به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ به‌رزوبه‌رِێز راگرتنی یادی مسته‌فا بارزانی رابه‌ر و سیمبوولی نه‌ته‌وه‌یی كورد
ئه‌مرِۆ یادی كۆچی دوایی مرۆڤێكی مه‌زن و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دلێر و رابه‌رێكی بێهاوتا ده‌كه‌ینه‌وه. مرۆڤێك له خانه‌واده‌یه‌كی رۆشنگه‌ریی ئایینی و شۆرِشگێرِ و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر هاتۆته دنیاوه و فیكر و هه‌ڵسوكه‌وتی به بنه‌ماكانی مافخوازی و ئازایی و لێبوورده‌یی قاڵ بووه.
رابه‌رێك له مێژووی گه‌له‌كه‌ی و ره‌وایه‌تی مافه‌كانی و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی بێ پسانه‌وه‌وه شه‌رعییه‌تی سه‌ركردایه‌تی كردنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی هاوچه‌رخی نه‌ته‌وه‌ی كوردی وه‌رگرتووه.
ئه‌مرِۆ یادی 33 ساڵه‌ی كۆچی دوایی (مسته‌فا بارزانی) نه‌مر ده‌كه‌ینه‌وه و له‌كاتێكدا ئێمه وه‌كوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و بۆنه‌یه‌دا به‌یاننامه ده‌رده‌كه‌ین و یاده‌وه‌ری دامه‌زرێنه‌ر و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی پارته‌كه‌مان به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین، هاوكات ئه‌وه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه بارزانی نه‌مر سیمبولێكی نه‌ته‌وه‌یی ـ نیشتمانیی كوردستانییه و موڵكی هه‌موو مێژووی رابردوو ئێستا و ئاینده‌ی گه‌لی كوردستان و وێنای شۆرِشگێرِی هه‌موو خه‌باتكارانی رێی رزگاری و دیموكراتییه و نموونه‌ی كۆكراوه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانی كوردستانه.
بارزانی مسته‌فا كه پێش 33 ساڵ و دوای ته‌مه‌نێكی پرِ له ئازار و ئه‌شكه‌نجه و ئازایه‌تی و خۆرِاگری و حیكمه‌ت و دووربینی، كۆچی دوایی كرد، خه‌زێنێكی گه‌وره‌ی له فیكری نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتی و ئه‌زموونی خه‌باتگێرِی و پێشمه‌رگایه‌تی بۆ جێهێشتووین، بۆته رێبازێكی یه‌كانگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری كه بۆ دنیابینی و رێكخستنی ناوماڵی كورده‌واری و تێرِوانینی سیاسی و كاروكرده‌وه‌مان، نه‌وه له‌دوای نه‌وه، سوودی گه‌وره‌ی لێده‌بینین و ده‌بێته رۆشنكه‌ره‌وه‌ی رێگامان له رۆژانی سه‌خت و تاریكدا. ده‌بێته ده‌روازه‌مان له ته‌نگیدا و ده‌بێته نیشانه و ماكی ئاینده‌مان له خه‌باتی دیموكراتیدا.
بارزانی نه‌مر ئه‌و رابه‌ره شۆرِشگێرِه بێهاوتایه بوو كه هه‌میشه ئاشتی ده‌خسته پێش هه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌كه‌وه بۆ دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد. هه‌میشه دیموكراتی به خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌وه گرێده‌دا. به‌دیهێنانی مافی گه‌لی كوردستانی له به‌دیهێنانی مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و چه‌سپاندنی سستمی سیاسی دیموكراتی له عێراقدا ده‌بینییه‌وه و وه‌كوو ئامانجگه‌لێك له پێناویان‌دا تێده‌كۆشا كه یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن و پێكه‌وه به‌دی دێن.
ئێمه كه یادی كۆچی دوایی ئه‌م رابه‌ره مه‌زنه ده‌كه‌ینه‌وه، رێبازه‌كه‌ی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و برِوامان به‌وه‌یه كه رێنیشانده‌رمانه له خه‌باتی ئه‌م قۆناغه‌ی گه‌له‌كه‌مان و نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا. پابه‌ندبوونی خۆمان به بنه‌ما نه‌گۆرِه‌كانییه‌وه دووپاتده‌كه‌ینه‌وه كه بریتین له برِوابوونی بێ چه‌ندووچۆن به مافی ره‌وای گه‌لی كورد و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆی خۆی و دابین كردنی ئازادی سیاسی و سه‌رفرازی نیشتمانیی و دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. بنه‌ماكانی رێبازی بارزانی نه‌مر بریتین له چه‌سپاندن و پاراستنی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له هه‌رێمی كوردستاندا. له یه‌كرِیزیی گه‌له‌كه‌مان و پێكه‌وه خه‌باتكردنی سیاسی و پێكه‌وه ئیشكردن بۆ بنیاتنانی وڵات و گه‌شه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. برِوابوونه به لێبوورده‌یی و یه‌كترقبووڵكردن و رێزگرتن له جیاوازییه‌كان. كاركردنه بۆ فه‌راهه‌مكردن و پاراستنی ئازادییه‌كانی بیرورِا و عه‌قیده و راده‌ربرِین و چه‌ندین چه‌مك و برِوایی دیكه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه له كۆی هه‌موویاندا جیهانبینییه‌ك بۆ ئازادی و به‌رِێوه‌بردنی وڵات و گه‌شه‌كردن به‌رجه‌سته ده‌بێ . ئه‌زمونى گه‌لى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌مى ئه‌و خه‌باته نه‌پساوه‌ى گه‌لى كوردستانه به رابه‌رایه‌تى بارزانى نه‌مر. ده‌با له‌م بیره‌وه‌ریه‌دا پتر نێوماڵى كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه و ئه‌و ده‌ستكه‌وته مه‌زنانه‌ى به خوێن و خه‌بات به‌ده‌ست هاتوون بپارێزین و هه‌وڵبده‌ین پێكه‌وه ژیانى سیاسى و یه‌كترقبوڵكردن له كوردستاندا وه‌كو باوه‌رِ و پرِاكتیك مكومتر بكه‌ین و هه‌موومان به‌لایه‌نه سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى، به‌هه‌ستى پرِ له به‌رپرسیاریه‌تى نه‌ته‌وایه‌تى و نیشتیمانى نه‌هێڵین هیچ درزێك له ریزه‌كانمان دروست ببىَ و هه‌موو هه‌وڵ و كۆششه‌كان بۆ به‌دی هێنانى ئاوات و ئامانجه به‌دی نه‌هاتوه‌كانى گه‌له‌كه‌مان بێت.
سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ یادی بارزانی نه‌مر داده‌نه‌وێنین
33 ساڵه‌ی كۆچی دوایی رابه‌ر و سیمبوولی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان