وه‌ڵامێک له لێژنه‌ی به‌دواداچوونی پرۆژه‌ی چاکسازیی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه بۆ چه‌ندین تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراوی ناو رۆژنامه‌ی هاولاتی
لێرەدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین کە ته‌واوی ئەو زانیاریانە دوورن لە راستی و لە گەل ئاراستە و پێوەرەکانی پرۆژەکەی جەنابی سەرۆک ناگونجێن ، چونکە سەرۆکی هەرێم لەم پرۆژەیەیدا تەنیا ئامانجی سەروەریی یاسایە و کەس لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەشدا لە رێکارە یاساییەکان بەدەر ناکرێت. به پێچه‌وانه‌ی مانشێته‌که‌ی رۆژنامه‌ی ئاماژه پێدراویش، سه‌رۆکی هه‌رێم لێپێچینه‌وه‌ی له که‌سانی نزیکی خۆیه‌وه ده‌ست پێکردووه.
لە وەلامی ئەو چەواشەکاریانەدا ئەم روونکردنەوەیە لە سەر ئەو پرۆژانە دەخەیە روو کە لە رۆژنامەی ئاماژەپێدراودا ناویان هێنراوە:
پرۆژەی گوندی زەیتون:
ئەم پرۆژەیە هی کەسێک بووە کە بە نزیک لە سەرۆکی هەرێم هەژمار دەکرێت و ئیجرائاتی لەگەل کراوە بەڵام رۆژنامەکە وای باس کردووە وەک ئەوەی ئیجرائاتەکان رەوا نین. راستیەکەی ئەوەیە کە بە پێی ئەم پرۆژەیە دەبوایە ١٠٠٠٠ دەهەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، بەڵام خاوەنی پرۆژەکە لە چەندین خالی گرێبەستەکە و رێنماییەکانی وەبەرهێنان لایداوە. بۆیە دەبوایە گرێبەستەکەی بە پێی یاسا هەڵبوەشێتەوە، بەڵام نزیکەی ٢٨٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە لایەن هاولاتیانەوە کڕا بوون و چەند قۆناغێکی قیستیان وەرگیرابوو، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی ئەو هەموو هاوڵاتیە، تەنیا ئەو بەشەی پرۆژەکە ماویەوە و گشت زەویەکانی دیکەی لێسەندرایەوە. هەروەها خاوەن پرۆژەکە پابەندکرا بە دروستکردنی ٥٠٠ شوقەی نیشتەجێبوون به بێ به‌رامبه‌ر بۆ خەلکی کەم دەرامەت کە حکومەت شوێن و چونیەتی ئاوا کردنیان دیار دەکات. ئەم ریکارانەش تەواو یاسایی بوونە و پێشنیاری دیکەش بۆ چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەل خەلکی کەمتەرخەمی ناو دامودەزگا حکومیەکانی پەیوەست بەم پرۆژەیە خراوەتە روو، کە لایەنە پەیوەندارەکان بە جێبەجێکردنی هەڵدەستن.
پرۆژەکانی زین ، گوندی ئیتالی ٢ و گوندی ئارام:
هەرسێ پرۆژه‌که لە گرفتێکدا هاوبەشبوونە، ئەویش ئەوەیە کە بە هۆی کەمتەرخەمیی وەزارەتی شارەوانی، لەسەر زەویەکی میری که بۆ داموده‌زگاکانی ته‌رخان کراوه، شوێنیان بۆ دەستنیشان کراوە. هەردوو پرۆژەکانی ئیتالی٢ و ئارام بە تەواوەتی لە بەشی باشووری ئەو زەویە میریە دانرابوون و نزیکەی نیوەی پرۆژەی زینیش خزێنرابووە ناو بەشی باکووری رۆژهەڵاتی زەوی ئاماژەپێکراو. ئەم زەویە بە گشتی لە ناو دەواجنەکانی ئەحمەد ئیسماعیل بووە و بە پێی ماستەر پلان چیتر ئەم شوێنە بۆ دەواجن ناشێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی هێشتا ماوەیەک بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی دەواجنەکان مابوو خاوەنی پرۆژەکە لاریی هەبووە بۆ دانانی پرۆژەی نیشتەجێبوون لەم شوێنە، پێشتریش ٥ پرۆژەی لەوجۆرە بۆ بەشی باکوری ئەو شوێنە پێشنیارکرابوون کە بەهۆی نارەزایی ئەحمەد ئیسماعیل لادرابوون، بەڵام دواتر خۆی رەزامەندیی تەنیا بۆ پرۆژەی زین دابوو و لایەنە حکومیەکانیش لارییان نەبووە، بەڵام نەدەبوایە بەشێکی ئەو زەویە بکەوێتە ناو زەویی میری. پرۆژەی زین لە رووی رێکارە یاساییەکان ومۆلەتی وەبەرهێنان گرفتی نەبووە، بەڵام لە رووی دیارکردنی سنووری زەویەکە گرفتی هەبووە، پرۆژەی گوندی ئارامیش لە رووی مۆلەت ورێکارەکان گرفتی نەبووە بەڵام کۆی رووبەره تەرخانکراوەکەی لە ناو زەویی میری بووە. پرۆژەی گوندی ئیتالی٢ تەنیا بریاری تەرخانکردنی زەویی هەبووە و هێشتا مۆلەتی وەبەرهێنانی وەرنەگرتبوو. لە چوارچێوەی ئیجرایاتەکاندا هەردوو پرۆژەی ئارام و ئیتالی٢ هەڵوەشێندران لەبەر ئەوەی دەستیان بەکار نەکردبوو و پێشنیار کراوە شوێنی دیکەیان بۆ تەرخان بکرێت، واتا مۆلەتەکەیان بەردەوامە، تەنیا شوێنی زەوییان دەگۆردرێت. بەڵام پرۆژەی زین دەستی پێ‌کردبوو و لە کۆی ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون زیاتر لە ٩٨٠ یەکە فرۆشرابوو و کاری تێدا دەکرا، وەک پرۆژەی زەیتون، نەدەکرا بەرژەوەندیی ٩٨٠ خانەوادە رەچاو نەکرێت، لە کاتێکدا کە کەمتەرخەمیەکان نە هی خاوەن پرۆژە و نە هی خەلکە، بەلکو هی لایەنە حکومیە پەیوەندیدارەکان بە تەرخانکردنی زەویە و ئیجرایاتی پێویستیش لە دژی کەمتەرخەمەکان گیرایە بەر و بڕیاری نوێش درا بۆ رێگری لەهەرلادانێکی تر لە ماستەرپلان.
پرۆژەی فلۆریا:
ئەم پرۆژەیە لە بنەرەتدا بۆ دروستکردنی شوقە بۆ خەلکی کەمدەرامەت بووە. یەکەمجار کۆمپانیایەکی تورکی هەستابوو بە دروستکردنیان کە تێیدا سەرنەکەوت و لە لایەن حکومەتەوە سکالا لەسەر کۆمپانیا تورکیەکە تۆمارکراوە. لەوساوە پرۆژەکە راگیرابوو. بەم دوایە پرۆژەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە خرایە چوارچێوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و سایت پلانەکەشی گۆراوە بۆ خانووی گرانبەها و ڤێللا، کە ئەمەش کارێکی هەڵەیە و لێژنەی چاکسازیش بە راشکاوانە ئەو رایەی خۆی دەربڕیوە، چونکە لە چوارچێوەی وەبەرهێناندا ئەم پرۆژەیە مەبەستەکەی خۆی کە خزمەتی خەلکی کەمدەرامەتە ناپێکێت. لەم هەفتەیەدا لێکۆلینەوەی لێژنەی چاکسازی لە سەر پرۆژەکە بە کۆتایی هات و لێژنەکەمان رای خۆی بەوجۆرە خستۆتە ڕوو کە پرۆژەکە لە وەبەرهێنەر وەربگیرێتەوە و بدرێتەوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و بە پاڵپشتیی دارایی حکومەت ئەم پرۆژەیە بۆ هه‌مان مەبەستی پێشوو و بۆ خزمەتی خەلکی کەمدەرامەت بەکار بهێنرێت. بۆیە ئەو تۆمەتەی کە بەرگری لە وەبەرهێنەر کراوە تۆمەتێکی نابەجێ و هەڵبەستراوە.
پرۆژه‌ی شاری به‌فرین:
دوای لێکۆلینه‌وه‌ی لێژنه‌که‌مان له‌م پرۆژه‌یه، ده‌رکه‌وت که گرێبه‌ستی ئه‌م پرۆژه‌یه له ساڵی رابردوویه‌وه له‌گه‌ل ده‌سته‌ی گه‌شت وگوزار هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه و وێرای ئه‌مه‌ش له کاره‌کانی به‌رده‌وام بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له لایه‌ن ده‌سته‌ی ناوبراوه‌وه سکاڵا له سه‌ر جێبه‌جێکاری پرۆژه‌که تۆمارکراوه و ده‌ره‌نجامی ئه‌م داوا یاساییه‌ش له لایه‌ن دادگاوه پله‌ی بنبڕی له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزار وه‌رگرتووه. ئێستا له‌سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانه که بریاری دادگا جێبه‌جێ بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ش لێژنه‌که‌مان پالپشتی بریاری دادگا بووه و له رووی یاساییه‌وه‌ش ناکرێت لێژنه به‌دواداچوون بۆ کێشه‌یه‌ک بکات که له‌به‌رده‌م دادگا بێت یاخود یه‌کلایی کرابێته‌وه.
پرۆژه‌ی ئازادی نوێ :
زانیاریه‌که‌ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ناته‌واوه. ناوی شاره‌که ( شاری ئازادی)یه و به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌ک به ناوی (ATCONZ) و خاوه‌نه‌که‌ی هاوڵاتیه‌کی ئاشووریه. ئه‌م پرۆژه‌یه که رووبه‌ره‌که‌ی 400 دۆنمه، به‌دواداچوونی بۆ کراوه و له رووی یاساییه‌وه کێشه‌ی نیه. بۆیه لێپێچینه‌وه هه‌مبه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی نه‌کراوه.
لە بارەی پرۆژەکانی سلێمانی:
لێژنەکەمان چەندین جار سەردانی سلێمانیی کردووە و دامودەزگا ئیداریەکان لە سلێمانی ئەوپەری هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەل لێژنەکەمان هەبووە، لە سنووری سلێمانیش بە پێرەوکردنی بریارەکانی سەرۆکی هەرێم چەندین موساتەحە هەڵوەشێندران، فایلی لێکۆلینەوە لە سەر چەندین پرۆژە هەلدرایەوە و لێکۆلینەوە لە سەر هەندێ پرۆژەش بە کۆتایی هاتووە، ئەنجامی لێکۆلینەوە لە زۆر لە پرۆژەکانیش رادەستی داواکاری گشتی کراوە. لە هەولیر و سلێمانی و دهۆک بە یەک شێوە مامەلە لەگەل کەیسەکان کراوە و هەر دەنگۆیەک بۆ نانەوەی جیاوازی لەم بوارە بە نابەجێی دەزانین.
لەبارەی تۆمەت هەڵبەستن بۆ ئەندامانی لێژنە:
جێگەی داخە کە رۆژنامەکان دور لە بەها مرۆڤی و رۆژنامەوانیەکان، بەبێ بەڵگە تۆمەت بۆ ئەو خەلکە هەڵدەبەستن کە بە شەونخونی و بەبێ بەرامبەر بەشداری لە پرۆسەیەکی نیشتمانیی وا پیرۆزدا دەکەن. ئەندامانی لێژنە بە هەڵسەنگاندن و متمانەی جەنابی سەرۆک هەڵبژێردراون و وێرای گشت لەمپەرەکان شێلگێرانه لە ئەرکەکەیان بۆ قەلاچۆکردنی گەندەڵی و چاکسازی بەردەوامن و چاوەروانی ئەوەش دەکەین کە گشت لایەنە سیاسیەکان و گشت کەرت و چین و توێژەکان بەبێ هیچ ئامانجێکی بەرتەسکی سیاسی و کەسی، پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە بن. ئێمەی ئەندامانی لێژنە پشت ئەستورین بە متمانەی سەرۆک و رابردووی پاکی کاریی خۆمان و کێ هەر بەڵگەیەکی لەسەر لێژنە هەیە با بیخاتەڕوو، گەرنا ناو و ناتورە بەستن بەبێ بەڵگە بۆ ئەندامانی لێژنەش بە گەندەڵی و کۆسپ دروستکردن بۆ قەلاچۆکردنی گەندەڵی هەژمار دەکرێت و ئەمرۆ گەلەکەشمان لە کەس قبول ناکات بۆ دەسکەوتی سیاسی و بەرژەوەندیی ته‌سکی کەسی، بەرگری لە گەندەڵان بکرێت و کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی دروست بکرێت. له‌مه‌ولا لێژنه‌ی به‌دواداچوونی پرۆژه‌ی چاکسازیی سه‌رۆکی هه‌رێمیش به مافی خۆی ده‌زانێت که رێکاری یاسایی له هه‌مبه‌ر ئه‌و که‌س ولایه‌نانه بگرێته به‌ر که به‌بێ به‌ڵگه تۆمه‌ت ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌ندامانی ئه‌م لێژنه‌یه.
لێژنه‌ی به‌دواداچوونی پرۆژه‌ی چاکسازیی سه‌رۆکی هه‌رێم
16/7/2011