سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كات
چوارشه‌ممه‌ 19/10/2011 به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ ژه‌نه‌راڵ ئۆستن فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌ری.

له‌ دیدارێكدا ، ژه‌نه‌راڵ ئۆستن ژه‌نه‌راڵ كاسلن _ى به‌ سه‌رۆك بارزانى ناساند كه‌ پاش كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ كۆتایى ئه‌مساڵدا جێى ده‌گرێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكى ترى ئه‌و دیداره‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى و هه‌وڵه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكى و جیاوازییه‌كان كه‌ بۆ ئێستاو ئاینده‌ى دۆسیه‌ى سیاسى و دیموكراسى عیراق گرنگه‌ و هه‌روا تیشك خرایه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ ئێستا جێى گفتوگۆى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراقه‌ .

ژه‌نه‌راڵ ئۆستن سوپاسى سه‌رۆك بارزانى كرد بۆ هه‌وڵ و كۆششه‌ تایبه‌ته‌كانى له‌ پێناو یه‌كخستنى ریزه‌كانى پێكهاته‌كانى عیراق و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان له‌ روانگه‌ى پێویستیى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان و لێك نزیك بوونه‌وه‌ و لێك تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش به‌و ئامانجه‌ى كه‌ سه‌قامگیرى سیاسى و ئه‌منى له‌ عیراقدا زامن بكات و رۆڵى گه‌لى كوردستانیشى له‌و رووه‌وه‌ به‌رنرخاند.

سه‌رۆك بارزانى پیرۆزبایى له‌ ژه‌نه‌راڵ كاسلن كرد به‌ بۆنه‌ى وه‌رگرتنى پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ى و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
Top