ئیرادەی سەرۆك بارزانی قەڵغانی پاراستنی پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە
پێكەوەژیان
وەك بەشێك لە
ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان
«لە كوردستان هەموومان لە ماڵێكدا پێكەوە دەژین، هەر ئەمەش وای كردووە، بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی ئەم ماڵە بكەین و زیاتر لە سێ كەنیسەمان لە عەنكاوە بونیاد ناوە و كەنیسەیەكی دیكەشمان لە هەرمۆتە – كۆیە هەیە. چوار قوتابخانە و نەخۆشخانەیەكیشمان بونیاد ناوە. ئێمە هەست دەكەین ئەمە ماڵی خۆمانە، كە هەستیشت كرد ماڵی خۆتە، بەشداری تێدا دەكەیت، لەمەش زیاتر برایانی ئاشووری كەنیسەی خۆیان لە شیكاگۆ گواستەوە بۆ هەولێر، هەروەها بارەگای سەرەكیی مەترانی مووسڵ گواسترایەوە بۆ هەولێر، سریان و كاسۆلیكیش ئەبرەشییەی تازەی خۆیان لێرە دروست كردووە. لەم ڕوانگەیەوە «پرۆژەی پێكەوە ژیان» پیرۆز دەكەم. پیرۆزبایی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە لەسەر كەلتووری پێكەوەژیان دامەزراوە و هەتا ئێستا ئەم كەلتوورە باشتر ڕەگی خۆی داكوتیوە. ئەركی ئێمەیە نەوەكانی ئێستا و داهاتوو فێری كەلتووری پێكەوەژیان بكەین و پێیان بڵێین: كەلتووری پێكەوە ژیان «شارستانیەت و مێژووی ئێمەیە»، پێكەوە ژیاوین و پێكەوە دەمێنینەوە و پێكەوە گەشە دەكەین و پێكەوە پێش دەكەوین و، پشتیوان بە خوا، ئومێد دەخوازم هەموو ساڵێك بۆنەی لەمجۆرە پێكەوە كۆمان بكاتەوە. یەكێك لە جوانییەكانی ئەم ماڵەی پێ جیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە من دەتوانم لە ناو ڕۆژهەڵاتێكی گڕگرتوودا ئەو شاهیدییە بۆ جیهان بدەم كە پێكەوەژیان لەم جوگرافییەی پێی دەگوترێت «كوردستان» مومكینە و بوونی هەیە و بەشداریی ئێمەش بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم وڵاتەیە و بەردەوامی دەبێت».
د. بەشار وەردە مەترانی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی لە هەولێر
گۆڤاری گوڵان تەموزی 2021
هەوڵێكی نەزۆك
بۆ تێكدانی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان
پێكەوەژیان بەگشتی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە جوگرافیاییەكی سنوورداردا بەتایبەتی، هێندەی لەسەر بناغەی متمانە و باوەڕی نێوان ئەو پێكهاتە جیاوازانە بە یەكدی بونیاد دەنرێت، هێندە پەیوەندی بە «لێبوردەیی»یەوە نییە، بەو مانایەی كورد لێبوردەیە كە ڕێگە دەدات، ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان بە ئازادی مافەكانی خۆیان پیادە دەكەن، یان بە واتایەكی دیكە ئەو نەتەوە و ئایینە جیاوازانە تاوانێكیان ئەنجام داوە و كورد لێبوردەیە و لێان دەبوورێت، بەپێچەوانەشەوە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نابێت ناچار بكرێن زۆڵمی كورد قبووڵ بكەن، لەبەر ئەوەی ڕێگەمان داون لەم نیشتمانەدا بژین. ئەم تێڕوانینە كە دەگاتە ئەو پەڕی ڕاسیزم، ماندیلا گوتەنی پێویستی بە «ددانپێدانان» هەیە و دەبێت بگۆڕێت بۆ متمانە و باوەڕ و یەكدی قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە.
بەداخەوە ماوەی دوو ساڵ زیاترە كە پرسی كۆتای پێكهاتەكان، بووەتە مشتومڕێكی سیاسیی زۆر ناتەندروست لە نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان «بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان».
هۆكاری سەرەكی بۆ بە ئامانجگرتنی كۆتای پێكهاتەكان (توركمان، كلدو سریان و ئاشووری و ئەرمەن) لەناو پەرلەمانی كوردستان لەلایەن حزبە سیاسییەكان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری»، بە پلەی یەكەم ترس بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:
1- لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەموو ئەو حزبە سیاسییانەی لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنیان هەبوو، داوایان دەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و لە جێگەی ئەو «حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانی دابمەزرێت»، ئەمەش بەو مانایەی چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد، هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرش بكەنە سەر هەولێر و داگیری بكەن، بۆ ئەمەش كەناڵەكانیان لە دیوی «پردێ»وە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی ڕووماڵی هێرشەكانیان دەكرد بەرەو هەولێر، بەداخەوە ڕووماڵەكانیان دژی مقاوەمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بوو.
2- دوای ڕابەرایەتیی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی و ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، خەونی حەشدی شەعبی و حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئاوەژوو بووەوە و، حكومەتی عێراق داوای دیالۆگ و دانوستاندنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و زەمینە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق فەراهەم كرا. لەم هەڵبژاردنەدا كە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا بەشداری كرد و «بەبێ ئەوەی لە پارێزگای كەركووك كاندیدی هەبێت»، 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و بووە یەكەم پارتی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كە ئەو ژمارە زۆرەی كورسی و دەنگ بەدەست بهێنێت.
3- تەنیا چوار مانگ دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و لە 30ی ئەیلوولی 2018 هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، لەم هەڵبژاردنەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا 45 كورسی لە 100 كورسیی پەرلەمانی كوردستان بەدەستهێنا و 7 كورسی زیاتر بوو لە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان.
4- لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بۆ پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی 63 كورسیی كوردستان (هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان) 33 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، ئەمەش واتا زیاتر لە 50%ی كورسییەكانی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراقدا.
ئاكامی ئەم سێ هەڵبژاردنەی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە تیایدا هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگ و كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەڵكشانی چاوەڕواننەكراوی بە خۆیەوە بینی و، بووە هۆی ئەوەی حزبە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بە پەیامێكی ترسناكی بزانن و ئەو ترسەشیان لەم خاڵانەوە سەرچاوەی گرتووە:
كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەپێی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراق، بە تەنیا لەناو كۆی كورسیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان زیاترە لە 50%، ئەم ئاكامەش جیا لەوەی ئەوەی سەلماند كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان (هەرێم و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم) متمانەیان بە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناكات، لەمەش زیاتر لایەنە سیاسییەكانی شیعەش (تەیاری سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) گەیشتنە ئەو قەناعەتەی بۆ ئەوەی كورد بەشدار بێت لە حكومەتی داهاتوودا، ئەوا ڕێگەیەكی دیكە نییە، جگە لەوەی كە دەبێت لەگەڵ سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێك بكەون. ئەم ئەمری واقیعە تازەیە لای حزبەكانی كوردستان بەو شێوەیە خوێنرایەوە، كە هەم لە ئاستی دەنگی خەڵكی كوردستاندا و هەمیش لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا پەراوێز بوون.
بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەر چوار حزبی (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری)، پڕۆژە یاسایەكی ئیستفزازییان ئامادە كردبوو، بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە و ئەم مەرجانەشیان لەگەڵ هاوپێچ كردبوو:
- ئەم پڕۆژە یاسا ئیستفزازییە دەبێت پێش ئەوەی لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پڕۆژە یاسا ئیستفزازییە ڕازی بێت، كە یەكێك لە خاڵەكانی «دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكانە بەسەر چوار پارێزگاكەی كوردستان»دا.
- ئەم پڕۆژە یاسایە تێدەپەڕێنرێت بەبێ ئەوەی پێكهاتەكان (توركمان، كلد و سریانی و ئاشووری، ئەرمەن)، ڕاوێژیان لەگەڵ بكرێت، بەوەی بزانرێت، ئایا ئەوان خۆیان ڕازین بە زۆر بەسەر چوار پارێزگاكەی كوردستاندا دابەش بكرێن؟ بەوەش ئەوانیش ببنە بەشێك لە ململانێی حزبە سیاسییەكانی كوردستان.
دید و تێڕوانین و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسا ئیستفزازییە بەمجۆرە بوو:
- پارتی دیموكراتی كوردستان ڕازییە بەوەی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) دابەش بكرێت.
- پارتی دیموكراتی كوردستان ڕازییە بەوەی لەسەر تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەڕێوە بچێت.
- پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە حزبە كوردستانییەكان بڕیار لەسەر چارەنووسی پێكهاتەكان (توركمان، كلدو سریان و ئاشووری، ئەرمەن) بدەن. بۆ ئەم پرسە پێویستە پێكهاتەكان خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و ئەركی سەرشانی حزبەكانی كوردستانە كە ڕێز لە بڕیاری پێكهاتەكان بگرن.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان «یونامی» بۆ چارەسەری پرسی كۆتاكان دەستیان كرد بە كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و نوێنەری پێكهاتەكان، سەرەنجام لەناو كۆبوونەوەكاندا لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە پێكهاتەكان بە ئازادی ڕا و هەڵوێستی خۆیان بدەن و ڕێزیان لێبگیرێت، لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستی حزبە سیاسییەكان بەمجۆرە بوو:
- پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە گەیشتن بەم ڕێككەوتنە كرد.
- هەرسێ لایەنی (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری) وەك لە بازنەی گفتوگۆ پێیان ڕاگەیاندین، بە هەندێك مەرج ئەوانیش ڕازین كە پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن.
- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆی ڕانەدەگەیاند كە دژی ئەوەیە پێكهاتەكان خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن، بەڵام پەنایان بردە بەر سەرۆكی پەرلەمان (د.ڕێواس فایەق) كە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە، ڕێگە نەدات یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی زەمینەیەك دروست بكرێت، هەم دانوستاندنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان درێژەی هەبێت، هەمیش كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئامادەكاریی پێویست بكات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەو كاتەدا ئەنجام بدرێت، كە پێشتریش یەك دوو جاری دیكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە وادەی بۆ دیاری كرابوو.
- بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕاشكاوانە ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەو «بڕیاری حزبەكەی جێبەجێ دەكات و بانگەشە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات»، لە بەرانبەردا و لەبەر ئەوەی هیچ هۆكارێكی ماقووڵ نەبوو بۆ ئەوەی چیدیكە هەڵبژاردن لە كوردستان دوابخرێت، بۆیە «جێگر و سكرتێری پەرلەمان» كە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانن، بانگەشەیان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەمواركردنەوەكە دەنگی لەسەر درا، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی لەناو پەرلەماندا ئاژاوە و پاشاگەردانییان دروست كرد و دواتریش تانەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كرد و، دادگای فیدڕاڵیش 11 كورسییە كۆتاكەی پێكهاتەكانی كوردستانی ڕەت كردەوە.
بە ئامانجگرتنی كورسیی كۆتاكان
بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بە ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بازنەی گفتوگۆ كە ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، تایتڵی گفتوگۆی مانگی مارتی 2024ی تەرخان كرد بۆ «دادگای فیدڕاڵیی عێراق. گفتوگۆ و هەڵوێست»، لەم گفتوگۆیەدا بێجگە لە بەشداربووانی گفتوگۆكە كە ژمارەیان 15 پسپۆڕ و كەسایەتیی جیاوازی حزب و لایەنە سیاسییەكان بوون، لە هەمان كاتدا ڕاپۆرتێكی مەیدانییش ئامادە كرابوو، كە ڕای هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان لەسەر ئەو بڕیارە وەرگیرابوو، كە لێرەدا تەنیا ئاماژە بە هەندێك لەو هەستە ناخۆشە دەكەم،كە ئەم بڕیارە لە ناخی نوێنەرانی پێكهاتەكان دروستی كردووە:
ڕەفیق حەننا كریستیان و مامۆستای زانكۆ:
«كاتێك دادگای فیدڕاڵی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان پووچەڵ دەكاتەوە، من وەك كریستیانێك وا تێدەگەم كە پێم دەڵێت: «فەرموون ئەم وڵاتە جێبهێڵن، ئێوە لەم نیشتمانە جێتان نابێتەوە».
ئازاد كوورەچی نوێنەری لیستی میللەتی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان:
«ئەو لایەنە سیاسییەی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) كە سكاڵای كردووە، بە ئێمە وەك توركمان دەڵێت: «بە دەنگی ڕاستەقینەی نەتەوەی خۆتان بگەنە پەرلەمان»، بەداخەوە ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بە سەركەوتن دەزانن و گاڵتەمان پێدەكەن و پێمان دەڵێن: «جەمال لۆ مارێ»، ئەوانە بێئاگان لەوەی ئێمە نەتەوەیەكی گەورەین، ئێستاش كوردستانمان وەك نیشتمان خۆش دەوێت و هەوڵیشمان داوە بەشدار بین لە پێشخستنی».
ئەمین عیسا شەمعون بەرپرسی سەنتەری عەشتار :
«ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان ئەو هەستەی لا دروست كردین، ئێمە هاووڵاتی پلە دووین و لەگەڵ هاووڵاتیانی دیكەی عێراق یەكسان نین. بۆیە وەك كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە ئەم بڕیارە بە سووكایەتی دەزانین و ڕەتی دەكەینەوە».
ئیشخان ئەرشاك كیڤۆر كیان لە پێكهاتەی ئەرمەن:
«ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی، زوڵم لە ئێمە دەكات و بێبەشمان دەكات كە ئەنداممان لە پەرلەمانی كوردستان هەبێت. هەستێكی وای لا دروست كردووین، كە هەست بكەین هاووڵاتی پلە دووین، هەست دەكەین گورزێكە ئامانجی ئەوەیە سیمای جوانی پێكەوەژیان لە كوردستان بشێوێنێت».
ئەم چوار كەسایەتییە كە لێدوانیان بۆ ڕاپۆرتەكەی بازنەی گفتوگۆ داوە، نوێنەرایەت سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و، لە قسەكانیاندا ئەوەیان خستووەتە ڕوو، ئەم بڕیارە چەند ئازاری ناسنامەی نەتەوەیی ئەو پێكهاتانەی داوە و چەند سووكایەتی بە كەرامەت و ناسنامەی نەتەوەییان كراوە.
لەبەرانبەر ئەم زوڵمە گەورەیەی دادگای فیدڕاڵی بەرانبەر هەستی نەتەوەیی تەواوی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان كردی، بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێداگری لەوە كرد «بەبێ پێكهاتەكان بەشداری هەڵبژاردنی كوردستان ناكات» و لەمەش زیاتر هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە «لە تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئیمزا كراوە، دەكشێتەوە»، حزبەكانی دیكە كە لە بنەڕەتەوە خاوەنی پڕۆژ یاسا ئیستفزازییەكە بوون، بۆ دابەشكردنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، ئەم غەدرەی دادگای فیدڕاڵییان وەك سەركەوتن بۆ خۆیان لە قەڵەم دا و لەمەش خراپتر سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گاڵتەپێكردنەوە پێی گوتن: «جەمال لۆ مارێ»، ئەمەش وەك سووكایەتی پێكردنی بەوەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانمان لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان كردە دەرەوە!
لێرەوە ئەگەر بپرسین: بۆچی هەر لە سەرەتاوە كورسیی كۆتای پێكهاتەكانی پەرلەمانی كوردستان كرایە ئامانج بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كوردستان پەك بخرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا ئەو ئازارە دەیداتەوە كە پێكهاتەكان لە ئاكامی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چەشتیان، بۆیە لێرەدا ئاماژە بۆ وەڵامی هەندێكیان دەكەم كە لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆكان بەشدارییان كردووە و وەڵامیان داوینەتەوە:
كەریم سلێمان ڕاوێژكاری جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی:
«ئەو ترسەی لە دوای 3ی ئابی 2014 لای ئێزدییەكان دروست بووە، ئێمەی ئێزدی گەیاندووەتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا شوێنێك بتوانین تێیدا بژین و هەست بە ئارامی بكەین، هەرێمی كوردستانە، ئەگەر سەقامگیری ئەم هەرێمە تێكبچێت، پێش هەمووان ئێمە وەك ئێزدی بە مەترسی دەزانین بۆ سەر ژیانی خۆمان».
ئەكەد موراد نوێنەری بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری:
«ئێمە لە شۆڕشەكانی كوردستان بەشداریمان كردووە و شەهید و قوربانیمان داوە و ناوچە و گوندەكانی ئێمەش هاوشێوەی برایانی كورد كاول كراون و خەڵكەكەی ڕاگوێزراون. ئەزموونی هەرێمی كوردستان بە دیدێكی زۆر نیشتمانی و تێگەیشتن لە چەمكی هاووڵاتیبوون بونیاد نرا. لە بیرمە شەهید فرانسۆ هەریری پێی گوتم: «منیان دانابوو لە لیستی كۆتای كریستیانەكان خۆم كاندید بكەم، من پێیانم گوت : خەباتی من لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و دەمەوێت لەناو پارتی خۆم كاندید بكەم، سەرنج بدەن، ئەوكات ئاوا سەیری یەكتریمان دەكرد، ئێستاش كێشە بۆ كۆتاكان دروست دەكەن».
مونا قەهوەچی سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان:
«نەمانی كۆتا بۆ پێكهاتەی توركمان واتە سڕینەوەی ئەو پێكهاتە و بەرخۆدانەشە كە پێكەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان كردوومانە، لە ساڵی 2004 كە پەرلەمانی كوردستان شەش كورسی بۆ كۆتا زیاد كرد، كە پێنجیان درا بە توركمان و یەكێكیشیان بە ئەرمەن، ئامانج ئەوە بوو سیمای پێكەوەژیان لە كوردستان جوانتر بێت».
داود هوهان داود سەرۆكی لیژنەی كارگێڕیی نەتەوەی ئەرمەن لە زاخۆ:
«ئێمە وەك ئەرمەن 400 ساڵە لە عێراق دەژین و حیسابی هاووڵاتیمان بۆ نەكراوە، بەڵام تەنیا 100 ساڵە لە كوردستان دەژین، كورسییەكی كۆتامان بۆ تەرخان كراوە. لای نەتەوەی ئەرمەن، ئەم كورسیی كۆتایە مانا و مەغزایەكی گەورەی هەیە و بووەتە جێگەی شانازییەكی گەورە بۆ نەتەوەی ئێمە و ئەو جیاوازییە گەورەیەمان بۆ بەرجەستە دەكات، كە لۆژیكی سەرۆك بارزانی چۆن سەیری پێكەوەژیان دەكات و ئەقڵییەتی تەسكی حزبی و شۆڤێنیش چۆن مامەڵە لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكان دەكات، دڵنیاشم ئەو لایەنە سیاسییەی كوردستانیش كە دەیەوێت كێشە بۆ كورسیی كۆتاكان دروست بكات، ئامانجە سەرەكییەكەی ئەوەیە هەڵبژاردن لە كوردستان هەر نەكرێت».
ئەو وەڵامەی نوێنەری كۆی پێكهاتەكان (بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە) پێیان گوتین، دەكرێت لەیەك ڕستەدا كورتی بكەینەوە، ئەویش ئەوەیە: «نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، لەژێر ڕەشماڵی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت، هەست بە ئەمان و دڵنیایی ناكەن و، دڵنیان كە سەرۆك بارزانی ئەم ئەمان و دڵنیاییان بۆ زامن دەكات»، هەر بۆیە كاتێك مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامە مێژووییەكەی لە مارتی 2024 دەركرد و بەشداریی هەڵبژاردن و مانەوەی لە پرۆسەی عێراق گرێ دایەوە بە كورسیی پێكهاتەكان، كارێكی لە پڕ و چاوەڕواننەكراو نەبوو، بەڵكو هەر ئەو هەڵوێستە توند و ڕەوایە لە لۆژیكی سەرۆك بارزانی چاوەڕوان دەكرا.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی و هەڵوێستی حزبە سیاسییە كوردستانییەكان «بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان»، وەڵامی ئەو تۆمەتەی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی دایەوە، كە بۆچی پێكهاتەكانی كوردستان بێجگە لە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان متمانە بە هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستان ناكەن؟ وەڵامەكەشی ئەوەیە: كاتێك دادگای فیدڕاڵیی عێراق كورسیی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستانی ڕەت كردەوە، بێجگە لە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ حزبێكی سیاسیی نەك هەر هەڵوێستیان نەبوو، بەڵكو پووچەڵكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكانیان بە سەركەوتن بۆ خۆیان دەزانی و سووكایەتیان پێدەكردن و پێیان دەگوتن: «جەمال لۆ مارێ».
لە دوماهیدا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئەو لایەنانەی پڕۆژە یاسایەكی ئیستفزازییان داڕشت بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان هەموار بكرێتەوە و كۆتای پێكهاتەكان بە ئامانج بگرن و، بەبێ ڕاوێژ بە پێكهاتەكان كۆتاكانیان بە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكەن. دەبێت ئێستا هەموولایەنەكان وەڵامی ئەو پرسیارەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بدەنەوە كە دەپرسن: «ئێوە لایەنە كوردستانییەكان بۆچی ڕقتان لێمانە و دژایەتیمان دەكەن؟ ئایا ئێمەی پێكهاتەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لە پێناوی ئەم نیشتمانە پێشمەرگە نەبووین و قوربانیمان نەداوە؟ ئایا خوێنی شەهیدەكانمان تێكەڵاوی خوێنی شەهیدەكانتان نەبووە؟ ئایا گوند و شارەكانمان كاول نەكراون و خەڵكەكەی ڕانەگوێزراون؟ حزبە سیاسییەكان بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەم پرسیارانە لاڵ بوون و تەنیا یەك دیمەن دەبینن، كە ئەویش ئەوەیە ئیرادەی سەرۆك بارزانی قەڵغانی پاراستنی پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە.