سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ‏سلۆڤینیا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ‏سلۆڤینیا دەكات
دوێنێ پێنج شەممە 14/7/2011 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی كرد لە بەڕێز سامۆئێل زبوگار وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا. لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەسەردانی هەرێمی كوردستان و ستایشكردنی رەوشەكەی لە رووی ئەمنی و ئاوەدانكردنەوە، ئارەزووی وڵاتەكەی نیشاندا لە بشداری كردن لە پرۆسەی زیاتر ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا و ئامادەیی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەشی نیشاندا بۆ بەشداری كردن لەو پرۆسەیەدا.

سەرۆك بارزانی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی لە پێشوازیكردن لە كۆمپانیاكانی وڵاتی سلۆڤینیا و رایگەیاند كە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دەتوانن لە زۆر بواردا بەشداری لە پێشخستنی هەرێمی كوردستان دا بكەن بەتایبەتی لەبواری كشتوكاڵ و نەوت و غازدا، تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كارئاسانییەك پێشكەش بەو كۆمپانیانە دەكات.
Top