پەكەكە: ئەگەر توركیا لەناوخاكی هەرێم روبەڕوی گەریلاكان ببێتەوە گورزی كوشندەی لێدەدەین

پەكەكە: ئەگەر توركیا لەناوخاكی هەرێم روبەڕوی گەریلاكان ببێتەوە گورزی كوشندەی لێدەدەین
پارتی كرێكارانی كوردستان هەڕەشەی لێدانی گورزی كوشندە لە سوپای توركیا دەكات ئەگەر هەوڵبدەن بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ راوەدونانی گەریلاكانیان.
ئەحمەد دەنیز، بەرپرسی پەیوەندیەكانی پەكەكە، لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی رایگەیاند: ئەوەی بەرامبەر سوپای توركیا ئەنجامیاندا كە بوە هۆی كوشتنی 50 سەربازی توركیا وەك پێشوازیەك بو بۆ سوپای توركیا كە هەوڵی دەدا بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ راوەدونانی گەریلاكانی پەكەكە.
وتیشی: ئەگەر سوپای توركیا هەوڵی ئەوەبدات لەدەرەوەی سنورەكانی خۆی و لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا چالاكی سەربازی ئەنجام بدات گورزی كوشندە و گەورەتری لێدەدەن.
دەنیز، ئاماژەشی بەوەدا كە پێشتریش رایانگەیاندوە كە ئەگەر سوپای توركیا هەوڵی ئەوەبدات لەدەرەوەی سنورەكانی توركیا و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان روبەڕوی گەریلاكان ببێتەوە روبەڕویان دەبینەوە‌و، ئەوەشی كە ڕویدا پلانێكی نەخشە بۆ داڕێژراوبو لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە.
لەهێرشى شەوی چوارشەممەی رابردو گەریلاكانی پەكەكە بۆسەر سوپای توركیا ژمارەیەكی زۆر لە سوپای توركیا كوژرا كە حكومەتی توركیا بە 24 كوژراو و 18 بریندار رایگەیاند و پەكەكە رایگەیاند كە 50 سەربازی توركیان كوشتوە.


-NRTtv
Top