محەمەد تۆفیق ڕەحیم: دەمانەوێ بگەینە بەرنامە و پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان

محەمەد تۆفیق ڕەحیم: دەمانەوێ بگەینە بەرنامە و پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (گوڵان): وەكو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆیە دەچینە كۆبوونەوەكان تاوەكو بگەینە بەرنامەو پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان

محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دانیشتن و وتووێژەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان (ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات) بۆ چارەسەری كێشەكان و ئەو ئامادەكارییانەی بۆ سەركەوتنی ئەو كۆبوونەوانە دانراوە وتی:((وەكو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەو پێشنیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندبووین و ئامادەین بێینە كۆبوونەوەكان، بەڵام تا ئێستا كاتەكە دیاری نەكراوە كە لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، پێم وایە ئەو كۆبوونەوانە لەهەفتەی یەكەمی مانگی 6 تێپەڕ نابێت. لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوو لایەنی (ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات) بەرنامەی خۆیان هەیەو رێكەوتون لەسەر ئەوەی كە كۆبوونەوەكە كراوە بێت بۆ باسكردنی ئەو بەرنامەو پرۆژانەی كە لەئارادایە.

محەمەد تۆفیق رەحیم وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بەبەرنامەی چاكسازی و خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو لایەن وتی: (هەموو لایەنەكان ددان بەوەدا دەنێین كە هەرێم پێویستی بەچاكسازی سیاسی و ئابووری و ئیداری هەیە، هەموو لایەكیش لەسەر ئەم مەسەلەیە ڕێك و هاودەنگن، كە دەبێت چاكسازی بكرێت، بەڵام تا ئێستا بەرنامەیەكی كۆنكرێتی بۆ چاكسازی نەخراوەتە ڕوو، ئێمە هەوڵ دەدەین لە كۆبوونەوەكاندا بەرنامەیەكی تێروتەسەل و خاڵ بەخاڵ لەسەر ئەو بابەتانەی كە پێویستی بەوەهەیە چاكسازی تێدا بكرێت دابڕێژێت و بەرنامەی تایبەتیشی بۆ دادەنێین و دەشیكەین و هیوادارین لایەنی دەسەڵاتیش بە عەقڵێكی كراوەوە سەیری ئەو پێشنیارانە بكات)).


بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیمانەكەی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران محەمەد تۆفیق رەحیم، بگەڕێرەوە بۆ راپۆرتی: (با كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هەنگاوی یەكەم بێت بۆ كۆكردنەوەی خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی كێشەكان) كە لە ژمارە 832ی گۆڤاری گوڵان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو كراوەتەوە
Top