مستەفا بارزانی گەوهەرێكی درەوشاوە لە ناو بیری نەتەوەییدا
زیندوویی فیكری مستەفا بارزانی هەموو كات ئەو گەوهەرەیە كە لە ناو بیری نەتەوەییدا ڕێگەی داهاتوومان بۆ ڕووناك دەكاتەوە
گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ڕێبەرە كاریزماكانی نەتەوە جیاوازەكانی جیهان، شێوازی پێناسەكردنی «نەتەوە و نیشتمان«ـە لە ناو فیكری ڕێبەرە كاریزمایەكەدا، بۆیە ئەگەر لەم دەرگایەوە بچینە ناو فیكری مستەفا بارزانی و دووبارە ئەو پرسیارە بكەینەوە: ئایا «نەتەوە و نیشتمان» لە ناو فیكری بارزانی-دا چۆن پێناسە كراوە؟ ئەوا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو پێناسەی كە شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ شێوازی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان كردوویەتی و جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە و گوتوویەتی: «پێش هەموو شت ئێمە هەموومان مرۆڤین، بڕوابوونیشمان بە مرۆڤبوون، لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان جیاوازییە ئایینی و نەتەوەییەكانمان دروست دەكات».
ئەم جەختكردنەوەیەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر «مرۆڤبوون پیش هەر شتێكی دیكە»، تەنیا قسەیەكی تیۆری شێخێكی تەریقەت نەبووە، بەڵكو ئەوە «فیكر و پراكتیزەكردن»ـە لەسەر ئەرزی واقیع و بە قوربانیدان پراكتیزە كراوە، لە پێش هەمووشیانەوە جەنابی شێخ خۆی چووەتە بەردەم پەتی سێدارە و شەهید بووە.
لە دوای شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی-یشەوە، شێخانی بارزان درێژەیان بە هەمان چەمكی «مرۆڤبوون پێش هەر شتێكی دیكە» داوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بە هێز و قوربانیدان داكۆكییان لە مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی دیكەی وەك «ئەرمەن و كلد و ئاشووری و سریانی و ئێزدی و.. هتد « كردووە و، مستەفا بارزانی یەكێك بووە لەو سەرباز و پێشمەرگانەی ناو ئەو فیكرە و لە پێناویدا لەسەر ئەرزی واقیع بەشداری كردووە، هەروەك چۆن لە سەردەمی ڕاگەیاندنی «مەملەكەتەكەی شێخ مەحموودی حەفید»، بە هێزێكەوە بەرەو سلێمانی دەكەوێتە ڕێ، بۆ ئەوەی بەرگری و پشتیوانی لە مەملەكەتەكەی شێخ مەحموودی حەفید بكات.
لەگەڵ ئەوەی یەكەمین وێستگەی پراكتیزەكردنی چەمكی «مرۆڤبوون» لای مستەفا بارزانی لەوەوە دەست پێ دەكات كە وەك پێشمەرگەیەكی لاو سەركردایەتی ئەو هێزەی كردووە بۆ بەرگری و پشتیوانی لە مەملەكەتەكەی شێخ مەحموود لە سلێمانی، بەڵام لە میانەی بەشداری و ئامادەبوونی بەردەوامی بۆ داكۆكیكردن لەم چەمكە و قوربانیدان لە پێناویدا، چوارچێوەی ئەم چەمكەی لەسەر ئاستی ناوچەیەكی دیاریكراوی وەك «بارزان و دەوروبەری» فراوان كرد بۆ ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەوڵی دا لەسەر هەر دوو ئاست تێگەیشتنێكی ماقووڵ و فراوان لەسەر ئەم چەمكە بێنێتە ئاراوە بەمجۆرە:
1- لەسەر ئاستی كوردستانی
مستەفا بارزانی تێگەیشتنێكی قووڵی لە نێوان تێكڕای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دروست كرد و، هەموویانی گەیاندە ئەو قەناعەتە بەوەی پێش ئەوەی ئێمە «كورد و كلدان و ئاشووری و سریان و توركمان» بین، یان پێش ئەوەی « موسڵمان – شیعە و سوننە- و كریستیان و ئێزدی و كاكەیی و.. هتد»بین، هەموومان مرۆڤین و كوردستان نیشتمانی هەموومانە و یەك چارەنووس پێكەوە دەمانبەستێتەوە.
لەسەر ئاستی ناوچەگەریی. مستەفا بارزانی دیالۆگی ڕاستەوخۆی لە نێوان هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە دروست كرد و دیاردەی ناوچەگەرێتی بە كوردستانیبوون سڕییەوە، ئەمەشی لەگەڵ چەخماخەی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی 1943 پیادە كرد و حكومەتی پادشایەتی عێراقی ئەو سەردەمەی ناچار كرد، وەك داكۆكی لەسەر مافی كوردستانییەكان دانوستاندنی لەگەڵ بكات، سەرەنجامیش چەمكی كوردستانیبوون بووە بناغەی خەبات و مقاوەمەت لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا.
2- لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەكە
مستەفا بارزانی لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی دووەمی بارزان تەنیا وەك «ڕابەر و كاریزما»یەك دەرنەكەوت، بەڵكو وەك «خاوەنی فیكرێكی تازە «پەیامی خۆی ئاراستەی دەوروبەر و جیهان كرد و، لە ساڵی 1943 كە لە ناو گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانی بووین و نەتەوەكان یەكتریان پاكتاو دەكرد، مستەفا بارزانی پەیامی خۆی ئاراستەی عەبدولڕەحمان عەزام پاشا سیاسەتمەدار و كەسایەتیی ناسراوی عەرەبی « كە دواتر بووە یەكەمین سەرۆكی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی» كرد و پێی ڕاگەیاند: «شەڕی ئێمە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب نییە، بەڵكو لەگەڵ ئەو ڕژێمانەیە كە ئێمە و ئێوەش پێكەوە دەچەوسێننەوە». ئەم پەیامە وەرچەرخانێكی فیكری بوو هەم لە ئاراستەكردنی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، هەمیش وەرچەرخانێكی فیكری لە شێوازی وەڵامدانەوەی نەتەوەی عەرەب بۆ ڕەوایەتیی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و، ئەو وەرچەرخانەشمان لە شۆڕشی چواردەی تەمموز و نووسینەوەی دەستووری كاتی عێراق بێنی كە بەندی سێیەمی دەڵێت: عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە»، هەروەها لە وەڵامدانەوەی ئایەتوڵا موحسین حەكیم-یش بینیمان كە شەرعییەتی بە ڕەوایەتیی شۆڕشی كوردستان دا و فەتوای پاكتاوكردنی كوردستانییەكانی ڕەت كردەوە.
3- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
پێش ساڵی 1945 و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە ڕۆژهەڵات، چەمكی كوردستانیبوون وەك بناغەی سەرەكیی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان لە فیكری مستەفا بارزانی-دا ڕەگی داكوتابوو، هەر بۆیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی ئامادەباشیی خۆی پیشان دا كە سەرباز و پێشمەرگەی پاراستنی ئەو كۆمارە بێت و، قارەمانیەتی بارزانی و پێشمەرگەكانی لە پاراستنی كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی لە كەسایەتییەكی هەرێمی و لۆكاڵییەوە بەرز كردەوە بۆ كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی كە لەسەر ئەرزی واقیع سەلماندی «پارێزەری ڕاستەقینەی» ئەو كۆمارە بووە.
دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی تەسلیمبوونیان ڕەت كردەوە و ڕێرەوە مێژووییەكەیان بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بە سەركەوتوویی دەست پێ كرد و خۆیان گەیاندە یەكێتی سۆڤیەت، بە گەیشتنیان بۆ سۆڤیەت، بارزانی پەیامی خۆی بۆ «ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستانی گەورە» بە جیهان ڕاگەیاند، لەم پێناوەشدا پەیوەندی بە هەموو ئەو سەرۆك دەوڵەتانەوە كرد كە سەرقاڵی دروستكردنی میحوەرێكی دیكەی جیهانی بوون لەدەرەوەی میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا كە پاشان بە ناوی «جیهانی سێيەم» ڕاگەیەندرا، هەروەها هەوڵێكی زۆری دا هەتا لەگەڵ «خرۆشۆف»سەرۆكی ئەو كاتی یەكێتی سۆڤیەت كۆببێتەوە، ئەم هەوڵانەی مستەفا بارزانی، ناوی بارزانی كردە مورادیفی كوردبوون و كوردستانیبوون و مرۆڤبوون و، وەك ڕابەر و سەركردەیەكی جیهانی لەسەر ئاستی وڵاتان سەیر دەكرا و، پەیامەكانی وەك مانشێت دەبوونە سەردێڕی ڕۆژنامە گەورەكانی ئەو كاتی جیهان و، گەڕانەوەشی بۆ عێراق دوای میوانداریی ڕابەری عەرەبی جەمال عەبدولناسر لە ساڵی 1958 لە قاهیرەوە بۆ بەغدا ئەو وێنایەی بەرجەستە كرد، كە مستەفا بارزانی كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی و جیهانییە.
هەڵوەستەكردن لەسەر ئەم باكگراوەندە لە ناو فیكری مستەفا بارزانی-دا، بۆ ئەوەیە بڵێین: «تەنیا سەرمایە و چەكی دەستی مستەفا بارزانی فیكر و بیركردنەوە» بووە، هەر بۆیە كاتێك هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی ڕایەڵەیەك لە نێوان سەردەمی بوونی جەستەیی و تەواسڵی فیكری مستەفا بارزانی دروست بكەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەمان ئەو ڕایەڵەیەی كە شەخسی مستەفا بارزانی لە نێوان سەردەمی جەستەیی شێخ عەبدولسەلام و تەواسڵی فیكری شێخ عەبدولسەلام و پەرەپێدان و فراوانكردنی ئەو فیكرە دروستی كردووە.
لێرەوە ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر ئەو ڕایەڵەیە بكەین كە مستەفا بارزانی لەگەڵ فیكری شێخ عەبدولسەلام بارزانی دروستی كردووە، دەبینین شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە ساڵی 1905 داوای كردووە بگاتە لای پادشای ئینگلیز و داوای پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لێ بكات، لە بەرامبەردا سەیر دەكەین دوای 50 ساڵ بە سەر ئەم هەوڵەی شێخ عەبدولسەلام، مستەفا بارزانی هەمان هەوڵی هەیە و هەوڵەكەشی سەركەوتن بەدەست دەهێنێت و دەگاتە لای «خرۆشۆف» بۆ هەمان مەبەست دەگاتە كۆشكی كرملین. ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە تەنیا شتێك گرنگ بێت بۆ پەرەپێدان و فراوانكردنی فیكری بارزانی، دروستكردنی ئەو ڕایەڵەیە بووە كە تەواسڵ لە نێوان سەردەمە جیاوازەكان دروست دەكات و جیاوازیی سەردەمەكان لە ئاستی فیكرەكەدا دەسڕێتەوە.
لێرەوە ئەگەر درێژەدان بە ڕایەڵە و تەواسڵی مستەفا بارزانی لە ناو فیكری مسعود بارزانی-دا هەڵەسەنگاندنی وردی بۆ بكەین، دەبینین چۆن مستەفا بارزانی ڕایەڵە و تەواسڵی فیكری شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە هێنایە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، پاشان مسعود بارزانی بووە درێژەپێدەری ڕایەڵە و تەواسڵی هەمان فیكر و كاتێك تەواسڵی ئەو فیكرە لەگەڵ گۆڕاوە مێژووییەكان مامەڵەی جیاواز بۆ هەمان ئامانج دەكات، لێرەوە ئەگەر ڕایەڵە و تەواسڵی ئەم فیكرە لەسەر شێوازی مامەڵەی سەرۆك مسعود بارزانی پیادە بكەین، ئەم ئاكامانەی لێ دەخوێنینەوە:
1- ئەگەر لەسەر خاڵی هاوبەشی دەستپێكی بەرپرسیاریەتی گرتنە سەرشانی مسعود بارزانی لەگەڵ هەمان دەستپێكی بەرپرسیاریەتی گرتنە سەرشانی مستەفا بارزانی و شێخ عەبدولسەلام بارزانی بەراورد بكەین، دەبینین هەر سێكیان لە ناو قووڵایی «نائومێدیدا «بیریان لە دروستكردنەوەی ئومید كردووەتەوە و هەر سێكیشیان بێجگە لە سەرمایە فیكری «مرۆڤبوون و كوردستانیبوون» هیچ سەرمایە و چەكێكی دیكەیان پێ نەبووە. سەرۆك مسعود بارزانی لە بەشی چوارەمی كتێبەكەی «بارزانی وبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان»، زۆر ڕاشكاوانە ئاماژەی بەم ڕاستییە كردووە و لەمەش زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە «ئەگەر ئەو نائومێدییە بەردەوام بێت، هەموو شتێك لە دەست دەدەین».
2- خاڵی گرنگ و سەرەكی لە هەوڵی هەرسێكیاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكە لێكتێگەیشتن و یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كوردستان و ئاشتی و تەباییە لەگەڵ بەها مرۆڤایەتییەكان لەگەڵ سەرجەم نەتەوەكانی دەوروبەر و جیهاندا، ئەم هەوڵانە لە سەردەمی هەر سێكیاندا بە جۆرێك گەیشتووەتە ئەو ئامانجەی كە خەباتی لە پێناودا كراوە، سەرەنجامیش لێكتێگەیشتن و قەناعەتی هاوبەش و تەبایی و یەكڕیزی دەستكەوتی گەورەی بەدەست هێناوە.
3- بڕوابەخۆبوون خاڵێكی دیكەی بەهێزی هاوبەشی سێ سەردەمی جیاوازی دروستكردنی ڕایەڵە و تەواسڵی فیكری ماوەی نزیكەی 120 ساڵ خەباتی بەردەوامی یەك ئامانجە، بۆ ئەم ئامانجە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، دوای ئەوەی مستەفا بارزانی ئامانجەكەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بردە كۆشكی كرملین و لەگەڵ خرۆشۆف باسی كرد، دوای نزیكەی 60 ساڵ لەو هەوڵە، مسعود بارزانی ئەم ئامانجەی بردە كۆشكی سپی و لەسەر ئاستێكی پرۆتۆكۆلی وەك شاندی كوردستان لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و ئیدارەی ئەمریكی بە ڕەسمی باسی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی كرد.
ئەوەی لەم بەراوردكارییەی ماوەی 120 ساڵی ڕابردوو فێری دەبین، ئەوەیە كە بڵێین ئەگەر ڕایەڵە و تەواسڵ لەگەڵ ئەو فیكرە دروست بكەین كە ئامانجی «مرۆڤبوون و گەیشتن بە ئازادی و پێناسەكردنەوەی نەتەوە و نیشتمانە» و لە بەر ڕۆشنایی ئەو فیكرە هەمان ڕایەڵە و تەواسڵ بەردەوام بێت، ئەوا دەگەینە ئەو ئامانجەی بەوەی ڕاستە ڕابەرێكی كاریزما وەك مستەفا بارزانی وەك جەستە لە ناوماندا نەماوە، بەڵام زیندوویی فیكرەكەی هەموو كات ئەو گەوهەرەیە كە لە ناو بیری نەتەوەییدا ڕێگەی داهاتوومان بۆ ڕووناك دەكاتەوە.