لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق بۆ گوڵان: چەند ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش ئەنجام دراون و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا زیاتر بكرێن
بارودۆخی هەستیاری عێراق و ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكان لە پێكهێنانی حكومەتدا كاریگەریی خراپی لەسەر دۆسێی ئەمنی و زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی دیكە هەبووە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق ساز دا.
* ڕووداوەكانی گرتووخانەی غوێران و زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش و بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر كەمپی مەخموور، هەموویان زنجیرە ڕووداوێكن كە بارودۆخێكی نائارام و ناسەقامگیری لێ كەوتووەتەوە، وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق هۆكاری هەڵكشانی توندوتیژییەكانی داعش بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
- پێش ئەم ڕووداوانە زانیاریمان پێ گەیشتبوو كە داعشەكان لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا و لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی زیادیان كردووە، بۆیە پێویستە لەگەڵ سوپای عێراق هەماهەنگی زیاترمان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەكان و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی ناسراوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەمەش پێویستی بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵووێری زانیاریی هەواڵگری هەیە، لەلایەكی دیكەوە هەموو ئەو گرووپە چەكدارانەی سەر بەو لایەنە سیاسییانەن كە خۆیان لە هەڵبژاردنەكان بەدۆڕاو دەزانن و مەترسیی لاوازبوونی پێگەی سیاسییان هەیە، ئەوانیش كار و كردەوە چەكدارییەكانیان زیاتر كرد، ئەوە بوو دەستیان بە هێرشی مووشەكی و كاتیوشا كرد بۆ سەر چەند دامەزراوەیەكی مەدەنی لە ناویشیاندا فڕۆكەخانەی بەغدا. ئەوەی ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ زیادبوونی هێرش و ناسەقامگیرییەكان بڕیاری هێزەكانی هاوپەیمانان بوو، بەتایبەتی ئەمریكا بەوەی لە ئەمساڵدا هێزەكانیان وەكو هێزی شەڕكەر و زەمینی دەكشێننەوە و، بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ناكەن و، تەنیا بە هێزی ئاسمانی لەگەڵ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەشدار دەبن. ئەم بڕیارە هێرشەكانی داعشی لە دیالە و كەركووك و ناوچەكانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كە بە ناوچەی بۆشایی ئەمنی دادەنرێن، زیاتر كرد، بەتایبەتی لە دیالە و كەركووك و تكریت و تەنانەت بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگەش، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم كارە تیرۆریستییانە و هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە ئێستادا هەماهەنگی زیاتر هەیە و چەند ئۆپەراسیۆنی سەربازییش لەو ناوچانە ئەنجام دراون و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیاتر بكرێن.
كوژرانی ئەبوئیبراهیم قوڕەشیی گەورە تیرۆریست لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سووریا وێڕای ئەوەی گورزێكی گەورە بوو لە داعش درا؛ ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە بوونی هاوپەیمانەكان لە ڕیزبەندی پێشەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان بۆ سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستە چەند پێویستە.
* ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بۆچی وا هەست دەكرێت سستی تێدا دەكرێت، ئایا دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاریگەریی لەسەر ئەم هەماهەنگی و لاوازیی جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەسەر ئەرزی واقیعدا هەیە؟
- بە تەئكید دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی سەربازی و ئەمنی هەیە، هەروەكو چۆن كاریگەریی لەسەر جێبەجێكردنی بڕیار و ڕێكەوتنەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندیش لە ڕووی سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی هەیە، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان جگە لەوەی نزیكبوونەوە و پتەوكردنی پەیوەندییە هەواڵگرییە سەربازییەكانە، كۆتاییش بەو بۆشاییە ئەمنییە دەهێنێت كە تا دێت داعشەكانی تێدا زیاتر دەبن و هێرشەكانیان مەترسیدارتر دەبێت. ئەوە بوو لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا داعشەكان هێرشیان كردە سەر پۆلیسی فیدڕاڵی و شەهیدی لێ كەوتەوە و پێشتریش هێرشیان كردە سەر گوند و سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەم سستی و دواكەوتنەی پێكهێنانی حكومەت وا دەكات هەندێك لە وەزیرەكان بەتایبەتی هەر دوو وەزیری بەرگری و ناوخۆ و لە ناو فەرماندە سەربازییەكانی عێراقیشدا چاوەڕوانیی هەموو ئەگەرێكی گۆڕانكاری دەكەن، یان ڕەنگە وا هەست بكەن، لادەبردرێن، یان جێگۆڕكێیان بۆ شوێنێكی دیكە پێ دەكرێت، ئەمەش هەمووی لاوازی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دروست دەكات و، تیرۆریست و گرووپە چەكدارەكان هەلەكە دەقۆزنەوە و بارودۆخەكە بەرەو خراپتر دەبەن. ئەو گرووپانەی لە پشت هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا بوون، وایان لێ هاتووە جگە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكان تەنانەت دامەزراوە مەدەنییەكانیش دەكەنە ئامانج، هەروەكو چۆن زیانی ماددیی گەورە بەر چەند فڕۆكەیەك كەوت و زیانی مەعنەوییش لە ڕووی فڕۆكەوانیی مەدەنییەوە بە عێراق دەگەیەنێت.
* لە هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا چ لایەنێكی سیاسی تێوەگلابوو؟ ئایا ئەم هێرشانە بە هاندانی لایەنی دەرەكی بووە؟
- هێرشی فڕۆكەخانەی بەغدا یەكەم هێرش نییە و هەروەكو چۆن دواهێرشیش نابێت، ئەو گرووپە چەكدارانەی دەستیان لەم كارەدا بووە، بەهاندانی ئەو هێزە سیاسییانە كارەكەیان ئەنجام داوە، كە لە هەڵبژاردنەكان پێگەی جەماوەرییان لە دەست داوە، لە دوای لێكۆڵینەوە و دەستگیركردنی چەند گومانلێكراوێك لێكۆڵینەوەكان گەیشتوونەتە ئەنجامێكی باش و بە تەئكید چەند لایەنێكی سیاسیش لەم كارە تێوەگلاون. داعش و هەر گرووپێكی چەكداری دیكە هەموو كات لە فرسەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی زیان بە سەقامگیریی عێراق بگەیەنن.
* وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق چۆن بە سەر ئاستەنگەكاندا زاڵ دەبن، بۆ ئەوەی ئەم كاریگەرییە خراپانەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكی مەدەنی كەم بكەنەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ چونكە دواجار شلۆقی و پشێویی بارودۆخە سیاسییەكەی عێراق و ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخە سەربازی و ئەمنییەكە كاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت، ئەوەی لەلای ئێمە گرنگە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت هەماهەنگیی زیاترمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ هەبێت، هەماهەنگی بەردەوامیشمان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا هەبێت، ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان سنوورەكانی خۆمان دەپارێزین بۆ ئەوەی هیچ هێزێكی تیرۆریستی وەكو داعش و هێزی چەكداریی دیكە زەفەرمان پێ نەبات و، كاری تێكدەرانە و نایاسایی لە دەرەوەی سنوورەكان و لە ناوخۆی هەرێمیشدا ئەنجام نەدەن و زیان بە سەر و ماڵ و كار و بژێوی هاووڵاتیان نەگەیەنن، ئەمە باشترین ڕێگەیە تا حكومەتی نوێی عێراق دادەمەزرێت و سنوورەكانمان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بپارێزین، باری سەربازی و ئەمنی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و دوور بین لە ئەگەری هەر هێرشێكی لەناكاو. ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەكانی بەڕێزان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری ناوخۆ و فەرماندە سەربازییەكانی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكارییەكین لەگەڵ سوپای عێراق، هەردوو لا پێكەوە دەتوانین كۆنتڕۆڵی ئەو سنوورە فراوانەی نێوانمان بكەین و سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە هەموو هێزێكی بیانی و داگیركەرێك بپارێزین.
* كەمی و نەبوونی پشكی كورد لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانی عێراقدا گرفتێكی دیكەیە و پێچەوانەی ماددە و بڕگە دەستوورییەكانیشە، ئایا ئەم لایەنە لەگەڵ عێراقدا باس كراوە؟
- جگە لە فەرامۆشكردنی پشكی كورد لە سوپای عێراق و دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەكانی دیكەی عێراقدا ژمارە و ڕێژەی كوردیش وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكیی عێراق لەو دامەزراوانە زۆر كەمە، ئینشائەڵا دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دەستپێكردنی دانوستان و كۆبوونەوەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق باس لەو ناعەدالەتی و پەراوێزخستنەی كوردیش دەكرێت لە ناو سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەكانیدا، دەبێت كوردیش پشكی لە ناو سوپای عێراق و سەرجەم یەكە شەڕكەر و بەرگریكارەكانی ئەم وڵاتەدا هەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەم بابەتەیە.
* زۆر باس لە نائارامی و ناسەقامگیری دۆخی شنگال دەكرێت و بەردەوامیش فڕۆكەكانی سوپای توركیا هێرش دەكەنە سەر پەكەكە و ژیانی خەڵكی سڤیل دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە لەنێوان هەرێم و حكومەتی عێراقدا ڕێككەوتنێك هەبوو بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە بۆچی جێبەجێ ناكرێت؟
- تاوەكو پەكەكە و ئەو هەموو هێز و گرووپە چەكدارە نامۆ و نایاساییانە لە شنگال بمێنن، بارودۆخی شنگال و خەڵكەكەی خراپتر و ئاڵۆزتر دەبێت. بوونی پەكەكە لە شنگال و دواخستنی چارەسەركردنی ئەم دۆسێ هەستیارە لە داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ حكومەتی عێراق دروست دەكات، لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و حوكمڕانیی ئەم ناوچەیەوە، زیانمەندی سەرەكییش كوردانی ئێزدی و خەڵكی ڕەسەنی شنگالن، بۆیە حكومەتی عێراق لە كۆتاییدا ناچار دەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بە هێزی چەكداری و ئۆپەراسیۆنی سەربازی شنگال ڕزگار بكات لەو هەموو گرووپە نایاسایی و بێسەروبەرییە كە وایان كردووە نە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و نە ژیان تێیدا ئارام بێت، بەڵكو شنگال بووەتە پێگەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئەجندەی نانیشتمانی و دوور لە بەرژەوەندیی خەڵكەكەی، خەڵكی ناتوانن لە ناو ئەو هەموو گرووپە چەكدارە بیانی و نێوخۆییانەی نامۆ بە خەڵكەكە و ناوچەكە ژیان و كاروكاسبیان بەڕێوە ببەن. هەر ئەو گرووپە بیانی و نامۆیانە بە شنگال ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال كە وابڕیار بوو لە ڕووی سەربازییەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی سەر بە سوپای عێراق ئەم ناوچەیە بپارێزن و لە ناوخۆی شنگال و هەموو یەكە ئیدارییەكانی دیكەی لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵییەوە مەلەفی ئەمنی بەڕێوەببرێت و، چەندین كەسیش لە خەڵكی شنگال وەكو هێزی پۆلیس دابمەزرێن، بەڵام پەكەكە و دارودەستەكانیان و گرووپە چەكدارەكانی دیكە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال و تا دێت گرژییەكان لەم ناوچەیە زیاتر دەبێت، چونكە بیانوو بە سوپای توركیا دەدەن بەردەوام شنگال و چیای شنگال و مەخموور و هەموو شوێنێكی دیكە كە چەكدارانی پەكەكەی لێیە بە ئامانجی بگرێت.