له‌نێوان هه‌ڕه‌شه‌ی \"توند\""ـی به‌رپرسانی توركیا و هێرشه‌كانی \""په‌كه‌كه‌\""ـدا \""بەدەپە\"" داوای كۆتایی هێنان بە شەڕ دەكات"

له‌نێوان هه‌ڕه‌شه‌ی \
جارێكی دیكە شەڕ و توندوتیژی لە نێوان شەڕوانانی پەكەكە و سەربازانی سوپای توركیا هەڵگیرسایەوە و لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی توركیایش گرژی بارودۆخەكە نیشان دەدەن.

سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گیول) ڕایگەیاند كاردانەوەی سوپای توركیا زۆر توند دەبێت، سەرۆكوەزیرانی وڵاتیش (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) ئاماژەی بە ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازی كرد بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە.

كوژرانی سەربازانی سوپای توركیا
كەناڵی ئێن تی ڤی توركیا بڵاویكردەوە شەوی چوارشەممە شەڕ لە نێوان شەڕوانانی پەكەكە و سوپای توركیا لە پارێزگای هەكاری ڕوویداوە و لە ئەنجامدا بەلایەنی كەمەوە 26 سەربازی سوپای توركیا كوژراون و 18 سەربازی دیكەیش بریندار بوون.

ئێن تی ڤی بڵاویكردەوە شەڕەكە سەعات 1ـی سەر لەبەیانی دەستی پێكردووە و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام بووە و شەڕوانانی پەكەكەیش لە هێرشەكەیاندا 8 بارەگایان كردووەتە ئامانج.

كەناڵی تی ئاڕ تی توركیایش لە هەواڵێكدا باس لەوە دەكات باوەڕ وایە نزیكەی 100 شەڕوانی پەكەكە بەشدارییان لەو هێرشەدا كردووە.

گوتەبێژی پەكەكەیش (دۆستدار هامۆ) بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند شەڕەكە لە دوو ناوچە ڕوویداوە و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكیش بەردەوام بووە.

لە لایەكی دیكەوە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە لە پارێزگای بەتلیسی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا 5 پۆلیس و 3 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژنامەی حوریەتی توركیا بڵاویكردەوە تەقینەوەكە لە كاتێكدا بووە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس بەو ناوچەیەدا تێپەڕیووە و هەر ئەوەیش وایكردووە 5 كەس لە كوژراوەكان پۆلیس بن. پارێزگاری بەتلیس (نوورەدین یەڵماز)ـیش ئاشكرای كرد كە هەر بە هۆی تەقینەوەكەوە 4 كەس بریندار بوون.

بەرپرسانی ئاساییشی توركیا ئاشكرایان كرد بۆمبەكە لە ڕێی كۆنترۆڵەوە تەقێنراوەتەوە و بەرپرسیارییەتی ئەو كارەیشیان خستە ئەستۆی شەڕوانانی پەكەكەوە.

كاردانەوەی بەرپرسانی توركیا
شەڕەكە كاردانەوەی توندی لای بەرپرسانی توركیا لێكەوتەوە. بەرپرسی گشتیی سوپای وڵات ژەنەراڵ (نەجدەت ئۆزیل)، بەرپرسانی هێزە ئاسمانی و زەمینی و دەریاییەكانی توركیا بە خێرایی گەییشتنە شوێنی شەڕەكە.

سەرۆكوەزیرانی توركیایش (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) پلانی سەردانەكەی بۆ كازاخستان هەڵوەشاندەوە و وەزیری دەرەوەی وڵاتیش (ئەحمەد داودئۆغلو) گەشتەكەی بۆ سربیا ئەنجام نەدا.

سەرۆككۆماری وڵاتیش (عەبدوڵڵا گیول) ڕایگەیاند كاردانەوەی حكوومەتی توركیا لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا زۆر توند دەبێت.

ناوبراو ڕوونیكردەوە “ئەوانەی ئەم ئازار و ناڕەحەتییەیان تووشی ئێمە كرد تۆڵەیان لێ دەكرێتەوە”. لە لایەكی دیكەوە بەرپرسی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانیی توركیا (دەوڵەت باغچەلی) داوای لە حكوومەتی توركیا كرد یاسای ئیمێرجنسی لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیادا ڕابگەیەنێت، ئەوەیش بەهۆی زیادبوونەوەی هێرشی شەڕوانانی پەكەكە لەو ناوچەیەدا. ئەم یاسایە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1987 ـدا لەو ناوچەیەی توركیا ڕاگەیەندرا، ئەوەیش وەكوو كاردانەوەیەك لە بەرانبەر هێرشەكانی پەكەكەدا.

ماوەی چەندین ساڵە ئەم یاسایە كاری پێناكرێت، بەڵام ئەگەر حكوومەت ئیشی پێ بكاتەوە ئەوە بە واتای زیاتركردنی سەربازانی سوپای وڵات دێت لەو ناوچەیەدا، دانانی خاڵی پشكنین، قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كەمتر گەڕانەوە بۆ دادگاكان.

هاوكات باڵیۆزی ئەمەریكایش لە توركیا (فرانسیس ریكێردۆن)ـدا ئاشكرای كرد ئەمەریكا هاوپەیمانێكی سەرەكی توركیایە و هەربۆیەیش بە هەموو شێوەیەك لەم شەڕەدا یارمەتی و پشتگیری توركیا دەكات.

سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ناتۆش (ڕاسموسین) زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشەكەی كرد.

هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پەكەكە
یەكێك لە كاردانەوەكانی سوپای توركیا بەزاندنی سنووری عێراق بوو. ڕۆژنامەی حوریەتی توركیا بڵاویكردەوە سەربازانی سوپای توركیا بە پشتگیری تانك و هەلیكۆپتەر و فڕۆكەی سەربازی خاكی عێراقییان بەزاندووە.

كەناڵی ئێن تی ڤی توركیا بڵاویكردەوە سوپای توركیا بە قوڵایی 4 كیلۆمەتر چووەتە ناو خاكی عێراقەوە و تۆپخانە و فڕۆكەكانی توركیایش لە بەرزاییەكاندا دەستیان بە بۆردوومانی بارەگاكانی پەكەكە كردووە.

سەرۆكوەزیرانی وڵاتیش (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) ڕایگەیاند سوپای توركیا دەستی بە كردەیەكی سەربازی بەرفراوان كردووە، بەڵام ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا دەبێت.

ناوبراو زانیاری زیاتری لەو بارەوە ڕانەگەیاند، بەڵام ئاشكرای كرد كە حكوومەتی توركیا كاردانەوەی توندی دەبێت.

هاوكات پارتیی ئاشتی و دیموكراسی داوای لە بەرپرسانی حكوومەتی توركیا و بەرپرسانی پەكەكە كرد شەڕەكە ڕابگرن. بەدەپە دووپاتیكردەوە توركیا لە حاڵی حازردا پێویستی بە ئاشتی هەیە، نەوەك شەڕ.



-سايتی هەولێر
Top