هه‌رێم 5 هه‌لیكۆپته‌ر ده‌خاته خزمه‌تى سیسته‌مى هاتووچۆى هه‌ر سێ پارێزگاوه
به‌مه‌به‌ستى پێشخستنى به‌رده‌وامى سیسته‌مى هاتووچۆ و سوود وه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیاى نوێ و به‌هۆى زیادبوونى به‌رچاوى ژماره‌ى ئۆتۆمۆبیل له هه‌رێمى كوردستان و فراوانبوونى رووبه‌رى جاده‌و رێگاوبانه‌كان و له پێناو زیاتر خزمه‌تكردن به هاوڵاتیان و خێرا گه‌یشتن به‌رووداوه‌كانى هاتووچۆ و دیارى كردنى شوێنه قه‌ڵه‌باڵغ و ئاپۆڕاكان و زووچاره‌سه‌ركردنیان، وه‌زاره‌تى ناوخۆ ماوه‌یه‌كه له هه‌وڵى به‌كارهێنانى ژماره‌یه‌ك هێلیكۆپته‌ره بۆخزمه‌تكردن له بوارى پۆلیسى هاتووچۆى هه‌رێمى كوردستان.
بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌پێى گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى نه‌مساوى پێنج فڕۆكه‌ى هێلیكۆپته‌ر كڕدراوه كه دووانیان گه‌یشتوون وسێ دانه كه‌ى دیكه له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌گه‌نه هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵده‌درێت له نزیكترین ده‌رفه‌تدا بۆهه‌ریه‌كه له هه‌ولێرو سلێمانى دوو دانه‌و بۆ پارێزگاى دهۆكیش یه‌ك دانه بخرێته وارى خزمه‌تى پۆلیسى هاتووچۆوه.
جێى ئاماژه‌یه ئێستا ژماره‌یه‌ك لاوى كورد كه پۆلیسى هاتووچۆن له ژێر ده‌ستى پسپۆڕى بیانى له مه‌شقدان بۆ فێربوونى لێخوڕین وچاككردنه‌وه و به‌كارهێنانى ئه‌م هێلیكۆپته‌رانه.
ئه‌مڕۆ له به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێزكه‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆ به یاوه‌ریى به‌رێزان لیوا رزگار به‌رێوه‌به‌رى گشتى پۆلیسى هاتووچۆى هه‌رێم و لیوا ئازاد خۆشناو له فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێرى نێوده‌وڵه‌تى چاوى به‌م ژماره لاوه‌ى كورد كه‌وت كه‌مه‌شقى فڕۆكه‌وانى ده‌كه‌ن و خۆشحاڵى خۆشى نیشاندا كه له‌قۆناغى زۆر پێشكه‌وتوودان و هانى دان زیاتر خۆیان ماندووبكه‌ن و زووتر ئاماده‌بن بۆپێشكه‌شكردنى ئه‌م خزمه‌تگوزارییه پێشكه‌وتوه نوێیه به‌خه‌ڵكى كوردستان و سوپاسى راهێنه‌رانى خوله‌كه‌ى كرد و داواى لێ‌كردن هه‌رچى پێویسته بۆ پێگه‌یاندنى ته‌واوى ئه‌م لاوانه درێغى نه‌كه‌ن.
ئاماده‌یى وه‌زاره‌ت وحكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى نیشاندا بۆ دابینكردنى هه‌رپێویستیه‌ك له‌م رووه‌وه.