سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیا و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیا و شاندێكی یاوەری دەكات
دوێنێ شەممە 28/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە بەرێز جۆن مێجەر سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە بەرێزان مایكل ئارۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و كریس باوەرز كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستاندا.

لەدیدارێكدا ، وێرای بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیا ، سەرۆك بارزانی سوپاسی بەرێزیانی كرد لە پای هەڵوێستەكانی و پشتیوانیی زۆری لە گەلی كوردستان لە سەردەمی خەبات دژی دیكتاتۆری و كۆڕەوی چەند ملیۆنی گەلی كوردستان لە دەرەنجامی كۆمەلكوژی و جێنۆسایدی رژێمی لەناوچوو بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل لە سەرەتای ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوو ، لەو باریەوە رایگەیاند : دەتوانن شانازی بكەن بەو دەستكەوتانەی كە بە هۆی بەشداری كاریگەرتان بەدیهاتووە لە رزگاربوونی گەلی كوردستان لەو زۆرداری و چەوساندنەوەیەی كە باڵی بەسەر گەلەكەماندا كێشابووی و روونیكردەوە كە گەلی كوردستان گەلێكی بەوەفایە و چاكەو هەڵویستی ئەو وڵات و دۆستانەی لە بیر ناچێت كە لە كاتی ناخۆشترین و دوژوارترین بارودۆخدا دەستی یارمەتی و پشتیوانیان گەیاندووەتێ‌.

بەرێز جۆن مێجەر سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیاش سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەو سڵاوی شاژنی بەریتانیا ئیلزابێسی دووەمی بە بەرێزیان گەیاند و فەرمووی : بەر لە دوو رۆژ و لە دیدارێكمدا لەگەڵ شاژنی بەریتانیا ئاگادارم كردەوە لەو سەردانەی خۆم بۆ هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە سڵاوی بگەیەنمە بەرێزتان.

هەروەها جۆن مێجەر ستایشی سەركردایەتی ژیرانەی سەرۆك بارزانی كرد لە عیراقی نوێدا و ئەو رۆڵە گرنگەی سەرۆك بارزانیشی بە بەرز و گەورە وەسفكرد كە لە مەیدانی سیاسییدا دەیبینێت لە پێناوی كۆكردنەوە و یەكخستنی هێزو پێكهاتەكانی عیراق و كردنەوەی دەرگاكانی هەرێم بە ڕووی ئەو خوشك و برا مەسیحیانەی كە بە هۆی كاری توندوتیژییەوە روویان لە كوردستان كردووە .

سەبارەت بە سەردانەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان ، سەرۆك وەزیری پێشووتر رایگەیاند : شەرەفێكی گەورەیە بۆ من كە ئەمرۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم ، من كوردستانم زۆر خۆش دەوێت ، بۆیە لە مێژبوو حەزم دەكرد سەردانی بكەم ، بەڵام هەر جارێ‌ ئەو دەرفەتەم بۆ نەدەرەخسا ، من هەمیشە زانیاریم دەربارەی هەرێمەوە لە لایەن بەرپرسانی بەریتانیاوە پێدەگەیشت و زانیارییەكانیش زۆر ئومێدبەخش بوون كە ئەمەیش وایكرد دوا بڕیاری خۆم بدەم و سەردانی بكەم بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو دەستكەوتانە ببینم كە پاش ساڵی 1990 هاتونەتەدی كە بەراستی جێی سەرسورمانن.

تاوتوێكردنی رەوشی ئابووری لە كوردستان و باری گشتیی عیراق و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی تازە پێگەیشتووی وڵات و ئەو تەنگژانەی كە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی و ئەمنی دەبنەوە و هەروەها دوا پەرەسەندنەكانی هەندێ‌ وڵاتانی عەرەبی و كاریگەری ئەو پەرەسەندنانە لەسەر ناوچەكە بە گشتی تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەبوو.

ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەشدا ، سەرۆك بارزانی داوای لە سەرۆك وەزیری پێشووتری بەریتانیا كرد كە سڵاوی بگەیەنێتە خاوەنشكۆ ئیلزابێسی دووەم شاژنی بەریتانیا.
Top