مه‌سروور بارزانی: كه‌لتورى خه‌ڵكى كوردستان دژى توندوتیژى و ناسه‌قامگیرییه‌

مه‌سروور بارزانی: كه‌لتورى خه‌ڵكى كوردستان دژى توندوتیژى و ناسه‌قامگیرییه‌

ئه‌مرِۆ به‌رِێز مه‌سروور بارزانی پێشوازى كرد له‌ ژماره‌یه‌ك قوتابی و مامۆستاى به‌شى سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى زانكۆى ئه‌مستردام، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆگرامی ئاڵوگۆرِى نێوان زانكۆكان، بۆ تۆژینه‌وه‌و ئاگاداربوون له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند رۆژێكه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان.
له‌م دیداره‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابی و مامۆستاى به‌شى سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى زانكۆى كوردستان له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون، قوتابیان و مامۆستایانى زانكۆى ئه‌مستردام سه‌رسامی خۆیان خسته‌ رِوو به‌رامبه‌ر به‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسی و ئاسایشه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌و به‌ هۆیه‌وه‌ گه‌شه‌سه‌ندنێكى به‌رچاوى ئابوورى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌لاى خۆیه‌وه‌ به‌رِێز مه‌سروور بارزانی وێرِاى به‌گه‌رمى به‌خێرهێنانیان خۆشحاڵى خۆى ده‌ربرِى بۆ سه‌ردانى ئه‌م شانده‌ى زانكۆى ئه‌مستردام.

پاشان گفتوگۆیه‌كى چرِو پرِ هاته‌ ئارا له‌ نێوان به‌رِێز مه‌سروور بارزانی و قوتابی و مامۆستاى به‌شى سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى زانكۆى ئه‌مستردام له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكى گرنگ له‌وانه‌. بارى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى ئاسایش و چۆنیه‌تى كاركردنیان. ئه‌گه‌رى پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق. بارى سیاسی هه‌رێمى كوردستان و كارى پارته‌ سیاسییه‌كان و پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌ هه‌رێم. په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى له‌ به‌غدا له‌ بوارى (سیاسی، ئاسایش، ئابوورى). پێكه‌وه‌ژیانی ئایینى له‌ هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئافره‌ت و گه‌نجان له‌ هه‌رێمى كوردستان، پلۆرالیزمى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و ته‌وه‌رانه‌ به‌رِێز مه‌سروور بارزانی به‌ رِوونى هه‌ڵسه‌نگاندن و بۆچوونه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى خسته‌ رِوو.

له‌باره‌ى هۆكارى سه‌قامگیرى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان به‌رِێز مه‌سروور بارزانی رێگه‌یاند (سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى كه‌ تیرۆریستان و دوژمنانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵى تێكدانی بارى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانیان داوه‌، به‌ڵام ئارامی و سه‌قامگیرى ئاسایشى گوردستان ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ شه‌ونخوونى و له‌خۆبورده‌یى و ماندووبوونى كارمه‌ندو ئه‌فسه‌رى دامه‌زراوه‌كانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و هێزه‌كانى ناوخۆو هاوكارى به‌رده‌وامى هاووڵاتییان و كه‌لتورى خه‌ڵكى كوردستان كه‌ كه‌لتورێكه‌ دژى توندوتیژى و ناسه‌قامگیرییه‌). سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا، به‌رِێزیان رایگه‌یاند (ده‌ستوورى عیراق ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ى ده‌ستنیشان كردووه‌ له‌چوارچێوه‌ى سیسته‌مێكى فیدراڵى و دیموكراسى و ئێمه‌ پابه‌ندى ئه‌و ده‌ستووره‌ین و ئومێد ده‌كه‌ین به‌غدایش پابه‌ندى ده‌ستوور بێت.). له‌ باره‌ى ئه‌گه‌رى پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به‌رِێز مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند ( هه‌ڵوێستى ئێمه‌ له‌ كوردستان ئاشكرایه‌ كه‌ هێشتا هێزى سه‌ربازى و ئه‌منى عیراق له‌ رووى ژماره‌و تواناو ئاماده‌یى تواناى پاراستنی ئاسایشى عیراق و سنووره‌كانى عیراقیان نییه‌و بۆ مه‌شق و ئاماه‌كردن و پاراستنی ئاسایشى عیراق له‌ تیرۆریستتیان پێمان وایه‌ عیراق پێویستى به‌ مانه‌وه‌ى به‌شێكى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌.). سه‌باره‌ت به‌ دۆخى پلۆرالیزمى سیاسی و پرسى ئافره‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى ئایینی و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى له‌ كوردستان به‌رِێز مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند (ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغی چوونین به‌ره‌و دیموكراسى و پره‌نسیپى (هاووڵاتى) پره‌نسیپى بنه‌رِه‌تى سیسته‌مى دیموكراسییه‌و هاووڵاتییان له‌ ئه‌رك و مافدا یه‌كسانن و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ دۆخى پلۆرازیمى سیاسى و ئایینی و مه‌زهه‌بی هێناوه‌ته‌ ئارا. له‌ بوارى چه‌سپاندنى مافه‌كانى ئافره‌ت و دۆخى یه‌كسانى رِه‌گه‌زى له‌ رووى سیاسى و ئیدارى و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى باشى برِیوه‌و فراوانبوونى رێژه‌ى چینى ناوه‌رِاست، ئاماژه‌یه‌كى به‌هێزى به‌ره‌وپێش چوونى پرۆسه‌ى دیموكراسییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان).
Top