سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو لۆرێتا سانچێز ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو لۆرێتا سانچێز ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌كات
ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 20/10/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ خاتوو لۆرێتا سانچێز ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا.

له‌ دیدارێكدا ، خاتوو لۆرێتا سانچێز ، وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌لێك پرسیاری ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی هه‌رێم و عیراق پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ئه‌و ئاوه‌دانیه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و په‌یوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و چۆنیه‌تی به‌شداربوونی كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌رێم ده‌بنه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌ وردی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌ و بیرو بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لانه‌ خسته‌ڕوو و كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی قۆناغه‌كانی پێش و پاش راپه‌ڕین و ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ به‌ر له‌ راپه‌ڕین دووچاری گه‌لی كوردستان ببووه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ ئاوه‌دانیه‌ی كه‌ پاش رزگاركردنی عیراق هاتوته‌دی.

خاتوو لۆریتا سانچێز سه‌رسامی خۆی به‌ گه‌لی كوردستان و قوربانیه‌كانی ده‌ربڕی و ئه‌و له‌ خۆبوردییه‌ی كه‌ پاش راپه‌ڕین نواندویه‌تی و ده‌ستخۆشیشیان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ گشت بواره‌كاندا هاتونه‌ته‌دی و ئاماده‌یی خۆیشی نیشاندا كه‌ كۆ ده‌نگیه‌ك له‌ ناو كۆنگرێسی ئه‌مریكا په‌یدا بكات به‌ مه‌به‌ستی هاریكاریكردنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان .
Top