سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ (150) قوتابی لێهاتوو و سەرکەوتوو کۆدەبێتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ (150) قوتابی لێهاتوو و سەرکەوتوو کۆدەبێتەوە
چوارشەممە 8/6/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی بێ وێنەدا لەگەڵ 150 قوتابی لێهاتوو و سەرکەوتووی پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر و دهوک و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، بەرێز سەفین دزەیی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای ئاستی ئەو قوتابییە لێهاتوو و سەرکەوتووانە بێت و رایگەیاند ئەو پۆلە قوتابییە خۆشحاڵن کە ئەمرۆ سەردانی ناوەندی دەسەڵات دەکەن و تێکەڵ بەو ناوەندە دەبن بە تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆک بارزانی کە ئەمەیش بە هەنگاوێکی زۆر گەورە و بە دەستپێشخەرییەکی بێ وێنە هەژمار دەکرێ ، بەداخەوە بە هۆی پشووی هاوینەوە نەتوانرا قوتابیانی ناوچە دابڕێندراوەکان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن ، بۆیە خوازیارین لە سەرەتای ساڵی خوێندنی تازە ئەو قوتابیانەش بە دیداری سەرۆک بارزانی شاد بن.
پاشان سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا وێرای بەخێرهێنانی ئەو جگەرگۆشە ئازیزانە رایگەیاند کە ئەمرۆ زۆر دڵخۆشە بە دیداری ئەو جگەرگۆشانە و کەم رۆژ هەیە وەک ئەمرۆ دڵخۆش بوو بێ ، بەراستی مرۆڤـ ئومێد بەخش دەبێ کە چاوی بە چاوی گەشی ئەو پەپولانە دەکەوێ.

من سوپاسی مامۆستایانی بەرێز دەکەم و هەروا سوپاسی وەزیری پەروەردە دەکەم کە خاوەنی ئەو بیرۆکەیە بوو ، مامۆستا پاش راپەڕین رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا بۆ ئەوەی سیستەمی خوێندن لە کوردستاندا نەوەستێ ، ئەو کات نە مووچە هەبوو و نە شتی تر ، بەڵام بە هونەری ئەو مامۆستایانە خوێندن لە کوردستان نەوەستا بۆیە پڕ بەدڵ سوپاسیان دەکەم و ئەو رۆڵەیان هەرگیز لە بیر ناکرێ و ئێستاش سوپاس بۆ خوا باری کوردستان باشترە و کاتی ئەوە هاتووە کە قوتابخانەی رێک و پێک بۆ قوتابیانی کوردستان دروست بکرێن و سیستەمی خوێندن بەرەوپێش ببردرێ و لە دەرفەتێکی تریشدا چاومان بە قوتابیە لێهاتووەکانی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەوێ.

ئەمەو دوابەدوای وتەکەی سەرۆک بارزانی ، بەرێزیان داوای لە قوتابیانی ئازیز کرد کە ئەوەی هەر پرسیارێکی هەبێ دەتوانێ ئاراستەی بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە قوتابیانی ئامادە بوو چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد سەبارەت بە ژیانی قوتابێتی و چۆنیەتی بوونی بە پێشمەرگە و هەروا حەزو ئاواتەکانی کە ئەو کاتەی قوتابی بووە و ئەو رووداوو بەسەرهاتانەی کە بوونەتە هۆی دڵخۆشی و ناخۆشی بەرێزیان .

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەو کاتەی قوتابی بووە حەزی دەکرد ببێ بە چی ؟ سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە ئەو کاتەی قوتابی بووە حەزی دەکرد ببێ بە فرۆکەوان بەڵام بە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و وازهێنانی لە خوێندن ئیتر حەزی کردووە ببێ بە پێشمەرگە و ئەو حەزەشی هاتۆتەدی ، سەبارەت بە بوونی بە سەرۆکی هەرێمیش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند : من سەرۆکایەتی بە خزمەت دەزانم ، بەڵام پێشمەرگایەتیم لەلا زۆر گەورەترە.

دەربارەی ساتە خۆش و ناخۆشەکانیش سەرۆک بارزانی رایگەیاند : ساتە ناخۆشەکان کاتێ هەڤاڵێکم لە دەست دەدا و ساتە خۆشەکانیش ئەو ساتانە بوون کە پێشمەرگە سەرکەوتنی لە بەرەکانی شەڕدا بەدەست دەهێنا.

لە مەڕ خۆشەویستی بەرێزیشیان بۆ مناڵەکانی سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە لە ڕووی خۆشەویستیەوە هەر هەموویان وەکو یەکن ، بەڵام بچوکەکەیان زیاتر و ئێستا خاوەن چەند نەوەیەکە کە هەر هەموویان لە لای خۆشەویسترن.

ئەمەو لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا ، مامۆستا و قوتابیانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە ژووری کارکردنی سەرۆک بارزانی و ئەو ژوورانەیان بەسەرکردەوە کە سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و دیدارەکانی خۆی تیایاندا ئەنجام دەدات و لە کاتی خوا حافیزیشیاندا دیاری سەرۆک بارزانی و نووسراوێکی رێزلێنانی بەسەر هەر یەک لەو قوتابیە لێهاتوو و سەرکەوتوانە هاتە دابەشکردن.
Top