نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی بەشداری كۆنفرانسی ئەلیم بۆ كاری زانستی دەكات

نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی بەشداری كۆنفرانسی ئەلیم بۆ كاری زانستی دەكات


شێخ عەبدولڵا بن سوڵتان ئەلقاسمی –جێگری حاكمی شاریقەو جێنشین پێشوازی لە شیلان خانەقا- نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی كردو بە فەرمی بانگهێشتی كرد بۆ بەشداری كردن لە ڕێو ڕەسمی كردنەوەی پیشانگای نێودەوڵەتی شاریقەی لە میرنشینی شاریقەدا.
لە ڕێو ڕەسمی كردنەوەی پیشانگاشدا كە سەرۆكی هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاریقەو ژمارەیەك لە كونسوڵ و دیبلۆماتكارانی وڵاتان ئامادەبوون، شێخ عەبدولڵا سوڵتان ستایشی هەوڵەكانی نوێنەری بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە دوبەی بەرامبەر ئەو ئاسانكاری و هاوكاریانەی بۆ سەرمایەدارانی ئیماراتی دەیكات، هاوكات بۆتە فاكتەری بەستنەوەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی عەرەبی، بەتایبەتیش شاریقە، دواتر بەشەكانی نێو پیشانگاكەیان بەسەر كردەوە.
هەمان ڕۆژ شیلان خانەقا- نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی لەگەڵ سەعید ئەلجروان- جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی شاریقە و كۆمپانیای ( ئافكۆ) كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی خواردەمەنی لە ئیمارات كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی شاریقە داوای ئاسانكاری لە نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی كرد بۆ دامەزراندنی هەمان پرۆژە لە كوردستاندا .

لە لایەكی دیكەوە شیلان خانەقا-نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی بە بانگهێشتی فەرمی بەشداری كۆنفرانسی ( ئەل ئەلیم ) ی بۆ كاری زانستی لە شاریقە كرد كە بەچاودێری د.راشد ئەل ئەلیم – سەرۆكی شارەوانی شاریقەو سەرۆكی دەستەی ناوچە ئازادكراوەكانی شاریقە ساڵانە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی دێتە ڕێی كاری كۆمپانیاكانی ئیمارات، بەڕێوەدەچێت.
وەك شیلان خانەقا-نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی ڕایگەیاند: ئەو كۆنفرانسە ساڵانە هەوڵێكیشە بۆ یەكتر ناسینی دیبلۆماتكارانی وڵاتان و گەورە كۆمپانیاكان لە شاریقە، بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ .
لە كۆنفرانسەكەشدا وەك نوێنەری بازرگانی حكوومەتی كوردستان لە دوبەی ووتەیەكی دەربارەی هەلو مەرجە ڕەخساوەكانی كاركردن و وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی بیانی لە كوردستان خستە ڕوولەگەڵ ئەو ڕەوشە ئارام و سەقامگیرەی بۆتە فاكتەرێكی گرنگ تا كۆمپانیاكانی بیانی سەرمایەكانیان لە كوردستاندا بەگەڕ بخەن.
Top