یادگار مەحموود كاندیدی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق:   سەركەوتنی پارتی لە سلێمانی ژیانەوەی بیرە نەتەوەییە خۆڕسكەكەی بوو

یادگار مەحموود  كاندیدی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق:     سەركەوتنی پارتی  لە سلێمانی ژیانەوەی بیرە نەتەوەییە خۆڕسكەكەی بوو

 

هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو بۆ پەرلەمانی عێراق ئەو ڕاستییەی ئاشكرا كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان پێگەیەكی جەماوەری نەك تەنیا لە بازنەكانی هەولێر و دهۆك هەیە، بەڵكو (لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و كەركووك و گەرمیان و سلێمانی)یش خاوەنی نفووز و پێگەی خۆیەتی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و گرنگیی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی یادگار مەحموود كاندیدی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق كرد.

 

* سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی عێراق و بە تایبەتی بەدەستهێنانی ژمارەیەكی زۆری دەنگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی تا چەند بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان لە بەغدا گرنگ بوو؟

- سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق و بەدەستهێنانی 33 كورسی وێڕای ئەوەی قەبارەی ئەم پارتەی وەكو گەورەترین حزب لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق نیشان دا، پێویستیی كوردستانیانی بە سەرۆك بارزانی لە پارێزگاریكردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دووپات كردەوە، بۆ ئەوەی كورد لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننەدا لە پێگەیەكی بەهێزەوە مامەڵە بكات و، پارێزگاریی لە هاوبەشی و هاوسەنگی و پێكەوەژیان بكات. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان؛ بەڵێ گەڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان لەم زۆنەی سلێمانیدا بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە زۆر پێویست بوو، چ لە ڕووی نێوخۆییەوە، یان لە ڕووی دەرەكییەوە بێت. لە سلێمانی سەردەمێكی زۆرە پارتی و پارتیبوون لە ژێر هەڕەشە و ئیرهابی فكریدا بووە، لە كاتێكدا سلێمانی بە شاری هەڵمەت و قوربانی و فكری نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری بەناوبانگە، پۆپۆلیستەكان بە سوودوەرگرتن و ئیستغلالكردنی مەینەتی و ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵكی ئەم زۆنە توانییان نفووزی خۆیان زیاد بكەن و، ململانێیەكی ناشیرین و قێزەوەنیان دژی پارتی و پارتییەكان كردو، نەیاندەویست پارتی حزبێكی جەماوەری و فراوان بێت و، هەمیشە لە نفووزی پارتی لەم زۆنەدا دەترسان، لە كاتێكدا بزووتنەوەیەكی وەكو گۆڕان خۆیشی لە ناو دەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكە بوو، كەچی خۆی وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن نمایش دەكرد، پارتی هیچ پۆست و ئیمتیازاتێكی حكوومی و ئەمنی و سەربازی و دەسەڵاتێكی جێبەجێكاریی لەم ناوچەیەدا نەبوو، كەچی ئۆباڵی مەینەتییەكانی خەڵكی سلێمانیان دەخستە سەرشانی پارتی، زۆر لەو هێزە شەعبەوییانە خوازیار بوون پارتی بە لۆكاڵی لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا بمێنێتەوە، نەك وەكو ئێستا پەل و پۆپی بەرەو مووسڵ و دەشتی نەینەوا و كەركووك و گەرمیان و سلێمانی بچێت، ئەمجارە پارتییەكانی سلێمانی سەلماندیان كە زۆر لە ئیرهابی فكری و هەڕەشە بەهێزترن و پێگەی خۆیان لەناو كادیر و ئەندامەكانیانەوە بەرەو دەنگدەرە خۆڵەمێشی و بێلایەنەكان فراوان كرد و، خەڵكی ئێرە چیتر بە موزایەدەی گواستنەوەی شكستەكانیان بۆ پارتی لە خشتە نابرێن. نەهامەتی و خراپیی خزمەتگوزاریی و بژێوی ژیانیان و تەشەنەكردنی گەندەڵی و قۆرخكاری و قاچاخچێتی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن حوكمڕانە خۆجێیەكانەوە، كە دواتر وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەربچن، ڕووی داوە. ئەوە بوو لە 8ی تەممووز یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ڕوونی و ئاشكرایی پەردەی لەسەر ڕاستییەكان هەڵدایەوە و هەموو بەڵگەكانی خستەڕوو بە بوونی ئەو هەموو كەموكورتی و گەندەڵی و پاوانخوازی و تیرۆری فكری و تاوانە كە پارتی بە دوور و نزیك پەیوەندیان پێوەی نەبووە. پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی خۆی لە پارێزگای سلێمانی بەدەست هێنایەوە و هەموو پێشبینی و ئەگەرەكان بەرەو ئەوە دەچن، پارتیبوون لە سلێمانی جێگای فەخر و شانازیی بێت و زیاتر گەشە بكات، مادام كەسایەتییەكی كاریزمای وەكو سەرۆك بارزانی ئاراستەی دەكات، بەرەو خزمەتكردنی میللەت و دۆزە ڕەواكەی گەلی كورد ئەوا پارتی هەر بەرەو بووژانەوە و بەهێزتر دەچێت.

* سلێمانی شاری خەبات و قوربانیدان بووە و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد و شۆڕشەكانی گوڵان و ئەیلوول پێگە و قورسایی خۆی هەبووە، دوابەدوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە ژمارەی دەنگەكانی زۆر حزب و بزووتنەوەی پۆپۆلیستی ڕووی دا، ئایا دەتوانین بڵێین دانیشتووانی سلێمانی پێگە و ڕۆڵی گەورەی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و سەقامگیریی هەرێم و پرسە نەتەوەییەكان زیاتر دەبێت؟

- سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە و لە پێش ڕیفراندۆم و لە كاتی ڕیفراندۆمیشدا ئەو پێگە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەی خۆی لە دەست نەداوە و، ئەو سیاسەت و هێڵ و ستراتیژییە نەتەوەییەی خودی سەرۆك بارزانی لە سیاسەت و مامەڵەی لەسەر ئاستی ئەو پەیوەندییەی هەیبوو لەگەڵ هزر و بیری نەتەوەیی سلێمانییەكان یەك دەگرێتەوە. من خۆم خەڵكی ئەم شارەم و خەڵكێكی زۆر دەناسم كە بێلایەنن و ڕێزێكی زۆریان بۆ ڕابەری نەتەوەیی و ئازادیخوازیی سەرۆك بارزانی هەیە و، وەسفی بەوە دەكەن كە هزری نەتەوەیی و خزمەتكردنی نیشتمان و هاونیشتمانیان بیروباوەڕێكی جێگیرە و لە زەمەنی مەلا مستەفا بارزانی-یەوە بوونی هەیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا هەموو ئەو پرەنسیپە دیموكراسییانەی كە لە جیهانی ئازادی و دیموكراتییەدا بوونی هەیە، لێرە تەوسیف كراوە. بێگومان سەرۆك بارزانی توانیویەتی ناسنامە بۆ گەلی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ لەكێشمەكێش و نائارام دروست بكات و، لە كیانێكی نادەوڵەتدا مامەڵەی دەوڵەتبوون بۆ هەرێمەكە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دروست بكات، لە ئاستی مۆدێرنە و پرەنسیپە دیموكراسییەكانی پێكەوەژیان و مافی نەتەوەیی كورد و هەموو پێكهاتەكاندا ڕۆڵی گەورە و فراوانی هەبووە و، جوانیی سیمای پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و شكۆیانی پاراستووە و، ئەو سەقامگیرییەی پاراستووە كە كلیلی بەدەستهێنانی هەموو خەون و ئومێدەكانی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شایستەی كوردە، بۆیە من پێم وایە ڕۆڵی سلێمانی لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی لە قۆناغی داهاتوو زۆر زیاتر دەبێت و ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوتیان كرد، كەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەران و كورسییەكانیان جوانترین بەڵگەیە كە چیتر سلێمانییەكان بە دروشمی ساختە و درۆ لە خشتە نابرێن.    

* بەرەی حەشدی شەعبی و هەموو ئەو هێزانەی دیكە كە ناوی خۆیان ناوە بەرەی موقاوەمە و سەر بە ئێرانن، پێگە و دەسەڵاتێكی زۆریان لە پارێزگای سلێمانی هەیە، ئایا تاچەند ئەم جارە دەنگەكانی ئەو حزبانەی نزیكن لە ئێران ڕووی لە كەمی كرد؟

- پێش 8ی تەممووز هەموو پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری تەسلیمی هلالی شیعە كرابوون، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی ژمارەی خانووی گەڕەكە كۆنەكانی شار بە ژمارەی فارسی دادەنران و خەڵكی دەڕفێندران و ڕووداوەكانی ئەو دواییەش هەموو ئەم ڕاستی و بەڵگانەی هەڵماڵی و تەماع و پاوانخوازیی هێزەكانی سەر بە ئێرانی لە پارێزگای سلێمانی دەرخست، لەم هەڵبژاردنەدا بە هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق ژمارەیەكی زۆری حزب و لایەنگری ئێران، یان ئەوانەی وەكو سوپای پاسداران بیر دەكەنەوە، ڕوویان لە كەمی كرد. لە بەرامبەردا هێزێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵگری بیری نەتەوەییە هەموومان بینیمان كە چۆن هەڵیانكوتایە سەر بارەگاكانی پارتی و هێزەكانی وەكو پەكەكە و لایەنگرانی ئازاری پارتییەكانیان دەدا. گەڕانەوەی ڕادەستكردنی ئەم ناوچەیە بە هیلالی شیعی و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بیری نەتەوەییەی سلێمانییەكان نەك هەر ناگونجێت، بەڵكو بە توندی دژی ڕادەوەستنەوە.

* باسی ئەوەت كرد پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ جارێكی دیكە لە پێگەی بەهێزی دەرەكی لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهان مایەوە، لەمەشدا كاریزمایی سەرۆك بارزانی ڕۆڵی خۆی هەبووە، ئایا پارتی چۆن لەم پێگە بەهێزە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و هەرێمەكە سوود وەردەگرێت؟

- پێگەی بەهێزی سەرۆك بارزانی وای كردووە پارتی لە حزبێكی لۆكاڵییەوە دەربچێت بەرەو حزبێكی نالۆكاڵی، پارتی وێستگەی حزبایەتی بەجێهێشتووەو لە داڕشتنی نەخشە ڕێگای عێراق و ناوچەكەدا ڕۆڵی خۆی هەیە. لەمەشدا پارتی پێویستی بەو بوونە بەهێزەیە بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرگری لە داوای ڕەوای گەلی كوردستان بكات، ئەو داوایەی هاوخەباتی دوێنێ لە سوننە و شیعە لە یادیان كردووە و، بگرە دژایەتی دەكەن. پارتی لە رێگەی هێزی كاریزمای سەرۆك بارزانی و دیپۆماسیەتی بەهێزی سەركردایەتییەكەی دەتوانێت لەبەغدا ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕێت بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەواكانی گەلی كورد و كوردستان و بگرە لە پێكهێنانی حكومەت و لە دانوستانەكاندا سازش لە سەر هیچ مافێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانی ناكات، ئەو سیاسەتەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەغدا پیادەی كرد، بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە بەوەی پارتی پارێزگاریی لە ناسنامەی میللەتی كورد و كوردستانییەكان و خەباتی میللەتی كورد دەكات. سەركەوتنی پارتی ژیانەوەی ئەو بیرە نەتەوەییە خۆڕسكەی سلێمانییە، تەنانەت ئەو كاندیدانەی پارتی كە لە بازنەكانی ئەم زۆنەدا دەرنەچوون دەنگی زۆر باشیان هێناوە.

* عێراق وەكو دەوڵەت و نادەوڵەت ئیشكالیاتی گەورەی لە فیدڕاڵیەت و دیموكراسی و پێكەوەژیان هەیە، ئایا ئێوە كاتێك دەچنە پەرلەمان چۆن لەناو ئەم كێشە گەورە و ئاڵۆزانەدا لە چوارچێوەی عێراقدا بەرگری لە مافی ڕەوای كورد دەكەن؟

- سەرەتا دەبێت لێرەوە دەست پێ بكەین، پێویستە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان لە ئاست ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستاندا بن و هەموویان لە ژێر چەتری سەرۆكایەتیی هەرێم كۆببنەوە و، لە پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن. سەرجەم كاندیدە دەرچووەكان كاتێك دەچنە بەغدا دەبێت ڕەنگەكان وەلا بنێن و سەر بەهەر حزب و بیروباوەڕێك بن، دەبێت لە پێناو قەزییەی كورد و مافی كوردستانییەكاندا خەباتێكی مەدەنی و سیاسی بكەن. دەرئەنجامیش هەر كاتێك كورد یەكڕیز و یەكگوتاریی نێوماڵی خۆی بووبێت، زۆرترین دەستكەوتی لە بەغدا و لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بەدەست هێناوە، بۆیە بە یەكگرتوویی دەتوانین بە سەر هەموو ئەو ئیشكالیات و كێشانەدا زاڵ بین. ناكرێت هەموو ئەو دەنگانەی بەدەست هاتوون، لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە بە هۆی كێشە و گرفتی نێوخۆیی خۆمانەوە لە بەغدا بیدۆڕێنین، لەمەدا دروستبوونی هاوپەیمانەتییەكی كوردستانی بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد گرنگە و دەبێتە هیوا و ئومێدێكی ئەم میللەتە. پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئەو یەكڕیزی و یەكگوتارییەی پارتە سیاسییەكانی كوردستانە، ئومێدەوارم ئەو كارەساتەی لە خولی چوارەمدا بەسەر لایەنە كوردستانییەكاندا هات، دووبارە نەبێتەوە، كە هەر تەنیا بە ناو هەندێك پەرلەمانتار نوێنەرایەتیی گەلی كوردستانیان دەكرد و، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەكانیشیان بەرامبەر بەم كەمتەرخەمییە زۆر ناجددییانە و نابەرپرسانە مامەڵەیان دەكرد، لە كاتێكدا ئەمانە بە ناوی كورد لە بەغدا بوون، ئومێدەوارم ئەم جارە بە یەكڕیزی بتوانین گەلی كورد سوود لەم دەستكەوتە وەربگرێت، كە كورد دەنگی كورسییەكانی زۆر بووە و دەتوانین بە هاوپەیمانێتییەكی نەتەوەیی حزوورمان لە ناو پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێكاریش هەبێت و، لایەنە سیاسییەكان بە هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسیارانە سیاسەت بكەن و، خۆیان لە دروشمی پۆپۆلیستی و موزایەدە و سازشكردن بە دوور بگرن و، لە سەر كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش ڕێكبكەوین و لەمەدا بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان ڕەچاو بكەین.

 

Top