سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 6/6/2011 به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز جێمس جێفرى باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌ریان.

له‌ دانیشتنێكدا ، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئه‌منییه‌كانى عیراق و به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنى ته‌واوكارى بۆ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كان و چاره‌نووسى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسه‌ته‌ ستراتیژییه‌كان و پرۆسه‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ر دوولا له‌ چوار چێوه‌ى ئه‌م كشانه‌وه‌یه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ رێككه‌وتنى چوارچێوه‌ ستراتیژییه‌كه‌ى نێوان عیراق و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ، خرانه‌ به‌ر باس .

جێمس جێفرى باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق جه‌ختى له‌سه‌ر رۆڵى سه‌ره‌كى سه‌رۆك بارزانى كرد له‌ نزیككردنه‌وه‌ى دیدو هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراق و رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان پێویستیمان به‌ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك بارزانى هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسى و ته‌وافوقى.

هه‌روا باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانى سه‌رۆك ئۆباما و جێگره‌كه‌ى راگه‌یاند به‌رامبه‌ر به‌ تێكچوونى بارى ئه‌منى عیراق كه‌ ئه‌مه‌یش پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و باره‌ و جه‌ختیشى له‌سه‌ر گرنگى پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌ ئه‌منییه‌كان كرده‌وه‌ به‌ پێى ئه‌و ئیستیحقاقه‌ى كه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌.

تاوتوێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵ و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى كه‌ تا ئێستا له‌ نێوانیاندا ماوه‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو و له‌م رووه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانى روونیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌ و گیروگرفتانه‌ له‌ ته‌ك گیروگرفته‌كانى ناو حكومه‌تى فیدراڵ بێنه‌ چاره‌سه‌ركردن.
Top