوای وڵاتانی بیانی و تەنانەت هەردوو وڵاتی ئێران و توركیاوەیە، پلان و بەرنامەی ئەو وڵاتانە بۆ پەرەپێدانی ئابووری و گرنگیدان بە پیشەسازی و كەمیی تێچوونی بەرهەم، كۆمەڵە هۆكارێكن بۆ ئەوەی لە زۆر بواردا بەرهەمی ناوخۆ توانای كێبڕكێی بەرهەمی بیانیی نەبێت، چ لە ڕووی جۆرەوە بێت، یان لە ڕووی چەندایەتییەوە، لەوڵاتێكی وەكو توركیا ئەگەر وەبەرهێنێك كارگەیەك دابنێت، حكومەت 75%ی ئاسانكاریی بانكیان پێ دەدات و، وەبەرهێنەكە ئەگەر تەنیا لە 25% ی پارەی لە بەردەستدا بێت، دەتوانێت كارگەكە دابمەزرێنێت، لە ئێران نرخی كارەبا و ڕێژەی باج و ڕسوماتی بۆ كەمكردووەتەوە، تەنانەت ئەگەر وەبەرهێن كاڵاكەی، یان بەرهەمەكەی بباتە دەرەوە، هاوكاری و پاڵپشتییەكی گەورەی دەكرێت، چونكە هەناردەكردنی كاڵا و بەرهەمی ناوخۆ لە وڵاتان دەچێتە چوارچێوەی پرۆژەی نیشتمانی و بەهێزكردنی دراوەكەیان و، دواتر بەهێزبوونی پێگەی ئابووریی ئەو وڵاتانە لە ناوچەكەو جیهاندا، ئەمە وێڕای ئەوەی زامنی بەدەستهێنان و بەردەوامیی هەلێكی كاری زۆر بۆ گەنجەكانیان دەكات.

* وێڕای قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی تاچەند گرنگ بوو، ئایا دەتوانین بڵێین گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی چووەتە سەر ڕێگای ڕاست و دروستی خۆی؟

- لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا وێڕای قەیرانی كۆرۆنا و دارایی، بەڵام هاتنە پێشەوەی زمانی دیالۆك و لێكتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەكان و لە نێوان هەرێم و بەغدا، دۆخێكی ئارام و متمانە و ئومێد لای خەڵك و بازرگان و بزنسكار و وەبەرهێنەران دروست كردووە، ئەو سەقامگیرییە بۆ جووڵەی بازاڕ و دەركەوتنی دامەزراندنی چەند كارگەیەك گرنگ بوو، وەبەرهێنەرانیش دووبارە ڕوویان لە پرۆژەكانیان كردەوە و دەستیان بە تەواوكردن و جێبەجێكردنی زۆر لە پرۆژەكان كردەوە، ئەمە وێڕای هاتنی چەند وەبەرهێنەرێكی عێراقی و عەرەبی و بیانی. بەشێوەیەكی گشتی هەموو نیشانەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن، كە دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت و بازاڕ و كار و پرۆژەكانی وەبەرهێنەران بووژانەوەیەكی باش بەخۆوە ببینێت.

* لە ئێستادا ئەو گلەیی و ڕەخنانەی پیشەسازیكارانی كوردستان هەیانە، زیاتر لە چ بوارێكدایە؟

- وەبەرهێنەرانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی كەرتی پیشەسازیش دەكەن، بەردەوام داواكاری و پێداویستییەكانی ئەم توێژەیان بەرز كردووەتەوەو، لە دیدار و گفتوگۆكانیشماندا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەكان و دەستەی وەبەرهێنەران، باسی ئەم داواكارییانەمان كردووە كە لە گرانیی نرخی كارەبا و ڕسوماتەكانی شارەوانی و باج و خزمەتگوزارییە بانكییەكاندا خۆی دەبینێتەوە، بڕیاری دامەزراندنی نزیكەی (12) ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان، جێگای دڵخۆشی و ئومێدێكی زۆرە، بەڵام كاروبارەكانی دامەزراندنی ئەم ناوچە پیشەسازییانە وێڕای ئەوەی بە خاوی بەڕێوە دەچێت، كە ناكرێت پرۆژەیەكی وا گرنگی ستراتیژی و ئابووری بەم شێوەیە كاری لەسەر بكرێت، ئەو ناوچە پیشەسازییانەشی كە لە كوردستاندا هەیە، بەپێی پێویست خزمەتگوزاریی بۆ ناچێت، لە ئێستادا كارگەی گەورەمان لە بواری بلاستیك و ئاسن و ستیلدا هەیە، كەچی توانای ڕاكێشانی كارەبامان نییە، چەندین كارگەی بیناسازیی و كۆگای گەورەمان هەیە كە چەندین ساڵە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، كەچی ڕێگاوبان و كارەبا و ئاوەڕۆی بەپێی پێویست نییە، بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە پیشەسازییەكان، ئێمە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەكانی كارەبا و شارەوانی و بازرگانی و پیشەسازی، چەندین كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە.

* گرنگترین ئەو كارگە و كارخانانەی لە هەرێمی كوردستاندا دامەزراون لە چ بوارێكدایە؛ ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران لە زۆر بواری دیكەشدا كار و پرۆژەی گەورەی پیشەسازی ئەنجام بدەن؟

- هەرێمی كوردستان بە كارگە گەورەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و پرۆژەكانی پەلەوەر و هێلكە و خشت و پلاستیك بەناوبانگە، ئەمە وێڕای بوونی چەند پاڵاوتگەیەكی گەورەی نەوت و گازی سرووشتی، لەسەر ئاستی كارگەكانی مامناوەندیش چەندین كارگەی ئەلەمنیۆم و پلاستیك و خۆراك و ئارد و پیشەسازیی دیكەی كشتوكاڵی و خۆراكی و كەرەستەی بیناسازی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرەكانی كەرتی پیشەسازیدا، چ لە یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بێت، یان لە ڕێگەی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانەوە بێت، كار بۆ پاراستن و بەردەوامیی ئەم بەرهەمانە بكەن.

* لە سەرەتای قسەكانتدا باسی گرنگیی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستانت كرد، ئایا ئەو كاڵاو بەرهەمانەی كە لە ناوخۆی كوردستاندا هەیە، تاچەند لە بازاڕەكانی عێراق و دەوروبەر ڕەواجیان هەیە؟

- دوا ئامانجی هەموو پرۆژەیەكی بەرهەمهێن ساخكردنەوەی بەرهەمەكەیەتی، لە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان بێت، یان لە شارەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكەو جیهانیشدا بێت، ئێمە لە بواری چیمەنتۆ و ئاسن و چەندین پرۆژەی دیكەی پیشەسازیی كشتوكاڵی و ناوخۆییدا توانیومانە خواستی ناوخۆی كوردستان پڕ بكەینەوەو، لە زۆر بواردا بەرهەمەكانمان لە بازاڕەكانی عێراقیشدا ساخ دەبێتەوە، بەڵام بەرهەمی كوردستان لە بازاڕەكانی ئێران و توركیا ناتوانێت لە ڕووی نرخەوە كێبڕكێی بەرهەمی ئەو وڵاتانە بكات و، ئەو وڵاتانەش ئاستەنگی گواستنەوە و گومرگی و باج لەسەر بەرهەمی بیانی دادەنێن، بۆیە بازاڕەكانی عێراق بۆ ئێمەی وەبەرهێنەران لە كەرتی پیشەسازی زۆر گرنگە.

* ئەم بارودۆخەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا و گرانبوونی نرخی خۆراك لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانییەوە، تاچەند هاندەر دەبێت بۆ دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراكی لە هەرێمی كوردستان؟

- كۆڕۆنا و شەڕی نێوان ڕووسیاو ئۆكرانیا و گرانبوونی بەهای نەوتی خاو، كۆمەڵێك هۆكاری گرانبوونی نرخی خۆراكن، چونكە تێچوونی بەرهەمهێنانی كارگەكان لەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری نەوت نین، ڕوو لە هەڵكشانە و تێچوونی گواستنەوەشی گرانتر بووە، ئێستا باشترین كاتە كە ڕوو بكەینە بەرهەمهێنانی ئەو خۆراكانەی كە كەرەستەخاوەكەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، یان دەتوانرێت لێرە بەرهەم بهێنرێت، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی و هاوكاریی حكومەت هەیە، بەتایبەتی هاوكاریی لایەنە پەیوەندارەكانی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و شارەوانی و كارەبا و، تەنانەت وەزارەتی داراییش. كاتی ئەوە هاتووە وەبەرهێنە گەورەكان لە ڕێگەی ئاسانكاریی قەرزی درێژخایەنی پیشەسازییەوە هاوكاری بكرێن، یاساو ڕێساكان هەمواربكرێنەوە بۆ كەرتی پیشەسازی، من لەگەڵ زۆر وەبەرهێنی تایبەت بەكارگەی شیرەمەنی و شیرنەمەنی و مۆتەو ئاسكریم و ماست و بەرهەمەكانی دیكە گفتوگۆم كردووە، ئەوان ناتوانن لە قۆناغی سەرەتادا كێبركێی بەرهەمی وڵاتانی توركیا و ئێران بكەن، ئەگەر پاڵپشتی و هاوكاریی نەكرێن، چەندین وەبەرهێنمان هەیە ڕووی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كردووە، ناكرێت تادێت باج و ڕسومات قورستر بكرێت و خزمەتگوزارییەكان لاواز بن و ڕسوماتی كارەبا و شارەوانی دوو هێندەی عێراق بێت و، چاوەڕوانی بەردەوامی و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بكەین.

 

Top