راپۆرتی رۆژنامەی هەوڵێر
ماڵپەڕی وەزارەتەكان بە "دەفتەری بیرەوەری" دەچن و هەیشیانە ساڵێكە تازە نەكراوەتەوە

راپۆرتی رۆژنامەی هەوڵێر <br /> ماڵپەڕی وەزارەتەكان بە
كورسیی پشت مێزەكەی بە جێ هێشتووە و لەسەر قەنەفە بەرانبەر میوانەكان دانیشتووە. ئەوە وێنەی وەزیرێكی حكوومەتی هەرێمە كە لە نێو هەواڵی ماڵپەڕی وەزارەتەكەیدا نیوەی شاشەی پێ پڕ كراوەتەوە.

لە نێوەڕۆكی هەواڵەكەدا، وەزیر بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی بەرپرسی میوان دەكات. میوانیش سەرسامیی خۆی بۆ پێشكەوتنەكان دەردەبڕیت و ستاییشی ڕۆڵی بەرپرسان دەكات. لە كۆتایی هەواڵەكەیشدا زۆر بە كورتی وەك شتێكی لاوەكی باسی بابەتی سەردانەكە دەكرێت.

هەرچەندە دۆخی زۆربەی سایتەكانی حكوومەت، هاوشێوەی یەكە، بەڵام بە دەگمەن دەتوانی هەواڵێك لە نێو سایتی وەزارەتی بازرگانیدا بدۆزییەوە كە تایبەت بە سەردان و پێشوازی نەبێت.

ئەگەر هاووڵاتیان بە دوای ئەو یاسایەدا بگەڕێن كە لە ڕێگەیەوە یەكەیەكی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن، لە ماڵپەڕی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا نایدۆزنەوە.

ئەمە دۆخی نێو زۆربەی ماڵپەڕەكانی حكوومەتی هەرێمە كە پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن دكتۆر (مەغدید سەپان)، بە ماڵپەڕی \"نووسینەوەی بیرەوەریی كاربەدەستان\""ـی ناودێر دەكات و لە بڕوایەدایە زۆربەی سایتە فەرمییەكانی حكوومەت خەریكی هەواڵی تەشریفاتین.

بە پێچەوانەی ماڵپەڕەكانی دیكەی حكوومەتەوە، بەشی ئامار لە ماڵپەڕی وەزارەتی شەهیداندا هەیە، بەڵام تەنیا یەك ئاماری تێدایە كە ئەویش ناكرێتەوە.

ڕێنمایی تایبەت بە قەرزی بچووك و چاودێریی كۆمەڵایەتی لە نێو سایتی وەزارەتی \""كار\""ـدا دەدۆزرێنەوە، بەڵام ئاماری بێكاری، هێزی كار، دەرفەتەكانی كاركردن و پلانی پێشخستنی هێزی كار لە نێو سایتەكەدا دەست ناكەون.

ئەمە بە لای (بارزان حەسەن) كە لە كەناڵی ئاسمانیی \""نالیا\""ـدا كاری ڕۆژنامەوانی دەكات، خاڵی لاوازی ماڵپەڕەكانی حكوومەتە. (بارزان) پێی وایە ئەگەر ئامار لە سایتەكاندا بخرێتە ڕوو، ئەوان دەتوانن ئامارەكان شی بكەنەوە و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی بۆ ئەنجام بدەن و زانیاریی پوختەتر بە خەڵك ببەخشن.

جگە لەو ڕۆژنامەنووسە، ئەگەر هاووڵاتییەكیش بییەوێت لە چۆنیەتیی هەژماركردنی نرخی كارەباكەی ئاگادار بێت، زانیاریی پێویستی لەسەر سایتی وەزارەتی كارەبادا دەست ناكەوێت.

بە جیاواز لە هەموو سایتەكانی حكوومەتی هەرێم، سایتی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەواڵی سەردان و پێشوازییەكانی وەزیری تێدا نییە.

ئەگەر قوتابییەك بیەوێت لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیدا لە دەرەوە بخوێنێت، زۆربەی پرسیارەكانی لە نێو سایتەكەدا وەڵام دەدرێنەوە و دەتوانێت یەكسەر بە شێوەی ئەلیكترۆنی داواكارییەكەی پێشكەش بكات.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە هیچ توێژینەوەیەك لە نێو سایتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا دەست ناكەوێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە ساڵانە بە سەدان توێژینەوەی زانستی لە زانكۆكانی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

هەواڵ و زانیاریی نێو سایتەكانی حكوومەت ئەوەندە درەنگ نوێ دەكرێنەوە كە ڕۆژنامەنووس (هێمن بابان) وەك سەرچاوەی ڕۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكات. ئەو دەڵێت: \""ماڵپەڕ هەیە كە لە ساڵی 2010ـەوە زانیارییەكانی نوێ نەكردووەتەوە.\""

شیاوی گوتنە، دوایین هەواڵی وەزارەتی شەهیدان هیی ساڵی 2010ـیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن دكتۆر (سەپان) بە پێویستی دەزانێت كە دامودەستگەكان بەردەوام ئەو زانیاریانە لە سایتەكانیاندا بخەنە ڕوو كە بۆ خەڵك پێویستن.

ئەو بە پێداگرییەوە گوتی: \""پێویستە هەر دامودەستگەیەك ئیمێڵێكی هەبێت تاكوو ئەگەر هاووڵاتیان زانیارییەكی زیاتریان پێویست بوو، پێوەندییان پێوە بكەن.\""

هەرچەندە هەندێ لە وەزارەتەكان ئیمێڵیان لەسەر سایتەكانیان داناوە، بەڵام بە گوتەی دكتۆر (سەپان) زۆربەی جارەكان وەڵامی ئیمێڵەكان نادرێنەوە.

سایتی حكوومەتی هەرێم تەنیا ماڵپەڕی 15 وەزارەتی تێدایە و ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی، سامانە سرووشتییەكان، ناوخۆ، پێشمەرگە و چەند دەستە و دامودەستگەیەكی دیكە لە نێو سایتی حكوومەتدا بوونیان نییە.

ئەگەرچی لە ساڵی 2007ـەوە فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی بۆ بنیاتنانی حكوومەتی ئەلیكترۆنی دامەزراوە، بەڵام هەتا ئێستا پڕۆژەی ڕێكخستنی ماڵپەڕە حكوومییەكانیان جێبەجێ نەكردووە.

بەرپرسی فەرمانگەی زانیاریی حكوومەتی هەرێم (بۆتان مەحموود)، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوان ساڵی 2010 پڕۆژەی نوێبوونەوەی ماڵپەڕەكانی حكوومەتیان پێشكەش كردووە، بەڵام پەسند نەكراوە.

(بۆتان مەحموود)، ئاشكرای كرد كە ئێستا پڕۆژەیەكی بچووكتریان گەڵاڵە كردووە كە ساڵی 2012 دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. ئەو پڕۆژەیە دانانی یەك ماڵپەڕە بۆ هەموو دامودەستگەكانی حكوومەت.

بە گوتەی (بۆتان)، كەسێك كە بە نیازی دەرهێنانی پاسپۆرتە، دەتوانێت لە ڕێگەی ماڵپەڕەكەیەوە، ئاگاداری ئەوە بێت كە چ بەڵگەنامەیەك لەگەڵ خۆی ببات. یانیش كەسێك كە بە نیازی وەبەرهێنانە، دەتوانێت دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەسەر ماڵپەڕەكە بدۆزێتەوە.

هەڵبەت وێڕای ئەو ماڵپەڕەی (بۆتان مەحموود) باسی لێوە كرد، ماڵپەڕی دامودەستگەكان هەر دەمێننەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەك بۆ ڕێكخستن و پێشخستنی ئەو ماڵپەڕانە لە ئارادا نییە.

هەرچەندە بەشێك لە دامودەستگەكان ماڵپەڕیان نییە، بەڵام زۆربەی ماڵپەڕەكانی ئێستا ئەوەندەی بە ماڵپەڕی وەزیر دەچن، بە ماڵپەڕی وەزارەت ناچن."
Top