پەكەكە هەواڵی كوژرانی گەریلاكانیان رەتدەكاتەوە

پەكەكە هەواڵی كوژرانی گەریلاكانیان رەتدەكاتەوە
دوێنی كەناڵی “تی ئاڕ تی”ـی توركیا، هەواڵێكی بڵاو كردەوە و تێدا ئاماژەی دابوو كە لە پێكدانێكی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیادا، 53 گەریلای پەكەكە كوژراون.

بەپێی هەواڵەكەی “تی ئاڕ تی”، ئەو شەڕە لە كاتێكدا ڕووی داوە كە چەكدرانی پەكەكە بە مەبەستی ئەنجامدانی كارێكی پارتیزانی ویستوویانە بە شوێنێكدا تێپەڕ بن، بەڵام كەوتوونەتە بۆسەی هێزەكانی سوپای توركیاوە و بەو هۆیەیشەوە ئەو قوربانیانەیان لێ كەوتووەتەوە.

هەرچەندە هەواڵەكە لە زۆربەی میدیاكانی ئەو وڵاتە و میدیا دەرەكییەكانەوە بڵاو كرایەوە، بەڵام تا ئێستایش لە لایەن هیچ یەكێك لە بەرپرسانی سوپای ئەو وڵاتەوە لە بەرەكانی شەڕ ئەو هەواڵە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

لە بەرانبەریشدا، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە (ئەحمەد دەنیز)، ئەو هەواڵەی بە درۆ خستەوە و ئاماژەی دا كە ئەوە كاری ڕاگەیاندنەكانی توركیایە و دەیانەوێت شەڕێكی سایكۆلۆژی لەگەڵ پەكەكەدا بكەن.

(دەنیز)، ڕوونیشی كردەوە كە لە ئێستادا مەعنەویاتی سوپای توركیا نەماوە و تاكوو ئێستایش بە دەیان كەسیان لێ كوژراوە و زەربەیەكی زۆریان بەر كەوتووە.
Top