پێشنیارێكی ئیسڕائیل بۆ دروستكردنی(1300)خانوو لە كەناری ڕۆژئاوا گرژی لێ دەكەوێتەوە

پێشنیارێكی ئیسڕائیل بۆ دروستكردنی(1300)خانوو لە كەناری ڕۆژئاوا گرژی لێ دەكەوێتەوە

 

سەرچاوەیەك لە بەرپرسێكی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە كە پێشنیار كراوە (1300) خانووی نوێ لە کەناری رۆژئاوا دا دروست بكرێت و بەرپرسانیش بەنیازن لە داهاتوویەكی نزیكدا قسە  لەسەر ئەم پێشنیارە بكەن، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە كردووەتەوە كە  ئەو جۆرە هەنگاوانە گرژییان لێ دەكەوێتەوە و زیان بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنی ئاشتی دەگەیەنێت.

هەر لەم ڕووەو هەواڵەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەڕێوەبەرایەتیی زەوی و خاک لە  ئیسرائیل ئەو پێشنیارانەی بۆ دروستكردنی ئەو خانووە تازانە ڕاگەیاندووە کە لەناو چەند ئوردوگایەك لە کەناری رۆژئاوا دا دروست دەكرێن،ئەو زەوییانەش خەونی فەلەستینیەکانە كە دەیانەوێت لە ئاییندەدا ببێتە دەوڵەتی خۆیان.

لە بەدواداچوونی ئەو پەرەسەندنانەشدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەلەستینییەکان دووپاتی كردەوە كە ئەو هەنگاوانەی ئیسڕائیل بۆ دامەزراندنی ئوردوگای تازە كارەساتی لێ دەكەوێتەوەو كاریگەریی نەرێنیی دەبێت بۆ ئەگەری گەیشتن بە ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی و بە هەوڵ و كۆششی ئەمەریکا و وڵاتانی دیكە دێتەدی، ئەو لایەنانەش دەیانەوێت متمانەی دوولایەنە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دا زیندووبكەنەوە.

Top