سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی لە ئەفغانستان بە توندی ئیدانە و مەحکووم دەکات

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی لە ئەفغانستان بە توندی ئیدانە و مەحکووم دەکات
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەراگەیندراوێکی بەتوندی ئیدانە و مەحکومی سوتاندنی دانەیەک لە قورئانی پیرۆز لە بنکەیەکی سوپای ئەمەریکی لە ئەفغانستان دەکات.
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە : -

بڵاوبوونەوەی ھەواڵی سووتاندنی دانەیەک لە قورئانی پیرۆز لە بنکەی سەربازیی ئەمەریکی باگرام لە ئەفغانستان؛ کاردانەوەی توندی لەلایەن وڵاتانی جیھانی ئیسلامی لە شێوەی خۆپیشاندان و کاری توندوتیژیی بەدوای خۆیدا ھێنا و رەچاوی ئەوەی لێ دەکرێت کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندیی پێکەوەژیان لە نێوان پێکھاتە ئایینیەکان لەسەر ئاستی جیھان دروست بکات.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدا زۆر بەتوندی سووتاندنی قورئانی پیرۆز مەحکووم و ئیدانە دەکەین، لە ھەمان کاتدا خوازیارین کە بەرپرسانی بنکەی سەربازیی باگرام بە وردی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەم کارە نابەجێیەدا بکەن و رێگاش نەدرێت ئەم رەفتارە نامەسئوولانەیە ببێتە ئەگەری تێکدانی رەوشی ئاسایش لە جیھانی ئیسلامیدا.
جارێکی دی ئێمە رەفتاری نەشیاوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە توندی مەحکووم دەکەین.


دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان
٢٣/٢/٢٠١٢
Top