سەنگەر سەربەست حەوێزی شارەزا لە بواری زانستی ئابووری لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەلاحەدین بۆ گوڵان: لە كوردستان هیچ یەك لە سیستمە ئابوورییە ناسراوەكانی دنیا پەیڕەو ناكرێت، بۆیە ناتوانرێت بنەما زانستی و تەندروستەكانی ئابووری لەسەر ئەم ه
تێگەیشتن لە واقیعی ئابووریی كوردستان لە دەوڵەتێكی شكستخواردووی ئاخنراو بە قەیرانی دارایی و ئابووری، كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بە سیستم و فۆڕمێكی شیاو و گونجاو هەنگاو بەرەو چارەسەركردنی قەیرانەكان بنێین، بۆ قسەكردن لەسەر كێشە ئابووری و داراییەكان و چۆنێتیی چارەسەركردنی، دیدارێكمان لەگەڵ سەنگەر سەربەست پسپۆڕی دارایی و بانكی و، مامۆستا لە بەشی دارایی و بانك لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەلاحەدین سازدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* سەرەتا حەز دەكەین تێبینی و سەرنجتان لە سەر واقیعی ئابووریی هەرێمی كوردستان بزانین، ئایا دەتوانین بڵێین لە كوردستان سیستمێكی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت سەرجەم سێكتەرەكان بەرەو پێشەوە ببەین؟
- بۆ تێگەیشتن لە ئابووریی هەرێمی كوردستان - عێراق سەرەتا پێویستە ئاماژە بە چەمكێكی ئابووری بدەین، كە بریتییە لە ئابووریی بڵق «Bubble Economy» كە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی خێرای نرخی بازاڕ دەكات، بەتایبەت لە نرخی هەبووەكان «Assets» كە لە دوای ئەم هەڵئاوسانە دابەزینێكی خێرا دێتە ئاراوە لە بەهای ئەو هەبووانە، كە پێی دەگوترێت «داتەپین»، یان تەقینی بڵق «Bubble burst». ئەم بارودۆخە ئابوورییە ڕوو دەدات لە كاتێكدا كە نرخی هەبووەكان بەرزتر بێت لە بەهای ڕاستەقینەیان، سەرباری هەبوونی ناهاوسەنگی لە پەرەپێدان بە كەرتە ئابوورییە جیاوازەكان. ئەو چەمكە دەكرێت پێناسەی ئابووریی هەرێم بكات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بە ئێستاشەوە، ئەگەر بە هەمان ڕێڕەو بەردەوام بین. خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زانستی ئابووری، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هیچ یەك لە سیستمە ئابوورییە ناسراوەكانی دنیا پەیڕەو ناكرێت «ئابووریی ئازاد، ئابووریی سۆشیالیستی، ئابووریی ئیسلامی، ئابووریی تێكەڵاو» بۆیە ناتوانرێت بنەما زانستی و تەندروستییەكانی ئابووری لەسەر ئەم هەرێمە پەیڕەو بكرێت، بەڵكو فۆڕمێكی جیاوازە بۆ ئێمەی ئابووریناسان. هەبوونی سیستمی ئابووری لە هەر شوێنێك، یان هەر وڵاتێكی جیهان پێویستی بە هەبوونی هەندێك بنەمای گشتی و زەمینەسازی هەیە، كە دەستەبەر بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت سیستمێكی ئابووریی گونجاو دابنرێت، بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدرێت، ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان گۆڕاو و بنەما ئابوورییەكان ئابووریی ئەم هەرێمە بەڕێوە نابەن، بەڵكو گۆڕاوی دیكە بەم كارە هەڵدەستن. بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەرەكانی ئابووریی هەرێم دەبێ زەمینەسازیی تەواو بكرێت، كە لە ئێستادا ئەم ویست و توانایە لە ئارادا نییە، لە بەر هەندێك گۆڕاوی ئابووری و نائابووریی ناوخۆیی و دەرەكی، بەڵام بە هەبوونی ویست و پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی گۆڕاوەكان لەسەر بنەمای زانستی و سیستماتیك دەكرێت هەنگاوی زۆر گەورە بنرێت لەم بوارەدا، چونكە بەپێی ئاماژە و دەرئەنجامە بەردەستەكان دەرفەتی زۆر هەیە، بەڵام كات لە بەرژەوەندیی ئەم هەرێمەدا نییە.
* ئایا پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەهۆی واقیعە سیاسییە خراپەكەوە تاچەند كاریگەریی لەسەر سێكتەرە ئابوورییەكانیش كردووە، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت پەیوەندییەكی سرووشتی و ئاسایی نێوان دەوڵەتی مەركەزی و هەرێمی فیدڕاڵی؟
- ئەو واقیعەی كە ئێستا دروست بووە لە نێوان هەرێم و ناوەند، زیانێكی زۆری بە هەر دوولا گەیاندووە، بەتایبەت بە هەرێمی كوردستان و دانیشتووانەكەی، بە شێوەیەك كە بەهۆی ئەم واقیعە تاڵە و بەشێك لە سیاسەتە ئابوورییەكانی ناوخۆی هەرێمەوە ئێستا هاووڵاتییانی هەرێم لە بارودۆخێكی دژواردا دەژین. ئەمڕۆ تێچوونی ژیان بەرز بووەتەوە بە شێوەیەكی مەترسیدار و ناسرووشتی، بەڵام داهاتی ڕاستەقینە و شیاو بۆ خەرجكردن بە شێوەیەكی مەترسیدارتر دابەزیوە، كە ئەمانە پێوەری ترسناكن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و تێكچوونی بنەما ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و، دواجار دەرئەنجامی مەترسیدار بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە و دانیشتووانەكەی دێنێتەكایەوە. لە دەرئەنجامدا بە دڵنیاییەوە ئەم واقیعە دەبێتە هۆی زیاتر دواكەوتن لە پرۆسەی پێشخستنی سێكتەرەكانی ئابووریی هەرێم، بە شێوەیەك كە جگە لە كەرتی نەوت كە پەیوەندیی بە بازاڕ و گۆڕاوە جیهانییەكانەوە هەیە، سێكتەرەكانی دیكەی ئابووریی هەرێم بە ڕێژەی جیاواز لە پاشەكشەیەكی دیاردان. تایبەت بە یاسا و ڕێسا و دەستووری عێراق كە ئایا تا چ ڕاددەیەك جێبەجێ دەكرێت و كێ كەمتەرخەمە لە جێبەجێكردنیان، باشتر وایە كەسانی شارەزا لەم بوارە بیروبۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو و شیكردنەوەی زانستی و ئەكادیمیی پڕۆفشناڵانەی بۆ بكەن.
* نەبوونی سیاسەتی نەختینەیی و بێسەروبەریی بەڕێوەبردنی ئابووری كێشەی گەورەی قەیرانی دارایی خوڵقاندووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە پێویستە لە كوێوە دەست پێ بكەین؟
- سەرباری ئەوەی نەخۆشیی گەورەی ئابووریی ئەم هەرێمە ئەوەیە كە فۆڕمێكی ئابووریی زانستیی دیاریكراوی نییە، تا بنەماكانی دیار بن و تەنیا گۆڕاوە ئابووریی و زانستییەكان نین كە بڕیاردەرن لەم لایەنەوە، بەڵكو گۆڕاوی دیكە لە سەرووی گۆڕاوە ئابوورییەكانەوە هەن، كە زەمینەیەكیان خوڵقاندووە و بەردەوام كێشەی جۆراوجۆری ئابووری و دارایی لێ دروست ببێت، سەرئەنجام بارودۆخی دارایی تووشی گرفت و داڕووخان دەبێتەوە، چونكە ئەم كێشانە سەرباری هەبوونی كاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاو لەسەر ئابووری و دارایی، كاریگەرییەكی دیكەشیان هەیە، كە لایەنی دەروونی و پێشبینییە، بە شێوەیەك ئەم بارودۆخە كاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنی دەروونیی هاووڵاتییانی هەرێم هەیە و، بووەتە هۆی ڕەشبینی و، لە دەرئەنجامدا دروستكردنی دڵەڕاوكێ لە بڕیارە ئابووری و داراییەكان، كە هێندەی دیكە كاریگەریی لەسەر دژواریی ئەم دۆخە كردووە. پێشبینیی زاڵبوون بەسەر ئەم بارودۆخە دژوارەی ئەمڕۆدا بەو پێوەر و ئامرازانەی ئێستا كارێكی ئەستەمە، بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بارودۆخەدا پێویستە ئامراز و بیروهزری نوێ بخەینە كار و سوود لە بنەما زانستییەكان و شارەزایانی ڕاستەقینە ببینین لەم بوارەدا و، بەرژەوەندییەكان وەلابنرێن و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بە مەبەستی خزمەتكردن و بەزركردنەوەی ئاستی بژێوی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ژیانێكی شەرەفمەندانە و دواجار داگیركردنی شوێنێك لە بازاڕی ئابووریی جیهاندا.
* كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستاندا گیرۆدەی كۆمەڵێك گرفتی گەورە بووە، دەكرێت بزانین گرنگترین ئەو كێشانەی كەرتی بانكی گیرۆدەی بوون چییە؟
- هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە وڵاتی عێراقی
تازەپێشگەیشتوو، سەرباری ئەوەی توانای دانانی سیاسەتی نەختینەیی و دارایی نییە، وابەستەشە بەو كێشانەی ڕووبەڕووی كەرتی بانكیی عێراقی بوونەتەوە، گەورەترین كێشە و لاوازی ئەوەیە كە تائێستا هیچ بانكێك نییە سەرجەم خزمەتگوزارییە بانكییەكان بەپێی ستانداردە جیهانییەكان پێشكەش بكات، لەم خاڵە سەرەكییەوە كێشەكانی دیكە كۆبوونەتەوە، وەك دواكەوتوویی ئاستی خزمەتگوزارییە بانكییەكان، لاوازیی كەلتووری وەبەرهێنانی دارایی، لاوازیی ڕۆشنبیریی بانكی لە كۆمەڵگەدا، بەرز و نزمیی ئابووری كە بەشێكی پەیوەندی بە پەیكەربەندیی ئابووریی عێراق و هەرێمەوە هەیە، بە جۆرێك كە بە شێوەیەكی سەرەكی پشت دەبەستێت بە كەرتی نەوت و، وەك ئاماژەمان پێ دا كە بازاڕی نەوت پەیوەندیدارە بە گۆڕاوە جیهانی و دەرەكییەكان، بۆیە دەكرێت ڕووبەڕووی بەرزی و نزمی ببێتەوە و كاریگەریی نەرێنی دروست بكات لە سەر دروستكردنی سەقامگیریی ئابووری و دارایی، چونكە داهاتی وڵات بە ڕاددەیەكی زۆر پشت بەو كەرتە دەبەستێت. كێشەیەكی دیكە بریتییە لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و دابەزاندنی بەهای دراوی عێراقی، كە بووەتە هۆی زیادبوونی تێچوون و دابەزینی داهاتی ڕاستەقینە و شیاو بۆ خەرجكردن، لە دەرئەنجامدا كەمیی پاشەكەوت و ئاراستەكردنی بەرەو بانكەكان و بەكارخستنەوەی لە ڕێگەی ئەو بانكانەوە بۆ وەبەرهێنانی ڕاستەقینە. كێشەیەكی دیكە بریتییە لە بەرتەسكیی بازاڕی دارایی و نەختینەیی، بە شێوەیەك كە تا ئێستا نەتوانراوە زەمینەسازیی تەواو بكرێت بۆ دامەزراندنی بازاڕی لەو جۆرە و سوودوەرگرتن لەو خزمەتگوزارییانەی كە ئەو جۆرە بازاڕانە، بۆ وەبەرهێنان و بەكارنەخستنی سەرمایەی تەواو لەلایەن سەرمایەدارانەوە لەو بازاڕەدا دەستەبەری دەكەن، هەبوونی چەندین كێشە لە شێواز و چۆنیەتیی ئەو واقیعەی كە لە مامەڵەكانی ئەم جۆرە بازاڕە دێتە ئاراوە. لاوازیی ئاستی بانكە تایبەتمەندەكان و ئەو خزمەتگوزاییانەی كە بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستی و پارەداركردنی گونجاو بۆ هەموو سێكتەر و بوارە جیاوازەكانی ئابووری پێشكەشی دەكەن، كێشەیەكی دیكەیە، سەرباری هەبوونی كێشەی متمانە لە نێوان بانك و كۆمەڵگەدا، لە دەرئەنجامی مێژوویەكی تاڵە لە نادڵنیایی بە هۆی كێشەی ئابووری و دارایی و ڕامیاری و جەنگ، كە بە هەمان شێوە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاست و بڕی سەرمایەی ئاڵوگۆڕپێكراو لە ڕێگەی كەرتی بانكییەوە هەبووە، بە ئاراستەی خزمەتكردنی ئابووریی وڵات. كێشەیەكی دیكە پاشكۆیی بانكەكانە بە جۆرێك كە لە هەندێك حاڵەتدا بە ئاراستەی خزمەتكردنی ئاراسەتەیەك، یان بزنێسێك، یانیش جۆرە پڕۆژەیەكی دیاریكراو، بە جۆرێكە كە ئەو بانكانە وەك پاشكۆیەك و دامەزراوەیەك كاردەكەن، كە كاریان تەنیا خزمەتكردنی ئەو بوارانە بێت، كە ئاماژەیان پێ درا. كێشەیەكی دیكە بریتییە لە لە لاوازیی سیستمی دارایی و نەختینەیی لە وڵاتدا، ئەمەش بە هۆی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی توانا و زەمینەسازی لەو كەرتەدا، بە ئاراستەی داڕشتنەوەی ئەو دوو سیستمە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و پێشكەوتوو و گونجاو، كە لەگەڵ بنەماكانی ئەم كۆمەڵگەیە و دوور لە بەرژەوەندی و كاریگەریی نەرێنی ڕامیاری.