هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی بازاڕ و ئابووری

هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی بازاڕ و ئابووری
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند و فەرمانبەرانی هەرێم مووچەكانیان بێ پاشەكەوت وەرگرت، ئەم هەنگاوە گرنگییەكی گەورەی بۆ بووژانەوەی بازاڕەكانی كوردستان و ئابووری هەبوو، بەتایبەتی كە هاوكات بوو لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەگەری نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران لە جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهاردا، لە هەمووشی گرنگتر متمانەی نێوان خەڵك و حكومەتی بەهێز كردو ئەم بڕیارە بووە فاكتەرێكی بەهێز بۆ باشبوونی بژێوی فەرمانبەرانی كوردستان و دروستبوونی جووڵەی گەورە لەناو بازاڕەكانی كوردستاندا، وا چاوەڕوانیش دەكرێت، لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژدا بڕی یەك ملیار دۆلار بخرێتە ناو بازاڕەكانی كوردستانەوە، ئەمەش دوای خەرجكردنی 881 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 100 ملیار دیناری بەڵێندەران و 120 ملیاری دیناری دیكە بۆ خەرجیی وەزارەتەكان، كە كۆی ئەم پارانە بووژانەوەیەكی باش بە بازاڕ و ئابووری دەگەیەنێت و كاروكاسبی و جووڵەی بازاڕی لێ دەكەوێتەوە و سەرەتایەكیش دەبێت بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی، بەڵام رژانی ئەو پارە زۆرە لە ماوەیەكی كەمدا شوێنەواری خراپیشی لەسەر هەڵكشانی نرخەكان و بەرزبوونەوەی بەهای خزمەتگوزارییەكانیش دەبێت، واتە مەترسیی كەوتنەوەی دیاردەی هەڵاوسانی نرخ و بگرە قۆرخكاریشی لێدەكرێت، دابەشكردنی مووچە بەبێ پاشەكەوت لەناو خەڵكیدا دەنگۆیەكی باشی لێكەوتۆتەوە و خەڵكی بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی بە ئومێدەوە دەڕواننە باشبوونی بارودۆخەكە و كۆتایی بە هەموو ئەو ئەگەر و هەوڵانە هێنا كە ناحەزانی گەلەكەمان وێنەیان لەسەر كردبوو، بەوەی بەردەوامبوونی قەیرانی دارایی دەبێتە هۆی لەناوچوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان. لەم راپۆرتەدا جەخت لەسەر راوبۆچوونی كاسبكاران و پیشەوەران لە بازاڕی هەولێر دەكەینەوە و تێڕوانینی ئابووریناسان و شارەزایانیش دەخەینەڕوو، بەتایبەتی لەمەڕ چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن لە ئاراستەكردنی بازاڕو بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی نرخ هەڵاوسان كە ئەگەر بێت و سنوورێكی بۆ دانەنرێت، زیانی گەورەی بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتیان بەگشتی دەبێت.

كاسبكاران و پیشەوەران بە گرنگییەوە دەڕواننە لابردنی پاشەكەوتی مووچە
سەبارەت بە گرنگیی هەنگاوی حكومەت بۆ هەڵوەشانەوەی پاشكەوتی مووچە لەناو بازاڕی گەورەی هەولێردا، وەكو گۆڤاری گوڵان راوبۆچوونی ژمارەیەك لە كاسبكاران و پیشەوەرانمان وەرگرت.
(زەكی حەمەد ئەمین) خاوەنی مۆڵێكی جلوبەرگی پیاوانە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە كاریگەریی باشی لەسەر جموجوڵی بازاڕ هەبووە، بەتایبەتی پێش ئەم بڕیارە بەتەواوەتی بازاڕ لاواز بووە.» گوتیشی: «بەم هەنگاوەی حكومەت چاوەڕوان دەكرێت لە مانگەكانی داهاتوودا جووڵەی بازاڕ زیاتر بێت و خواست لەسەر كاڵاو شمەكەكان بەرز ببێتەوە.
هاوڵاتی (سالار ئەحمەد) خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیەو یەكێكە لەو هەزاران هاووڵاتییەی كە بڕیاری نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە بەرز دەنرخێنن و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «راستەوخۆ لەگەڵ راگرتن و كۆتاییهاتنی پێدانی مووچە بە پاشەكەوت، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی جووڵەیەكی باشی تێكەوت، بە شێوەیەك كە نرخی عەقار لە 20% لە شاری هەولێر زیادی كردووەو خەڵكێكی زۆر هاتوونەتە بازاڕەكە بۆ كڕینی زەوی و خانووبەرە، خەڵكیش دڵخۆشن بە دۆخەكە و ئومێدێكی زۆریان لە سەر كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەڵچنیوە.»
(حاجی قادر بەقاڵ)، لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر دوكانی سەوزە و میوەی هەیە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «چەندین ساڵە بازاڕەكانی كوردستان بە هۆی خراپیی باروگوزەرانی مووچەخۆران و خەڵكییەوە، تا رادەیەكی زۆر لاواز بووە، ئێستا بە نەمانی پاشەكەوتی مووچە ئومێدێكی زۆر هەیە، بەوەی بازاڕەكان ببووژێنەوە و كۆتایی بەو قەیرانە بهێنرێت كە زیاتر لە چوار ساڵە دوچاری هەرێمی كوردستان بووە.»
هەر لەو بازاڕەدا مریشكفرۆشێك ئاشكرای دەكات كە «نرخی یەك كیلۆ مریشك لە 750 دینارەوە بۆ دوو هەزار دینار زیادی كردووە.» هاوكات دەڵێت: «نرخی كەلوپەلەكانی دیكەش بە هەمان شێوە بەرز بوونەتەوە، بۆ نموونە، نرخی یەك كیلۆ تەماتە لە هەزار دینارەوە بۆ یەك هەزار و 500 دینار بەرز بۆتەوە.»
(زوهیر جاسم محەمەد) خاوەنی دووكانێكی زێڕینگەرییە لە ناو بازاڕی زێڕینگەرانی هەولێر و سەبارەت بە گرنگیی بڕیارەكەی حكومەت بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە و كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارە دەڵێت: «هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی جووڵەی بازاڕ دروستكردووە، نەمانی پاشەكەوتی مووچەش متمانەی لەنێوان كڕیار و فرۆشیاردا دروست كردووە، بۆ نموونە، پێشتر ئەگەر كڕیارێك پارەكەی چەند سەد هەزارێك كەم بووایە، ئەگەر بە نەقد نەبوایە زێڕی پێ نەدەدرا، ئێستا ئاساییە ئەگەر بەقیست و قەرزیش زێڕ بفرۆشرێت، داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوێكیش بە مووچەی ئەو خانەنشینانەدا بخشێنێتەوە كە مووچەكانیان لە خوارووی 400 هەزار دینارەوەیە.»
هەر سەبارەت بە زیادبوونی نرخەكان زێڕینگەرێكی دیكە بە ناوی (عەدنان عەبدولقادر) لە ئاخافتنێكیدا بۆ گوڵان گوتی: «بڕیارەكەی حكومەت جموجووڵی بازاڕی بە رێژەی 10-20%ی زیاد كردووە، پێشبینی زیادبوونی جموجووڵی بازاڕیش دەكەین لە یەك دوو مانگی داهاتوودا، بەتایبەتی ئەگەر بێت و ئەم بڕیارە بەردەوام بێت، هەر بۆیە دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، بە راستی بڕیارەكەی حكومەت لەكاتی خۆیدا بووە، ئەم بڕیارە جەژنی نەورۆز و بەهارەكەمان دەكاتە دوو بەهار و خەڵكی بە تەواوی دڵخۆش كردووە.»
حاجی تەڵعەت جاسم، دووكانی كوتاڵفرۆشی لە بازاڕی قەیسەری هەولێر هەیە و ئەویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە «گرنگیی ئەم بڕیارەی حكومەت لەوەدایە كە جارێكی دی متمانەی خەڵك بە حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر حكومەت بتوانێت مووچەی خانەنشینیش چاك بكات و كۆمەڵێك چاكسازی لە بواری دارایی و ئابووریدا بكات و ئەو سێ مووچەیەش لە بەغداوە بێت كە مووچەخۆران وەریان نەگرتووە.» گوتیشی: « بێگومان بازاڕەكانی كوردستان زۆر روو لە گەشەكردن دەكەن.»
شەماڵ ئەكرەم كاری دەلاكی دەكات و خاوەنی سەرتاشخانەیەكە و رایوایە: «بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە تەنیا بڕیارێك نییە بۆ بەرژەوەندیی مووچەخۆران، بەڵكو ئەم بڕیارە كاریگەریی باشی لەسەر كاسبكاران و پیشەوەرانیش دەبێت.» گوتیشی: «ئێستا بە ئومێدەوە دەڕوانینە باشبوونی دۆخەكە و كۆتاییهاتنی ئەو قەیران و بێ بازاڕییەی دوچاری هاووڵاتییان و كاسبكاران بووە.»
سەبارەت بە باشبوونی دۆخی ئابووری و كاریگەریی پێدانی مووچە بەبێ پاشەكەوت لەسەر دۆخی ناوخۆی بازاڕەكانی كوردستان و وەبەرهێنەرەكان، راوبۆچوونی چەند شارەزایەكی ئابووری و نوێنەری ئابووریناسان لە سلێمانی و یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستانمان وەرگرت كە لە دووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە .

پڕۆفیسۆر د. محەمەد شەعبان، لە زانكۆی دهۆك، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئاماژە بەوە دەكات كە «زیادبوونی داهاتەكانی تاكەكەسی بە نزیكەی رێژەی لە 20% كاریگەریی لەسەر هەڵكشانی خواست و رێگەگرتن لە هەڵكشانی نرخەكان و پەیوەندیی بە تواناو مرونەتی بازاڕەوە هەیە.»
ئەو ئابووریناسە رایوایە: «هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە و بەرزبوونەوەی داهاتی تاكەكەسی بە شێوەیەكی گشتی لای هاووڵاتیانی دەرامەت سنووردار و مووچەخۆران بەتایبەتی، كاریگەریی لەسەر بەهاو نرخەكانی ناو بازاڕ دەبێت، چونكە زیادبوونی داهاتەكانی تاكەكەسی بە نزیكەی رێژەی لە 20% هۆكارێكی راستەوخۆی هەڵكشانی خواستە لە بازاڕەكانی كوردستاندا، بەپێچەوانەشەوە راگرتنی باڵانسی بەها و نرخەكان و رێگەگرتن لە هەڵكشانی نرخەكان، پەیوەندی بە تواناو نەرمیی بازاڕەكەوە هەیە، كە تاچەند بازاڕەكانی كوردستان توانای خۆگونجاندنیان هەیە لەگەڵ ئەو بڕە پارە نەختینە گەورەیەی كە لەماوەیەكی كەمدا و كتوپڕ دەرژێتە ناو بازاڕەكانی كوردستانەوە.»
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەو هێزە گەورەیەی خواستی كڕین بۆ كوێ دەڕوات؟ ئایا بە شێوەیەكی ئابوورییانە لە بازنەیەكدا لەناو هەرێمەكەدا دەسووڕێتەوە، یان بەپێچەوانەوە بۆ بازاڕەكانی وڵاتانی دەوروبەرو بیانی دەڕوات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بخزێینە ناو خوێندنەوەی ئابوورییانەی كوردستانەوە، كە ئایا ئێمە خاوەنی ئابوورییەكی بەرهەمهێنین و سەبەتەی خۆراكی پێداویستییەكانمان تاچەند خۆماڵین و چەندی لە نێوخۆی هەرێمدا بەرهەم دەهێنرێن؟ بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری كاڵا و شمەكەكانی ناو بازاڕەكانی كوردستان بە رێژەی (80-85%) بەرهەمی بیانین و لە بازاڕەكانی وڵاتانی دراوسێوە دەرژێنە ناو بازاڕەكانی كوردستانەوە، واتە هەرچی كەلوپەل و شمەك و خواردەمەنی و جلوبەرگ و پێداویستی و كەرەستەی بیناسازی تا ئۆتۆمبێل و سووتەمەنیش كاڵاو شمەكی دیكەش بە رێژەیەكی زۆر بەرز بەرهەمی بیانین و لە بازاڕەكانی ئێران و توركیاوە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان، دەرئەنجامیش هەرچی زیادەی نەختینەیی هەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچەوە، یان بۆ خەرجیی وەزارەت و پێدانەوەی پارەی بەڵێندەرانەوە هەیە، لەو ماوە كەمە دەیخاتە ناو بازاڕەوە، هەرهەمووی دوای ئەوەی بە پارەی دۆلاری ئەمریكی ئاڵوگۆڕی پێوەدەكرێت، دەبردرێتە بازاڕەكانی توركیا و ئێران، واتا لە ئابوورییەكی بێ بەرهەم تەنیا بازاڕەكانی توركیا و ئێران سوودمەندی سەرەكی هەڵكشانی خواستی هاووڵاتیانی كوردستان و گرانبوونی نرخەكانن. لەبارەی چۆنیەتی رێگرتن لە هەڵكشانی نرخەكان، د. محەمەد شەعبان رایگەیاند: «دوای بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵپشتی توانای كڕین و راگرتنی باڵانسی خواست و خستنەڕوو چەند بڕیار و هەنگاوێكی گرنگ بگرێتەبەر، بۆ نموونە پاڵپشتی سوودی حیساباتی هاووڵاتیان لە بانكەكاندا بە رێژەی 10-25% بكات، كە هاووڵاتیانیش لەو رێگایەوە دەتوانن قەرزەكانی حكومەت بدەنەوە، هەر لە قەرزەكانی كارەبا و ئاو و.. هتد، بەمەش قەرزەكانی حكومەت كەم دەبێتەوە و فشار و پاڵەپەستۆ لەسەر هاووڵاتییان كەم دەبێتەوە و دەزانن چۆن پلان بۆ بەكاربردن لە داهاتوودا دابنێن.»

ئەحمەد رێكانی سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، هیما بۆ ئەوە دەكات، «بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوت كاریگەری لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی وەبەرهێنەران و بیزنسكاران بە دواڕۆژی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەر سەبارەت بەم پرسە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە و پێدانی بەشێك لە قەرزی بەڵێندەران، بڕیارێكی گرنگی حكومەت بوو، بەتایبەتی لەم سات و كاتەدا كە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك دەبینەوە، چونكە ئەم بڕیارە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و بژێوی هاووڵاتییانی كوردستانەوە هەیە، لەسەرجەم چین و توێژەكان، هەروەها كاریگەری هەیە لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی وەبەرهێنەران و بیزنسكاران بە دواڕۆژی ئابووری لە هەرێمدا، ئەمەش هەمووی دەرئەنجامی هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا و شكاندنی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و واڵابوونی دەروازەی گفتوگۆ و دانوستانەكان، كە دەرگای لەبەردەم لێكتێگەیشتنەكاندا واڵا كردو پشكی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراقدا جێگیر كرد. بەمشێوەیە پشكی هەرێم لە بودجە و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها ئەم بڕیارەی هەڵوەشانەوەی پاشكەوتی مووچە و دانەوەی بەشێك لە قەرزی بەڵێندەران راستەوخۆ پەیوەندی بەچارەسەركردنی زۆر كێشەو جوڵەی بازاڕ و بووژانەوەی ئابووریشەوە هەیە، بۆ نموونە، بە سەدان پرۆژەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستاندا بە هۆی خراپیی باروگوزەرانی خەڵكییەوە راوەستاوە، وەكو لە پرۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوون دیارە، ئێستاكە بەباشبوونی داهاتی خەڵكی دووبارە ئەو كەرتانە دەبووژێنەوە و مووچەخۆران و هاووڵاتییان دەتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە و بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانیش دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان بكەنەوە، بە بووژانەوەی كەرتەكانی ئاوەدانكردنەوەش هەلی كار و جووڵەیەكی باش دەخاتە ناو بازاڕی بەڵێندەرایەتی، ئەمڕۆ بازاڕەكانی كوردستان و كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابووری وەكو زنجیرەیەك پەیوەستە بە یەكترەوە و كاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیان لەسەر یەكتر هەیە.»
سەبارەت بەگرنگیی هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەت لەمەڕ رێكخستنەوە و چاكسازی لەبواری ئابووریدا، سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان گوتی: «قەیرانی چوار ساڵەی ئابووری بێ متمانەیی دروست كردووە، گەڕانەوەی ئەو متمانەیەش كات و بڕیاری گرنگی دەوێت، سەرەتای هەنگاوەكەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكات، كە سەرەتا دەبێت چاوخشاندنەوە بە یاسا و رێنماییەكانیدا بكات، بەتایبەتی یاسای وەبەرهێنان، بە رەچاوكردنی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێم و ئەو روئیا و تێڕوانینانەی كە ئێمە بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و بووژانەوەی ئابوورییەكەی هەمانە، واتە دەبێت ئیمتیازات و هاوكاری و كارئاسانیی زۆر پێشكەش بكەن، تاوەكو وەبەرهێنەری بیانی روو لەم بازاڕە بكەنەوە، ئێمە تەنیا مەبەستمان لەو وەبەرهێنەرانە نییە كە تەنیا گرنگی بە كەرتی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی دەدەن، بەڵكو زیاتر مەبەستمانە گرنگی و كارئاسانی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین كە كەرتی بەرهەمداریمان پێش دەخەن و كۆمەڵگاكە بەرەو كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن ئاراستە دەكەن، ئەمەش تەنیا بە حكومەت جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو كاری حكومەت لە سەر راگرتنی ئارامی و بونیادنانی ژێرخان و دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەكردنی ئابووری رادەوەستێت و دواتر رۆڵی كەرتی تایبەت دێت.»

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان (نەوزاد شێخ كامیل)، بە پێویستی دەزانێت: «مووچەخۆران و هاووڵاتییانیش هانبدرێن بۆ دانانی پارە لە بانكەكاندا و متمانەی نێوان هاووڵاتی و بانك لە لایەك و حكومەت و كەرتی تایبەت لە لایەكی دیكەوە بگەڕێتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەش گوتی: «بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوت و چۆنیەتی هەڵسوكەتی داهاتووی حكومەت لەمەڕ دۆخی ئابووری، ناكرێت باسێكی ئەو هۆكارانە نەكەین كە بووە هۆی روودانی قەیرانی دارایی و بڕیاری دەركردنی پاشەكەوتی مووچە، چونكە بەبێ خوێندنەوەمان بۆ هۆكارەكان، ناكرێت باسی شوێنەوار و چارەسەرەكانەكانیش بكەین، لای هەمووان ئاشكرایە لە ساڵی 2014 بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا و دواتر بەهۆی شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی یەك ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە و پەناهەندە و داشكانی بەهای نرخ زەبرێكی كوشندە بەر حكومەت و ئابووریی هەرێمی كوردستان كەوت، ئەوەی دۆخەكەی خراپتر كرد، نەبوونی هەماهەنگی و یەكگرتوویی حزبە بەشداربووەكانی ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەبری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە، لە حكومەت كشانەوە و ئەو ئەركە قورسەیان خستەسەر شانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمشێوەیە قەیران رووی دا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری پەنای بۆ قەرز و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی برد، ئەمڕۆ كە بە هەوڵی رێزدار سەرۆك بارزانی و رێزدار سەرۆكی حكومەت و هەموو دڵسۆزانی دیكەی گەلەكەمان لەناوخۆی هەرێم و دەرەوە توانرا جارێكی دی دوای دابڕانێكی زۆر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق جێگیر بكرێت و مووچەی مووچەخۆران خرایە دەرەوەی ململانێ سیاسییەكانەوە.»، هێمای بۆ ئەوەش كردكە «سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی داوە و لە رووی كرداریشەوە لەم مانگەوە بڕیارەكە جێبەجێ كرا.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە پێویستە بۆ داهاتوو چۆن هەڵسوكەوت بكەین؟ سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان دەڵێت: «پێش هەموو شتێك ئەو پەند و عیبرەتەی لە قەیرانەكە وەرمانگرت، ئەوە بوو كە دەبێت بەردەوام خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەكانی كەوتنەوەی قەیران ئامادە بكەین و هەموو سەرچاوەی داهاتەكانمان نەخەینە ناو یەك سەبەتەوە، هەر بۆیە زۆر گرنگە حكومەت لە چوار ساڵی داهاتوودا پلان و بەرنامەی بۆ رێكخستنەوەی سێكتەرە ئابوورییەكان هەبێت، باڵانسی خەرجی و داهاتەكانی رابگرێت و سیستەمی بانكی دابمەزرێنێت، ئەو سیستەمەی كە لە رێگەی بانكەكانەوە وەبەرهێن و بەڵێندەر بتوانن قەرز وەربگرن و كارەكانیانی پێ ئەنجام بدەن، هاوكات مووچەخۆران و هاووڵاتییانیش هان بدرێن بۆ دانانی پارە لە بانكەكاندا و متمانەی نێوان هاووڵاتی و بانك لە لایەك و حكومەت و كەرتی تایبەت لە لایەكی دیكەوە بگەڕێتەوە.» گوتیشی: «ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند، بەڵام پێویستە خێرا ئابووری و بوارە جۆراوجۆرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری بە جۆرێك وەرچەرخێنین، كە تاكی كورد بكاتە تاكێكی بەرهەمهێن، ئەو كەرتانەی كە بەرهەمهێن و بەدەستهێنی هەلی كارە، چونكە تەنیا بە ئابووریی سەربەخۆ دەتوانرێت ئاسایشی ئابووری بپارێزیت و رووبەڕووی هەموو گەمارۆ و جەنگێكی ئابووری ببینەوە، هەڵبەتە مەبەستمان لە ئابووریی ناوخۆ تەنیا ئەوە نییە كە ئێمە پشت لە بەغدا بكەین، بەڵكو ئابوورییەكەمان بكەینە ئابوورییەكی بەرهەمهێن، لەمەش گرنگتر نابێت چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوتی خاو ببەستین، بەتایبەتی كە وڵاتی عێراق و دراوسێكانمان ئابووری و نەوت و دارایی وەكو چەكێك لە دژی گەلی كوردستان بەكاردەهێنن، چونكە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت عێراق وەكو دەوڵەتێكی هاوچەرخ مامەڵە بكات و بەڵێن و قسەكانی لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بكات.
Top