تۆزۆن باهچەلی پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە كۆلێژی كینگ لە لەندەن بۆ گوڵان:   ئەمریكا خوازیارە عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت

تۆزۆن باهچەلی  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە كۆلێژی كینگ لە لەندەن بۆ گوڵان:     ئەمریكا خوازیارە عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت

 

 

تۆزۆن باهچەلی پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە كۆلێژی كینگ لە لەندەن، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ناوچەی بەلقان، هەروەها توێژەری سیاسەتی دەرەوەی توركیا و پەیوەندییەكانی توركیا و یۆنانە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بەو گۆڕانكارییەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا، كە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی كۆشكی سپی لەلایەن جۆ بایدن دروست بووە، هەروەها پرسی پێگەی توركیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان.

 

* لەوەتەی جۆ بایدن بووەتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مشتومڕێكی زۆر دەكرێت، لە بارەی ئەو گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕانەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا دروست بوون، بە تایبەتی كە سەرۆك جۆ بایدن هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پێكەوەكاركردن و پەنابردن بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكاتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە و ئایا سەرۆكی ئەمریكا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا ڕێبازێكی تایبەت بە خۆی هەیە؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە دەتوانرێت بگوترێت و ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ڕێچكە و ڕێبازێكی دیاریكراو و تایبەتی نییە كە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا گرتبێتیەبەر، بەڵام هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، ئەم ئیدارەیە پتر جەختی لەسەر كاری فرەلایەنی و دەستەبەركردنی پشتیوانی بۆ هاوپەیمانەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ناتۆ و نەتەوە یەكگرتووەكان كردووەتەوە.

* ئەی خوێندنەوە و شرۆڤەتان بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن چییە، بەتایبەتی سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و ئاژاوەی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا چ جیاوازییەكی گەورە و بنەڕەتی لە سیاسەتەكانی سەرۆك بایدن لەم بارەیەوە بەدی دەكرێت؟

- لە ڕاستیدا تا ئەم ساتەوەختە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناڕوون و تەمومژاوییە، لەلایەكی دیكەوە لە ئێستادا قسە و باس و مشتومڕ دەكرێت لە بارەی پێویستیی بایەخدانی زیاتری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پرس و كێشەكانی ئاسیاوە، ئەمەش بەو واتایە دێت، كە گرنگیپێدان و تەركیزی ئەمریكا لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم دەبێتەوە. لەلایەكی دیكەوە، ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە هێشتا سەرۆك جۆ بایدن دەیەوێت ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا زیندوو بكاتەوە، دەیەوێت عێراق سەقامگیرییەكی زۆر بە خۆوە ببینێت، كار لەسەر پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكرێت لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقدا، هەروەها مامەڵەیەكی هاوسەنگتر بكرێت لەگەڵ پرس و كێشەی فەلەستین-ئیسرائیلدا. لە پەیوەندی بە پرس، یان شەڕی یەمەنەوە، ئەوا لە سەرەتادا جۆ بایدن ویستی هەوڵەكانی ئاشتی بەگەڕ بخات بۆ كۆتاییپێهێنان و یەكلاكردنەوەی شەڕی ئەو وڵاتە، بەڵام دەبینین ڕەوتی ڕووداوەكان بەم ئاراستەیەدا نەڕۆیشتن و هێشتا شەڕ بەردەوامە لەو وڵاتەدا.

* ئەگەر بێینە سەر باسی وڵاتی توركیا، كە ئێوە شارەزای كاروبارەكانی ئەم وڵاتەن، ئەوا ئاشكرایە توركیا وڵاتێكی خاوەن سەنگ و قورساییە لەم ناوچە پڕ لە پشێوی و ئاڵۆزەدا، كە ئێستا دەبینین ئەم وڵاتە سیاسەتێكی چالاكی گرتووەتەبەر لە ئاست پەرەسەندنەكانی دەوڵەتە دراوسێكانی، بەتایبەتی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، ئێوە چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی توركیا دەڕوانن؟ ئایا پێتان وایە لە كوێدا ئەم سیاسەتە سەركەوتوو بووە و لە كوێدا نەیتوانی ئامانجەكانی بپێكێت، یان بە گشتی كاریگەریی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لەسەر دراوسێكانی چی بوون؟

- ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە لەم ساڵانەی دواییدا توركیا لەژێر سایەی حزبی داد و گەشەپێداندا بە سەرۆكایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، چەند پەرەسەندن و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێناوە لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا لەگەڵ ناوچەكە و لەگەڵ ئەوروپا و تەنانەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش، كە مایەی ستایشكردن و سەرنجدان و هەڵوەستە لەسەركردنن، ئەوە بوو توركیا توانی برەو بە پەیوەندیی باش بدات لەگەڵ دراوسێكانیدا، جگە لە چەند حاڵەتێكی كەم نەبێت (كە پەیوەست بوون بە وڵاتی ئەرمینیا و قوبرسی یۆنانی)، هەروەها توركیا هەنگاوی زۆر باشی هەڵگرت لە میانەی ئەو سیاسەتەی كە پێی دەگوترا سفر كێشە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا دامەزراند، لە هەمان كاتدا برەوی بە پەیوەندییەكانی دا لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراقدا، ڕاستە باشبوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هاوشان و هاوكات بوو لەگەڵ خستنەگەڕی هەوڵەكانی ئەو وڵاتە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە ناوخۆدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەم هەوڵانە بە ئاقارێكی دیكەدا ڕۆیشتن و، نەیانتوانی ئەنجامی خوازراو و چاوەڕوانكراو بەدی بهێنن، ئەوا پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەر بە باشی ماونەتەوە، دواتریش پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سووریادا گۆڕانكاریی بەسەردا هات لە دۆستایەتییەوە بۆ دوژمنایەتی و بۆ پشتیوانیكردن لە ڕووخاندنی دەسەڵاتەكەی ئەسەد لە دوای دروستبوونی بەهاری عەرەبییەوە، كە ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو و گران لە سەر توركیا ڕاوەستا، چونكە ناچار بوو پشتیوانی لە موعارەزەی سووریا بكات، كە نەیتوانی دەسەڵاتی ئەسەد بڕووخێنێت، ئێستاش توركیا دەستێوەردانی لەو وڵاتەدا كردووە و بووەتە لایەنێكی كارا و كاریگەر لە پرسی سووریادا.

* ئەوەی لە ئێستادا جێی سەرنجە ئەوەیە كە چیتر بە چەشنی ڕابردوو مەسەلەی بوونی توركیا بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپادا ناورووژێندرێت و مشتومڕێكی كەمی لەبارەوە دەكرێت لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و، ئایا پێتان وایە بە یەكجاری ئەم دۆسییە داخراوە؟ ئایا هۆكارەكە وڵاتە ئەوروپییەكانن، یان ئەوە پارتی داد و گەشەپێدانە بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان كە نایەوێت هەوڵەكان بەم ئاراستەیەدا بخاتەوەگەڕ؟

- ئەگەر ئێمە لەم پرسە ورد ببینەوە، ئەوا ئەوە بەدی دەكەین كە لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتگرتنەدەستیدا، پارتی داد و گەشەپێدان هەنگاو و هەوڵی بەرچاوی هەڵگرت و، لە ئەنجامیشدا بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنێكی باش بەدی هێنرا لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا، چونكە بینیمان پارتی حوكمڕانی توركیا، چەندین ڕێكاری جددی گرتەبەر، بۆ برەودان بە دیموكراسی لە وڵاتەكەدا، بەو ئامانجەی بتوانێت مەرج و پێوەرەكان لە خۆیدا بەدی بهێنێت، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا وەك دەوڵەتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا قبوڵ بكرێت و وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەینەوە و پەنجە بخەینەسەر هۆكارەكانی پاشەكشەی پرسی بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئەوا دەتوانین بڵێین هەردوولا بەشێك لە بەرپرسیارێتییەكە هەڵدەگرن، مەبەستم خودی توركیا و هەندێ لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپایە، چونكە لەلایەك پرۆسەی چاكسازی لە نێو خۆی توركیادا دوچاری سستی و خاوبوونەوە بووەتەوە، بەتایبەتی چاكسازی سیاسی، لە هەمان كاتدا چەند وڵاتێكی سەرەكی، یان پێشەنگی نێو یەكێتی ئەوروپا، وەك فەرەنسا و ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوە دەكرد كە ئەوان ڕازی نابن پێگەی ئەندامێكی تەواو لە نێو یەكێتیی ئەوروپادا بە توركیا ببەخشن. كەواتە ئەوەی لەم ڕووەوە دەكرێت بگوترێت، (ئەویش بە حوكمدان لە لێدوان و هەنگاو و گوتاری دژ بە یەكێتی ئەوروپاوە) ئەوەیە كە پێ دەچێت ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەستی لە خەونی، یان پرۆژەی بەئەندامبوونی یەكێتی ئەوروپا هەڵگرتبێت، كەواتە ڕەنگە بە هەڵەدا نەچووبێتین ئەگەر بڵێین لە ئایندەیەكی دیار و نزیكدا توركیا نابێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، هەرچەندە هەندێ لە شرۆڤەكاران و چاودێران پێیان وایە هیچ كاتێك توركیا نابێتە ئەندامی ئەو یەكێتییە.

* ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان بەوە كرد كە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراقدا یەكێكە لە سەركەوتن و بەرەوپێشچوونە ئەرێنییەكان، بەتایبەتی كە ئێستا ئەم پەیوەندییانە بناغەیەكی ئابوورییان بۆ دروست بووە و، ئاڵوگۆڕێكی گەورەی بازرگانی و بەرچاو هەیە لە نێوان هەردوولادا، چۆن لە ئایندەی ئەم پەیوەندییانە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە پتر بەرەوپێش بچێت؟

- من هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، توركیا و هەرێمی كوردستان توانیویانە پەیوەندییەكی باش لە نێوانیاندا دابمەزرێنن و درێژەشی پێ بدەن، سەرەڕای ئەوەی چەندین بارودۆخ و هەلومەرجی نەخوازراو لە دەوروبەریاندا ڕووی داوە، سەبارەت بە ئایندەی ئەم پەیوەندییانەش تێڕوانینی من ئەوەیە كە ئەم پەیوەندییانە زۆر بەتینتر و پتەوتر دەبن، ئەگەر بێت و حكومەتی توركیا هەنگاوی گەورە و جددی بۆ مامەڵەكردن و چارەسەركردنی كێشەی كورد لە وڵاتەكەیدا هەڵبگرێت.

Top