سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤـ دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤـ دەكات
یەك شەممە 5/6/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز ئیڤان سیمۆنۆفیج یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤـ و شاندی یاوەری .

لە دیدارێكدا ، یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤـ پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە لە كوردستاندا هاتونەتەدی و هەروا بۆ ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی كە لە كوردستاندا هەیە و هیوای خواست كە پێویستە بە هەموو توانایەك ئەو دەستكەوتانە بێنە پاراستن و بۆ ئایندەش هەنگاوی گەورەتر بنرێ‌ و سەبارەت بە مافی مرۆڤیش لە هەرێمی كوردستان ، یاریدەدەری سكرتێری گشتی رایگەیاند كە هەست بە پێشكەوتنێكی ئیجابی و ڕوون دەكرێ‌ سەبارەت بە بابەتی بایەخدان بە مافی مرۆڤـ و پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان و هەوڵی حكومەتی هەرێم لە پشتیوانیكردنی ئەو گۆڕانكارییە دیموكراتیانەی كە پشتگیری لە مافی مرۆڤـ دەكەن و ئەوەشی راگەیاند كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان مافی مرۆڤـ لە هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عیراقدا هەیە و لەم رووەوە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤـ و لیژنەی یاسایی پەرلەمان و وەزارەتە پەیوەندارەكان و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا زۆر خۆشحاڵین بە هەڵسوكەوتەكانی حكومەتی هەرێم بەرامبەر خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی و راشیگەیاند كە هیچ وڵاتێك لە رووی مافی مرۆڤدا لە دنیادا كامیل نییە و دەربارەی رۆڵی میدیای ئازادیش رایگەیاند كە پێویستە ئەو میدیایانە لە ڕووی سیاسییەوە ئازاد بن و پابەندی پرنسیپی میدیایی بن نەك تۆمەت و تەشهیركردن بە خۆرایی و دووپاتی رێزی نەتەوە یەكگرتووكانیشی كردەوە سەبارەت بە پاراستن و بەرگریكردن لە مافی ئافرەت و لەم رووەوەش ئاماژەی بە رۆڵی بەرچاوی ئافرەت كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا دەیگێرێ‌ و ستایشی هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێمیشی كرد سەبارەت بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.

سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە سەر ئاراستەی راستەقینە و روونی هەرێمی كوردستانی كردەوە بە هەموو دامەزراوەكانی خۆیەوە و لە رێی یاسا و رێنمایی دانان بە مەبەستی پاراستنی مافی تاك و كۆمەڵ و ئاماژەی بە فەرهەنگی كۆنی گەلی كوردستان كرد لە ڕووی پێكەوە ژیانی برایانە و رایگەیاند كە ئێمە وەكو گەلی كوردستان ئەمرۆ بەختەوەرین بەوەی كە وارسی ئەو فەرهەنگە كۆنەین و هیوادارین كە ناوچەكانی دیكەی عیراقیش سوود لەو فەرهەنگەی گەلی كوردستان وەرگرن .

تاوتوێكردنی چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان نووسینگەی هەولێری مافی مرۆڤـ و وەزارەتە پەیوەندارەكان و دانانی بەرنامەیەكی تایبەت بە كوردستان و هەروا رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عیراق تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەبوو و لەم رووەوە سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە سەر رۆڵی ئیجابی نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە و رایگەیاند كە ئەو رێكخراوە نێوەدەوڵەتییە دەتوانێ‌ رۆڵێكی ئیجابی ببینێ‌ چونكە ئەو رۆڵەی لە لایەن هەموو وڵاتانەوە پەسندە.
Top