بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەودوا سەفەری بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تەنیا بە رێگای تیروپشك دەبێت

بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەودوا سەفەری بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تەنیا بە رێگای تیروپشك دەبێت
بە فەرمانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە، لەمەودوا دەرفەتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج یەكسانە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی، مەقعەد و پشكیش بۆ هیچ هاوڵاتی وكەسایەتی و دامەزراوەیەك تەرخان ناكرێ‌.

هەر لەمبارەیەوە و بە پێی فەرمانی سەرۆك بارزانی، نابێ بەهیچ شێوەیەك لە دەرەوەی تیروپشك سەفەری تایبەت بۆ هاوڵاتیان وكەسایەتی و دامەزراوەكان رێك بخرێ‌ بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لەبەر ئەوەی هەر كەسێك نیازی بە جێگەیاندنی ئەو فەریزە ئایینیەی هەبێ پێویستە لەمەودوا وەك هاوڵاتیانی دی ناوی خۆی تۆمار بكات و بە رێگای تیروپشك و لە چوارچێوەی رێنمایی تایبەت بە رێكخستنی ئەو بابەتە چاوەڕێی هاتنەەوەی ناوی خۆی بكات.

بەدەر لەم رێگایەش قەدەغەیە شێوازی مەقعەد و واستەكاریی بۆ وەرگرتنی سەفەری حەج بگیرێتەبەر و زیان بە مافی هاوڵاتیان بگەیەنرێ‌، فەرمانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێ لەمەودوا پرۆسەی دەستنیشانكردنی ناوی هاوڵاتیان و راگەیاندنی ژمارەی پشكەكان و ئەنجامدانی تیروپشكەكەش بە شێوەیەكی شەفاف بێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی یەكسان بۆ گشت هاوڵاتیان دەستەبەر بكرێت.
Top