قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی تواناسازی بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه به‌ڕێوه‌چوو
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له باخچه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به سه‌رپه‌رشتی و به‌ئاماده‌بوونی د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و زاڵمای خه‌لیزاد باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له عیراق و كۆنسوڵی وڵاتانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی زانكۆكانی هه‌رێم و خوێندكارانی ده‌رچوو، مه‌راسیمی به‌ڕێكردنی قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی تواناسازی بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا له‌وڵاتانی پێشكه‌وتووی ده‌ره‌وه به‌ڕێوه‌چوو .
له‌و مه‌راسیمه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وته‌یه‌كیدا پیرۆزبایی له خوێندكارانی ده‌رچوی قۆناغی دووه‌می تواناسازی كرد كه ژماره‌یان 960 كه‌سه‌و له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازیدا روو ده‌كه‌نه وڵاتانی ده‌ره‌وه بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا.
سه‌رۆكی حكومه‌ت هیوای بۆ خوێندكاره‌كانی قۆناغی دووه‌میش خواست كه زۆرنه‌بات دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یان به‌سه‌ركه‌وتویی بگه‌ڕێنه‌وه‌و به‌شدار بن له په‌ره‌پێدان و پێشخستنی وڵاته‌كه‌مان.
له‌به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا د.به‌رهه‌م وتی: خۆشحاڵم و سه‌ربه‌رزم له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانم له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وامین له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی تواناسازی كه له‌سه‌ر پێوه‌ری زانستی و لێهاتویی داواكراو دوور له ته‌سكیه‌و واسته‌كاری ئه‌م به‌رنامه گرنگه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. له‌قسه‌كانیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی كرد به كاروخزمه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و رایگه‌یاند كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌و ئه‌ركی سه‌رشانمانه وه‌به‌رهێنان بكه‌ین و ئاوه‌دانی و زانست و فێربون په‌ره‌پێبده‌ین، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یكرد كه له‌سایه‌ی سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی رژێمی له‌ناوچوی به‌عس گه‌نجان و لاوانی وڵاته‌كه‌مان له‌رابردودا بێبه‌ش و مه‌حروم كرابون له چونه‌ده‌ره‌وه‌و ته‌واوكردنی خوێندن له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ئه‌ركی سه‌رشانی ده‌زانێت له‌م بواره‌دا خزمه‌ت به لاوان و گه‌نجانی هه‌رێمه‌كه‌مان بكات و بایه‌خی زیاتر به بواری زانست و خوێندن بدات، له‌مڕووه‌وه جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی تواناسازی و زیادبونی ژماره‌ی زانكۆكانی كوردستان و دروستكردنی خوێندنگه‌و قوتابخانه‌كانی به‌نمونه هێنایه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئاماژه‌كردنی بۆ بونی كه‌موكورتی، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكرده‌وه كه هه‌وڵ و تواناكان زیاتر ده‌خرێنه‌گه‌ر بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان به‌تایبه‌ت له‌بواری فێربون و زانست و خوێندنی باڵا‌و رایگه‌یاند كه هه‌وڵده‌ده‌ین قۆناغه‌كانی داهاتوی به‌رنامه‌ی تواناسازی باشتر بكه‌ین و ئاینده‌ی گه‌شی وڵاته‌كه‌مان له‌چاوی ئێوه‌ی گه‌نج و لاوه‌وه ده‌بینین.
پێشتریش د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌وته‌یه‌كیدا روناكی خسته‌سه‌ر گرنگی به‌رنامه‌ی تواناسازی وه‌ك داهێنانێكی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی: له‌ته‌مموزی ساڵی 2009 د.به‌رهه‌م ساڵح له‌مه‌راسیمی بانگه‌شه‌ی فراكسیۆنی كوردستانیدا مژده‌ی به‌لاوان و گه‌نجانی وڵاته‌كه‌ماندا كه جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی تواناسازی له ئه‌وله‌ویه‌تی كارنامه‌ی حكومه‌ت ئه‌بێت خۆشبه‌ختانه ئه‌و په‌یامه بو به واقیع و وا ئه‌مڕۆ پۆلێكی تر له لاوان و گه‌نجانی وڵاته‌كه‌مان ده‌نێرینه ده‌ره‌وه بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا.
د.دلاوه‌ر ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه له قۆناغی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی تواناسازیدا نزیكه‌ی 700 كه‌س سودمه‌ندبون و چونه‌ده‌ره‌وه بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و ئه‌مڕۆش له‌كۆی 5800 كه‌س 960 كه‌س سودمه‌ندبون و ده‌چنه ده‌ره‌وه.
وه‌زیری خوێندنی باڵا راشیگه‌یاند كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م پرۆسانه‌دا ده‌رچوون به‌سیستمێكی ئه‌لكترۆنی و به‌پێوه‌ری زانستی و دیاریكردنی خاڵ به‌شێوه‌ی كێبڕكێ ده‌رچون و هه‌ر كه‌سه‌و له‌شوێنی خۆی و له‌ماڵی خۆیه‌وه به‌شداری پرۆسه‌كه‌ی كردووه كه ئه‌وه‌ش سیسته‌مێكی پێشكه‌وتوی شه‌فاف و دادپه‌روه‌رانه‌و جیهانییه.
د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێم-یش له‌وته‌یه‌كیدا پیرۆزبایی له خوێندكاره ده‌رچووه‌كانی خولی دووه‌م كرد‌و به‌گرنگیه‌وه باسی له به‌رنامه‌ی تواناسازی حكومه‌تی هه‌رێم كرد‌و شێوازی كاركردنی لیژنه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ سه‌رخستنی به‌رنامه‌كه خسته‌ڕوو.
وه‌زیری پلاندان ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه هه‌وڵده‌درێت له قۆناغه‌كانی داهاتوی تواناسازیدا رێژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان زیاتر بكرێت و بایه‌خی زیاتریش به كه‌سوكاری شه‌هیدان بده‌ن.