سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی تیرۆركردنی مه‌شعه‌ل ته‌مۆ ئیدانه‌ و مه‌حكووم ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی تیرۆركردنی مه‌شعه‌ل ته‌مۆ ئیدانه‌ و مه‌حكووم ده‌كات
به‌ داخه‌وه‌ وا دیاره‌ ئه‌و توندوتیژیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سووریا گرتوویانه‌ته‌ به‌ر گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ رۆژی رووناك هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر كه‌سانی نیشتیمانپه‌روه‌ر و چالاكوانی سیاسی و تیرۆریان بكه‌ن، رۆژی هه‌ینی 7/10/2011 چه‌ند چه‌كدارێك له‌ شاری قامشلۆ ته‌قه‌یان له‌ مه‌شعه‌ل ته‌مۆ وته‌بێژی ره‌سمی ره‌وتی ئاینده‌ی كورد و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كرد و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و سه‌ركرده‌ چالاكوانه‌ كورده‌ گیانی سپارد.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی تیرۆركردنی مه‌شعه‌ل ته‌مۆ ئیدانه‌ و مه‌حكووم ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ گه‌لی كورد له‌ كوردستانی سووریا هه‌تا ئێستا به‌ شێوازی دیموكراتییانه‌ و ئاشتییانه‌ داوای مافه‌ ره‌واكانی خۆی كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جاره‌ رووبه‌ڕووی تۆقاندن و تیرۆر و توندوتیژیی دڕندانه‌ بۆته‌وه‌.

ئه‌مڕۆش كه‌ ره‌وتی رووداوه‌كان له‌ سووریا به‌ ئاراسته‌ی ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێی سیاسی هه‌نگاو ده‌نێ‌، گه‌لی كورد خوازیاره‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌و وڵاته‌ مافه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات و له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی دیموكراتی هاوبه‌ش و به‌شدارێكی كارا بێ، بۆیه‌ تیرۆركردنی كه‌سانی نیشتیمانپه‌روه‌ر و ته‌قه‌كردن له‌ هاوڵاتیانی سڤیل و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ئاگر و ئاسن دۆخه‌كه‌ ناهه‌موار تر ده‌كات و قه‌یرانی ئاڵۆزتر به‌ دوای خۆیدا دێنێ‌.



وته‌بێژێك به‌ ناوی

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

8/10/2011
Top