لە كەركووك ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەوی كێشەی لەسەرە

لە كەركووك ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەوی كێشەی لەسەرە
ئەو پارچە زەویانەی كە لە سنووری پارێزگای كەركووك تا ئێستایش كێشەیان لەسەرە، دەگاتە ملێونێك و 200 هەزار دۆنمی زەوی.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك (مەهدی موبارەك)، لە بارەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانەوە، گوتی: “ئێمە چەندین جار هەوڵی ئەوەمان داوە كە ئەو پارچە زەوییە كشتوكاڵیانەی پێشتر لە لایەن بەعسەوە دابەش كراوەتە سەر كەسانی دیكە و زۆربەیشیان تا ئێستا كێشەیان لەسەرە، چارە بكرێن.”

(موبارەك)، ڕوونیشی كردەوە: “بڕیارە ئەو كێشانە لە شاری بەغدا چارە بكەین و هەفتەی داهاتوویش سەرجەم وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و نەوت و نوێنەرانی هەر سێ نەتەوەی كورد و عەرەب و توركمان، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ (هادی عامری)ـدا ساز بكەین كە ئێستا سەرۆكی دەستەی ماددەی 140ـە.”

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك، ئەوەیشی خستە ڕوو كە نوێنەری عەرەب ڕەزامەندیی لەو بارەیەوە دەرنەبڕیوە، چونكە لە بەرژەوەندییاندا نەبوو كە كێشەكان چارە بكرێن، كەچی هەشت ئەندام واژۆیان كرد، ئەو لیژنەیەیش لە ماوەی 10 ڕۆژدا بەڵگەكانی خستە ڕوو كە ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە بریتین لە لەیلان و داقوق و تازوبەشیر و یایچی و دووبز و سەرگەڕان و سەرجەم بەڵگەكانیش لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كوردو توركماندا بوون.

سەبارەت بە كاركردنیان لەسەر گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگای كەركووك، (مەهدی موبارەك) ئاماژەی دا: “ئێمە پشت بە گرێبەستەكانی نێوان ساڵانی 1975 بۆ 1980 دەبەستین كە ئەو كات پێنج بڕیار لە لایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسەوە دەرچووە و بەو بڕیارانە زەوییە كشتوكاڵییەكان لە كورد و توركمان وەرگیراوەتەوە و پاشان بەسەر عەرەبدا دابەش كراوە جا چ هاوردە بن و چ ڕەسەن.”

(مەهدی)، ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە وەزارەتی نەوتی عێراقی لە ڕاپۆرتێكدا داوای كردووە كە زەوییەكانی دەوێتەوە كە نزیكەی 50000 هەزار دۆنمی دیاری كراوە، كەچی لە بڕیارەكەی یەكەمی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسدا بە ژمارە 369 زەوییەكانی پێ دراوە و 135هەزار دۆنم دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە 50000 هەزاری بۆ نەوت دەڕوات كە لە ناوچەكانی لەیلان و داقوق و دوبزن، وەزارەتی بەرگرییش هێشتا ڕاپۆرتەكەی تەواو نەكردووە كە ژمارەی زەوییەكانی چەندە.

سەبارەت بەو زەویانەی كە تاكوو ئێستا لە دەستەی چارەكردنی موڵكایەتی یەكلا نەكراونەتەوە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك گوتی: “بە گشتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری كەركووك چارە نەكراون و هەندێك بڕیار لە ژێر دەستی سەرۆكوەزیرانە، واتا چارەكەی لای ئەو دەكرێت، چونكە كاتی خۆی بە بڕیاری لیژنەی كاروباری شیمال و دیوانی سەرۆككۆمار دراوە و نزیكەی 900 هەزار دۆنمی كشتوكاڵین و ئێستایش لە دەستەڵاتی (مالیكی)ـدا هەیە هەڵیبوەشێنێتەوە.”

ئەو، هەورەها ڕوونیشی كردەوە كە ئەو زەویانەی تاكوو ئێستا لە سنووری پارێزگای كەركووك كێشەیان لەسەرە، دەگاتە یەك ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی.

(مەهدی موبارەك)، گوتیشی “ئامادەكاریی تەواومان بۆ كارئاسانی بۆ جووتیارانی كەركووك كردووە و زیاتر لە 420 هەزار دۆنم زەویی بەرئاومان هەیە و بۆ ئەمساڵ لە پلانماندایە، هەروەها نزیكەی 170 هەزار دۆنممان هەیە بۆ پشتاو كە دەكاتە نزیكەی 600 هەزار دۆنم و نزیكەی 15هەزار پەینی كیمیاوییمان دابەش كردووە لەگەڵ بنەتۆو و تاكوو ئێستایش 5000 تۆنمان دابەش كردووە، هاوكات دابینكردنی گازیش بۆ سەرجەم جووتیاران لە بەرنامەدایە كە بۆ هەر دۆنمێك 15 لیتری بۆ ئامادە كراوە و نزیكەی 30 هەزار جووتیاریش سوودمەند دەبن.”

-سایتی هەولێر
Top