كوردانی ڕۆژاوا دەستەی باڵایان پێكهێنا

كوردانی ڕۆژاوا دەستەی باڵایان پێكهێنا
دوێنێ سێشەممە، هەردوو ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژاوای كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا، لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەی هەولێر كۆ بوونەوە و ئەنجوومەنێكیان پێكهێنا كە بە دەستەی باڵای كورد ناو دەبرێت.
لە سەرەتای بەیاننامەیەكدا كە بەرواری 24/7ـی بەسەرەوەیە و دانەیەكی بۆ ئاژانسی پەیامنێر نێردراوە، هاتووە كە كە لەژێر ڕۆشنایی رێككەوتننامەی هەولێر كە لە ‌11/7/2012 لە نێوان ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژاوای كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە ڕۆحێكی دۆستانە و بەرپرسیارانە بەرنامەی كاری داهاتووی خستە بەر باس.

بەیاننامەكە ئاماژە بە پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دەدات بەوەی كە ئیرادە و توانای گەلی كورد یەكبخرێت.



بەیاننامەكە هاوكات جەختی كردووەتەوە كە كۆبوونەوە درێژەی هەیە تاكو كۆی لیژنەكان پێك دەهێنرێن و دەستبەكار دەبن.

هەروەها دەستەی باڵای كورد چالاكییەكان و كاری هەردوو ئەنجوومەنەكە بەرێوە دەبات و هەمووان وابەستەی بڕیارەكانی دەبن.

هاوكات كۆبووەوەكان كۆبوونەوەی دەستەی باڵای كوردیان بە هەنگاوێكی گرنگ كە خزمەت بە یەكیەتیی گەلی سووریا و ئامانجی شۆڕش و ئازادی وەسف كرد.

هەروەها پێویستیی ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەیان (ڕۆژاوای كوردستان) لە نێوان كورد و عەرەب و سریان و كلد و ئاشوری و ئەوانی دی، خاڵێكی دیكەی كۆبوونەوەی دەستەی باڵا بوو.



لە كۆتایی بەیننامەكەدا هاتووە كە بە بۆنەی دامەزراندنی دەستەی باڵای كوردەوە هەردوو ئەنجوومەنەكە داوا لە جەماوەریان دەكەن 29/7/2012 بكەن بە ڕۆژی خۆپێشاندان و دروشمی \"دەستەی باڵای كورد نوێنەرایەتیمان دەكات\"" بڵێنەوە.

جێی باسە لە ‌11/7/2012 به سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، رێککەوتنامەی هەولێر لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا.

بەپێی رێککەوتننامەکە پێویست بوو لە ماوەی 15 رۆژدا دەستەیەکی باڵای هاوبەش بە ناوی \""دەستەی باڵای کوردی\"" لە نێوان هەردوولادا پێک بهێنرێت کە ئەرکەکەی دانانی سیاسەتێکی گشتی و سەرکردایەتیکردنی کوردی رۆژئاوای کوردستانە لەم قۆناخە چارەنووسسازەی کە تێیدا تێپەڕ دەبن."
Top