سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌مینداری گشتی حزبی ئیسلامیی عیراق و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌مینداری گشتی حزبی ئیسلامیی عیراق و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 22/10/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ د.ئه‌یاد ئه‌لسامه‌رائی ئه‌مینداری گشتی حزبی ئیسلامیی عیراق و شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌رێزان فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌حمه‌د كانی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندی كوردستانی و عیراقی پارتی ئاماده‌ی بوون ، ئه‌مینداری گشتی حزبی ئیسلامی عیراق رۆڵی ئیجابیانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عیراقدا به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی به‌رێزیان و كۆبوونه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته‌كانی ئه‌وسا كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ توانرا حكومه‌تی ئێستای عیراق پێك بهێنرێ‌ و وڵاتیشی خسته‌ سه‌ر راسته‌رێی خۆی ، به‌ڵام پاش پێكهێنانی حكومه‌ت و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌ سه‌ری رێككه‌وتبوون ئێستا وڵات دووچاری چه‌ندین ته‌نگژه‌ هاتووه‌ كه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ره‌تییه‌ له‌ رێی پته‌وكردنی بنه‌مای په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌موو كوتله‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان و هه‌روا پابه‌ندبوون به‌ پره‌نسیپی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و ئه‌نجامدانی چاكسازی سیاسی له‌ وڵاتدا.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند كه‌ ئامانج له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ زۆر روون و ئاشكرا بوو و له‌ سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك بونیادنرابوو ، به‌ڵام پاش پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌و بنه‌مایانه‌ یان پشتگوێخران یانیش به‌دواداچوونی پێویستیان بۆ نه‌كرا كه‌ ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ كه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌ ، ئێمه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی عیراق ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا رووده‌دات راسته‌وخۆ كار ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ولێر ، شانده‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمیش كه‌ چووبوونه‌ به‌غدا له‌ ته‌ك كێشه‌و گیروگرفته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باسی سه‌رجه‌م ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ی وڵاتیشیان كردبوو كه‌ پێیدا تێپه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی .

ئه‌مه‌و له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی گشتیی ناوچه‌كه‌ و جیهان و كاریگه‌رییه‌كانی.
Top