دكتۆر بێوار خنسی ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گوڵان: هه‌رێمی كوردستان به‌دیلی گازی سرووشتیی هیچ وڵاتێك نییه
دكتۆر بێوار خنسی ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دیداره‌یدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی گازی سرووشتیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیی عێراق جگه له‌وه‌ی به ناده‌ستووری و نایاسایی داده‌نێت، هاوكات ڕای وایه له ڕووی پراكتیكییه‌وه جێبه‌جێ ناكرێت. لێره‌دا ده‌قی وته‌كانی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
• وه‌كو پسپۆڕ و شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت و كانزاكان ئایا چۆن ده‌ڕوانیته بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیی عێراق دژ به یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان؟
- دادگای فیدڕاڵی عێراق له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا ده‌ستی برد بۆ ده‌ركردنی بڕیارێكی ناده‌ستووری و نایاسایی، كه ئه‌ویش یاسای نه‌وت و گازی كوردستان بوو. لای هه‌مووان ئاشكرایه ململانێیه‌كی سیاسی و مه‌زهه‌بی له عێراقدا دروست بووه و ئاسته‌نگی له به‌رده‌م پێكهێنان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێی عێراق دروست كردووه، ئامانج له بڕیاره‌كه‌ش دژایه‌تیكردنی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه سه‌رۆك بارزانی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیییه‌كان كارى جددى بۆ كردووه، به‌ڵام ده‌ستی وڵاتانی دراوسێ و ئه‌جنده‌ی ده‌ره‌كی به‌رده‌وام ئاڵۆزی و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌وڵانه داده‌نێت، یه‌كێك له ئامانجه‌كانی جووڵاندنی بڕیارێك كه له سكاڵایه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و 10 ساڵ به سه‌ریدا تێپه‌ڕ بووه، تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه دروستبوونی دادگای فیدڕاڵیی عێراق به‌پێی مادده‌ی 111ی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته حه‌سرییه‌كانی دیاری كردووه و ته‌نانه‌ت له مادده‌ی 115ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، كه ئه‌گه‌ر ناكۆكی له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق و حكومه‌ته هه‌رێمییه‌كان دروست بوو، ئه‌وا پێشینه بۆ یاسای هه‌رێمه‌كه‌یه، ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه هیچ جیاوازییه‌كی له نێوان كێڵگه نوێیه‌كان و كێڵگه كۆنه‌كانی نه‌وتی نه‌كردووه، له‌مه‌شدا یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان پێشینه‌ی ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه و دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆى نییه ده‌ست بۆ مادده‌یه‌كی ده‌ستووری ببات و به ئاره‌زووی خۆی ئیجتیهاداتی تێدا بكات. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه هیچ حیسابێكی بۆ ئه‌و هه‌موو گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتنانه نه‌كردووه. باشه كێ كێڵگه نه‌وتییه‌كان به‌ڕێوه‌ببات و بیپارێزێت له‌و هه‌موو ناوچه دووره ده‌ست و شاخاوی و ده‌شت و ده‌ره؟ هه‌ر خۆی له خۆیدا دادگاكه به ڕێگای مه‌زهه‌بی و پێكهاته‌كان دروست بووه و ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه له كاتی دروستبوونی ته‌نگژه‌كان بارودۆخه‌كه هێور بكاته‌وه و ڕێگا نه‌دات لێكترازانی سیاسی ڕوو بدات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه من پێم وایه دادگاكه له كاتێكدا بڕیاری دا كه ململانێیه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر گاز له ئاستی ناوچه‌كه و جیهان هه‌یه.
• ململانێی جیهان و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر گازی سرووشتی به‌تایبه‌تی دوای هێرشه‌كانی ڕووسیا له‌سه‌ر ئۆكرانیا و ڕاوه‌ستانی پڕۆژه‌ی هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتیی ڕووسیا بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر گازی سرووشتیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت؟ ئایا ده‌ركردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی له‌م كاته‌دا بۆ ئه‌م هۆكاره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- پێش هێرشه‌كه‌ی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌سه‌ر ڕووسیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه، داخوازی له‌سه‌ر گازی سرووشتی له جیهاندا به ڕێژه‌ی له سه‌رووی 6% زیاد بووه و ململانێیه‌كی شاراوه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر گازی سرووشتی هه‌بووه، ئه‌مه له كاتێكدا گازی سرووشتی20%ی وزه‌ی جیهان پێك ده‌هێنێت و به وزه‌یه‌كی پاك و تێچوونی كه‌متر داده‌نرێت، گازی سرووشتیى وڵاتانی كه‌مه‌ره‌ی كه‌نداو و ده‌ریای قه‌زوین و ڕووسیا و باكووری ئه‌فریقیا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گازی سرووشتیی جیهان پێك ده‌هێنێت. بوونی هه‌ر شه‌ڕ و ململانێیه‌كی سیاسی له‌م ناوچه‌یه‌دا كاریگه‌ری نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌ڵكشانی نرخی وزه ده‌بێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خشه و سیاسه‌تی وڵاتانیش ده‌بێت. له ئێستادا شه‌ڕ له نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستی پێ كردووه و وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپا پێویستییه‌كی له ڕادده‌به‌ده‌ریان به گازی سرووشتیی ڕووسیا هه‌یه و ناچاریشن ده‌ستبه‌رداری هێنانی گازی ئه‌و وڵاته بن، كه‌واته بارگرژی و ئاڵۆزییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی گازی سرووشتی زۆرتر ده‌بێت و ناچار وڵاتانی ڕۆژئاوا به دوای به‌دیلی ئه‌و گازه‌ی ڕووسیادا ده‌گه‌ڕێن، چونكه ڕه‌نگه شه‌ڕه‌كه زۆر نه‌خایه‌نێت، به‌ڵام شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانی زۆر زیاتر ده‌خایه‌نێت، له ئێستاشدا وڵاتانی قه‌ته‌ر و جه‌زائیر و ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی دیكه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و سووریا و توركیا و قوبرس و عێراق و میسر ده‌كه‌ونه ناو ئه‌و ململانێ و كێبڕكێیانه‌ی كه له دوای ئه‌م شه‌ڕه له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی گازی سرووشتی زیاتر ده‌بێت و هه‌ریه‌ك هه‌وڵ ده‌دات به ڕێگای بۆری گاز ڕه‌وانه‌ی ئه‌وروپا بكات، له رێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه بێت، یان ببێته ترانزێت و سوودی بۆ ئه‌ویش هه‌بێت. ئه‌مجاره ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی بۆ نه‌وت و ئه‌مجاره‌ش بۆ گازی سرووشتی هاته پێش دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆر گه‌وره‌ی گازی سرووشتییه و باس له بوونی 40 ملیار به‌رمیل نه‌وتی خاوى یه‌ده‌گ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها باس له 5.7 تریلیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ی گازی سرووشتی ده‌كرێت، نابێت ئه‌وه‌شمان له یاد بچێت وڵاتێكی وه‌كو توركیا كه ساڵانه زیاتر له 30 ملیار دۆلار گازی سرووشتی هه‌نارده ده‌كات له ڕێگه‌ی بۆرییه‌كانی وڵاتی ڕووسیا و ئازه‌ربایجان و ئێران و قه‌ته‌ر و جه‌زائیر له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانی هێنانی گازی سرووشتیی ئێران بۆ وڵاتی توركیا و ئه‌گه‌ری ڕاوه‌ستانی ته‌واوه‌تی هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتیی ڕووسیا له توركیاوه و هه‌ندێك ڕاپۆرتیش بڵاوكرایه‌وه، گوایه ئیسرائیل خوازیاره له ڕێگه‌ی قوبرس و یونان و ئه‌وروپاوه گازی سرووشتی بگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ش به دڵی توركیا نییه، له ئێستادا هه‌رێمی كوردستان كه پێگه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان هه‌یه و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ زۆر له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیش هه‌یه، ئارام و سه‌قامگیرشه و تیرۆر و ململانێی توندی سیاسی تێدا نییه، ئه‌مانه هه‌مووی فاكته‌ری باشن بۆ سوودوه‌رگرتن له‌نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی كه گازێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به تێچوونێكی كه‌متر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌رێمی كوردستان خۆی نه‌كردووه به دیلی هیچ هێزو ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌كه و تێكه‌ڵ به‌و ململانێ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی نه‌وت و گازی سروشتی نابێت كه له ئێستادا له نێوان زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان سه‌ری هه‌ڵداوه، واته هه‌رێمی كوردستان به‌دیلی گازی سرووشتیی ڕووسیا و ئێران و ئیسرائیل و توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه فاكته‌ری هێمنی و سه‌قامگیریی قه‌یرانی نه‌وت و گازی جیهانه. یه‌كێك له هۆكاره‌كه‌ی دژایه‌تیكردنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ نه‌وت و گازی سرووشتیی كوردستان بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه داتا و زانیارییه‌كان له پاڵ ململانێ سیاسییه‌كان باس له دروستكردنی ئاسته‌نگ له به‌رده‌م هاوپه‌یمانێتی پارتی و سه‌در و سوننه‌كان ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ش ئه‌وه‌یه دادگای فیدڕاڵیی عێراق له‌م سات و كاته هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌دا بڕیارێكی وا به‌په‌له و ناده‌ستووری ده‌ركرد، بۆئه‌وه‌ى ڕێگا نه‌دات هه‌رێمێك له ناو عێراقدا ده‌ربكه‌وێت و ببێته به‌دیل بۆ هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتی و ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی سوود له‌و داهات و وه‌رچه‌رخانه وه‌ربگرن كه دواجار پێشكه‌وتنی هه‌موو عێراقه، چونكه له ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ‌دا هه‌ر هه‌رێم و پارێزگایه‌ك پێش بكه‌وێت، كاریگه‌ریی باشی له سه‌ر هه‌موو وڵاته فیدڕاڵییه‌كه و ئابوورییه‌كه‌شی ده‌بێت.
• له ڕووی ده‌ستوورییه‌وه به‌و پێیه‌ی یاسای نه‌وت و گازی سرووشتیی عێراق ده‌رنه‌چووه، ئایا پێشینه بۆ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان نییه، له كاتێكدا نه‌وت و گازی عێراق زۆر به لاوازی و ناشه‌فافییه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت و نغرۆی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و موحاسه‌سه‌ی سیاسی بووه؟
- له ساڵی 2007 ڕه‌شنووسێك بۆ یاسای نه‌وت و گازی عێراق هاته نووسین، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌ركردن و په‌سه‌ندكردنی ئه‌م یاسایه له‌بار برا، كه ده‌توانرا ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی سرووشتی پێك بهێنرێت كه به‌رزترین دامه‌زراوه ده‌بوو له عێراقدا و به وه‌زاره‌تی نه‌وت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش نه‌ده‌به‌سترایه‌وه، بۆ سیاسه‌تی نه‌وت و گاز و به‌ڕێوه‌بردنی دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی نوێی نه‌وت و گاز و ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی له‌لایه‌ن هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان زۆر گرنگ بوو. نه‌وه‌كو تا ئێستا وڵاتێكی فیدڕاڵی به سیاسه‌ت و یاساكانی كۆنی ڕژێمی به‌عس مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكان بكرێت به‌پێی یاساكانی ساڵی 1976 و 1985، له كاتێكدا پێویست بوو په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و دوو یاسایه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، باشه به‌پێی ده‌ستوور و یاساكانی نوێی عێراق ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی یاساییه و مافی ئیدرای و سیاسی هه‌یه و هه‌ر بڕیارێك له كوردستان ده‌ربچێت و له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، بۆ هیچ جێگایه‌ك نییه هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه. هه‌ر خۆی له خۆیدا له به‌ر ئه‌م هۆكارانه دادگای فیدڕاڵی ئه‌و هه‌موو سه‌رنج و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی ده‌ركردووه كه ده‌زانێت بڕیاره‌كه‌ی ئیجتیهاداتی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و پاساوی بۆ ده‌دۆزێته‌وه، باشه له كوێی دونیا هه‌یه تۆ 15 ساڵ یاسایه‌ك جێبه‌جێ بكه‌یت و 12 ساڵ سكاڵایه‌ك له سه‌ر هه‌رێم به ئامانجی سیاسی و له ناو چوارچێوه‌ی ململانێ درابێت، تۆ ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه بڕیاری له‌سه‌ر بده‌یت، یان پاساو و چیرۆكی جۆراوجۆر بۆ بڕیاره‌كه‌ت بهێنیته‌وه؟ سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ری دووه‌می پرسیاره‌كه؛ به‌ڵێ، نه‌وت و گازی سرووشتیی عێراق زۆر به خراپی به‌ڕێوه‌ده‌برێت، ئه‌مه قسه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و چاودێری و دامه‌زراوه‌كانی عێراقه به په‌رله‌مانیشه‌وه كه به‌رهه‌مێكی زۆری نه‌وت و داهاتێكی زۆر هه‌یه، به‌ڵام به گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و عێراق به‌رده‌وام بودجه‌كه‌ی دووچاری كورتهێنان بووه. ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕێگه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له به‌سره زۆر خراپ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و هیچ داتا و زانیارییه‌كی پێشكه‌وتووی سیسته‌ماتیك نییه بۆ تۆماركردنی قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و تا ئێستا شێوازی مه‌سته‌ره به‌كار ده‌هێنرێت كه ڕۆژانه200- 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دیار نامێنێت له نه‌وتی كه‌ركووك و مادده‌ی 140 نه‌وتێكی زۆر له رێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه ده‌دزرێت و میلیشیاى چه‌كداری وا هه‌یه ده‌ستی به سه‌ر كێڵگه‌ی نه‌وتدا گرتووه ڕۆژێك دادگای فیدڕاڵی عێراقمان نه‌بینی بچێت بڵێت ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و به‌فیڕۆدانه‌ی نه‌وت و سامانی عێراق چییه؟ هه‌ر ئه‌م میلیشیات و سیاتمه‌دارانه‌ن ناخوازن یاسای نه‌وت و گاز له عێراق ده‌ربچێت، خۆ تازه ئه‌م یاسایه‌ش له په‌رله‌مان ده‌ربچێت و له ژێر قوبه‌ی مه‌زهه‌بی و ده‌ستێوه‌ردان و شۆڤێنییه‌وه بێت و به لێكتێگه‌یشتن و دانوستاندن نه‌بێت، ئه‌ویش یاسایه‌كی خراپ و مه‌ركه‌زی ده‌رده‌كه‌ن و ڕه‌نگه به زیانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته بكرێت.
• تازه بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى ده‌رچووه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌تی كرده‌وه و داوا ده‌كات به دانوستان و گفتوگۆ له نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت ئه‌م دۆسێیه چاره‌سه‌ر بكرێت، وه‌كو ئابووریناس و شاره‌زایه‌كی نه‌وت و گازی كوردستان ڕات وایه هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كان چییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره ناكۆكیى زیاتری لێ نه‌كه‌وێته‌وه؟
- سه‌ره‌تا ده‌بێت سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستوور بپارێزن و نه‌هێڵن مه‌سه‌له‌ی سیاسی و ئه‌جنده و مه‌رامی دژ به عێراقییه‌كان به‌كاربهێنرێت، ڕێگا نه‌ده‌ن بڕیارێكی ناده‌ستووری و نایاسایی لێكترازانی سیاسی لێ دروست بێت و ئاڵۆزی له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستانی لێ بكه‌وێته‌وه، ئه‌وجا وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی یاسایییه‌وه تانه له‌و بڕیاره بده‌ین و خاڵه لاواز و ناده‌ستووری و نایاساییه‌كه هه‌مووی ده‌ستنیشان بكه‌ین و به گفتوگۆ و دانوستاندن ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ناكرێت سه‌دان ملیار دۆلار خه‌رج بكرێت و به ملیۆنه‌ها دۆلار گرێبه‌ست كرابێت، تۆ بێت و به ئاره‌زووی خۆت داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بكه‌یت. سه‌رۆك بارزانی ڕێگایه‌كی باشی بۆ هه‌ر دوو حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق ده‌ستنیشان كرد، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دانوستاندن و گفتوگۆیه و ده‌بێت ئێمه لێژنه‌یه‌كی زۆر پسپۆر‌و شاره‌زا له ڕووی یاسا و نه‌وت و گازی سرووشتی و گرێبه‌سته‌كانه‌وه ئاماده بكه‌ین و پشكدار بكرێن بۆ دیاریكردنی خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزی ئێمه و داوا بكرێت دادگای فیدڕاڵی هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی ڕاست بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر دوژمنانی كورد و كوردستان ئه‌مه‌یان بۆ بچێته سه‌ر، سبه‌ی ده‌یان بڕیاری دیكه‌ی زاڵمانه و نادادپه‌روه‌رانه دژی هه‌رێم و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌ن، ده‌بێت كار بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و دادگایه بكه‌ین و كورد كاره‌كانی له‌گه‌ڵیدا ته‌جمید بكات و ئه‌ندامه كورده‌كانی بكشێنێته‌وه و دادگایه‌كی فیدڕاڵی نوێ كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات دابمه‌زرێت و له چوارچێوه‌ی یاسایی كار بكات، نه‌وه‌كو ببێته به‌شێك له ململانێی سیاسی و ئاڵۆزییه‌كانی مه‌زهه‌بی، ئێ باشه یه‌كێك له كاره‌كانی ئه‌م دادگایه ئه‌وه‌یه كه له كاتی بوونی ناكۆكی له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكان بارودۆخه‌كه هێور بكاته‌وه و چاره‌سه‌ری گونجاو بدۆزێته‌وه، نه‌وه‌كو ببێته هۆى زیاتر ئاڵۆزبوونی كێشه‌كان و لێكترازانی زیاتر و زیانگه‌یاندن به ئابووری و داهاتی هه‌رێمی كوردستان، به‌وه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان دوودڵ بكه‌ن له وه‌به‌رهێنان له كێڵگه نه‌وتی و گازییه‌كان كه هه‌موو ئه‌و كۆمپانیانه له دوای ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان هاتوونه‌ته هه‌رێم و وه‌به‌رهێنانیان كردووه. خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان قبووڵ ناكات، هه‌رێم وه‌ك پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق لێ بكه‌ن، كه خزمه‌تگوزارییان زۆر لاوازه. له‌مه‌ش گرنگتر هێشتا دڕه‌نگ نییه به‌وه‌ی كه‌رتی نه‌وت و گاز له هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كاڵایه‌كی پیشه‌سازی و بازرگانی ببه‌ین، هه‌روه‌كو چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قبووڵ ناكات، نه‌وت و گاز وه‌كو كاڵایه‌كی سیاسی و گه‌مه‌یه‌كی سیاسی به‌كاربهێنرێت و به‌هاكه‌ی به‌رز بكرێته‌وه، هه‌رواش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وت و گازی سرووشتیى كوردستان ده‌كات و نابێت بهێڵین كوردستان له هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی وزه، له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نابه‌رپرس و هاندراو به ئه‌جنده و مه‌رامی سیاسی زیان به هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بگه‌یه‌نن، ئه‌ركی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه نه‌وت و گازی سرووشتی بۆ پیشه‌سازیی پترۆكیمیاوی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و پێداویستیی كارگه و ماڵه‌كان به‌كاربهێنرێت.
سپۆت:
هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری هێمنی و سه‌قامگیریی قه‌یرانی نه‌وت و گازی جیهانه
ململانێیه‌كی سیاسی و مه‌زهه‌بی له عێراقدا دروست بووه و ئاسته‌نگی له به‌رده‌م پێكهێنان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێی عێراق دروست كردووه
یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان پێشینه‌ی ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه و دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆى نییه ده‌ست بۆ مادده‌یه‌كی ده‌ستووری ببات و به ئاره‌زووی خۆی ئیجتیهاداتی تێدا بكات
ده‌توانرا ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی سرووشتی پێك بهێنرێت كه به‌رزترین دامه‌زراوه ده‌بوو له عێراقدا و به وه‌زاره‌تی نه‌وت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش نه‌ده‌به‌سترایه‌وه
ده‌ستوور و یاساكانی نوێی عێراق ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی یاساییه و مافی ئیدرای و سیاسی هه‌یه و هه‌ر بڕیارێك له كوردستان ده‌ربچێت و له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، بۆ هیچ جێگایه‌ك نییه هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه
میلیشیاى چه‌كداری وا هه‌یه ده‌ستی به سه‌ر كێڵگه‌ی نه‌وتدا گرتووه ڕۆژێك دادگای فیدڕاڵی عێراقمان نه‌بینی بچێت بڵێت ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و به‌فیڕۆدانه‌ی نه‌وت و سامانی عێراق چییه؟
ده‌بێت سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستوور بپارێزن و نه‌هێڵن مه‌سه‌له‌ی سیاسی و ئه‌جنده و مه‌رامی دژ به عێراقییه‌كان به‌كاربهێنرێت
ده‌بێت ئێمه لێژنه‌یه‌كی زۆر پسپۆر‌و شاره‌زا له ڕووی یاسا و نه‌وت و گازی سرووشتی و گرێبه‌سته‌كانه‌وه ئاماده بكه‌ین و پشكدار بكرێن بۆ دیاریكردنی خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزی ئێمه و داوا بكرێت دادگای فیدڕاڵی هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی ڕاست بكاته‌وه
ده‌بێت كار بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و دادگایه بكه‌ین و كورد كاره‌كانی له‌گه‌ڵیدا ته‌جمید بكات و ئه‌ندامه كورده‌كانی بكشێنێته‌وه و دادگایه‌كی فیدڕاڵی نوێ كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات دابمه‌زرێت