ســــەردانــــەكــــانـــی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماراسۆنی دیپلۆماتییەتی سەركەوتوو
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ تاران و دیداری لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بەرپرسانی باڵای دیكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها سەردانی ئەم دواییەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ واشنتۆن و دیداری لەگەڵ جوزێف بایدن سەرۆكی ئەمریكا و گەورە بەرپرسانی كۆشكی سپی، دەكرێت بڵێین دوو ڕاستیی بۆ دەرخستین، كە پێشتر لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشكرا نەبوون:
1- ئەبومیساق ئەلمەساری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ڕێكخراوی بەدر لە پەنێڵیكدا پێی گوتین: «برایان ڕاستییەكتان پێ دەڵێم كە زانیارییە و لەوانەشە لە لایەن لایەنەكەی خۆمەوە بە نەرێنی لەسەرم بشكێتەوە، ئەو زانیارییەش ئەوەیە كە هەولێر بەشدار بووە لە ڕازیكردنی ئەمریكا و سەرۆكەكەی بۆ ئەوەی لە كۆشكی سپی پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەن».
2- لە تارانیشەوە و لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەییدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێی گوتین: «زۆر سوپاسی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەم، كە ڕۆڵی هەبووە لەم سەردانەی ئێمە بۆ تاران».
ئەم وەرچەرخانە لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و ئاماژەكردنی هەر لایەكیان بە ڕۆڵی ئەوەی دیكە، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە پەیوەندییەكان چوونەتە قۆناغێكی دیكەی لێكتێگەیشتن، بەم جۆرە:
یەكەمیان: سیاسەتمەدارانی شیعەی عێراق خۆیان ددانیان بەو ڕاستییەدا ناوە، كە هێزە سیاسییەكانی شیعە لە ناو خۆیاندا دابەش بوون بۆ «شیعەی ئەقڵانی و شیعەی چەكدار»، ئەوەی لە ماوەی حوكمڕانیی نزیكەی ئەم 20 مانگەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، هەروەها لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، گەیشتوونەتە قەناعەتێك كە «بە ئەقڵانییەت نەبێت، نە حوكمڕانیی عێراقیان پێ دەكرێت، نە دەشتوانن كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن، نە دەشتوانن پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕێك بخەنەوە»، ئەم ئەقڵانییەتەی شیعە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێ كراوە و ئامادەباشی پیشان دراوە، كە پشتگیریی ئەم ئەقڵانییەتە دەكەن و، جددییەتی ئەم ئەقڵانییەتەی شیعەش لە لایەن هەولێرەوە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەرجەمە كراوە و، بەرهەمیشی هەبووە، وەك خۆیان باسی دەكەن «هەولێر بەشدار بووە لە ڕازیكردنی ئەمریكا و سەرۆكەكەی بۆ پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق».
دووەمیان: لە ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیشدا پەرتەوازەیی سیاسی و جۆرە دابەشبوونێكیش بە هاوشێوەی ماڵی شیعە هەیە، كە دەكرێت ناوی بنێین «بەرەی لۆژیك و ئەقڵانییەت لەگەڵ بەرەی پۆپۆلیستی و ئیرهابی فیكری»، بەرەی یەكەمیان كە بەرەی لۆژیك و ئەقڵانییەتە، خۆی لە (سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان)دا بەرجەستە دەكات و، ئامانجی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری و وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی كێشەكانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر بكات، چارەسەركردنی ئەم كێشانە كە هەم پێویستیان بە بەشداریكردنە لە بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، هەمیش پێویستی بە بەشداریی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە سیاسییانە هەیە، بە هاوبەشی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیدا، لەم پرۆسەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵێكی باشی لە كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت گێڕاوە، كە ئەم هاوپەیمانییە سەرچاوەی یەكەمی بڕیاری سیاسییە بۆ حكومەتی عێراق، لە هەمان كاتدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەی سوودانییەوە، لەسەر ئاستێكی بەرز هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی زۆر باشی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیدا دروست كردووە و، هەوڵەكان بەردەوامن كە پێكەوە ئەو كێشانەی پەیوەندییان بە لایەنی (جێبەجیكردن)ـەوە هەیە، چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، ئەم ئاراستە «لۆژیكی و ئەقڵانی»یەی هەرێمی كوردستانیش لە لایەن لایەنە شیعەكانی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتەوە پێشوازی لێ كراوە و، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە سیاسەت و ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئەم هەرێمە وەك قەوارەیەكی دەستووری و شەرعی پارێزراو بێت و، پەیوەندییەكی باش و دۆستانەی لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ دراوسێكانیش هەبێت. لەم ڕووەوە حكومەتی عێراق ڕۆڵی هەبووە كە ئەم لایەنە لۆژیك و ئەقڵانییەی سیاسەت و ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران تەرجەمە بكات و، پێیان بڵێت: «هەرێمی كوردستان ئەوە نییە كە لایەنی چەكداریی شیعە وێنای دەكەن، هەروەها ئەوەش نییە كە لایەنە پۆپۆلیستییەكانی ناو هەرێمی كوردستان باسی دەكەن»، بۆیە بەرژەوەندیی هاوبەشی عێراق و ئێران و هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ڕاستییەكان چۆنن، بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین و ئەم ئاراستەیەش سەرەنجام بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو لایەك دەشكێتەوە.
ئەم وەرچەرخانە تازەیە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتەكانیدا ئاماژەی پێ كرد، بەرهەمی هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی چەندین مانگە، كە هەرێمی كوردستان و عێراق پێكەوە كاریان لەسەر كردووە، بەرهەمی ئەم هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنەش وەك بینیمان ئاكامی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ واشنتۆن بوو كە بە «سەرووتر لە سەركەوتوو» وەسف كرا، هەروەها ئاكامی سەردانی ئەم جارەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری شۆڕش و ئیراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆمار و گەورەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، كە نەك هەر بە «سەرووتر لە سەركەوتوو» وەسف دەكرێت، بەڵكو گەیشتە ئەو ئاستەی بە «سەردانێكی مێژوویی» لە قەڵەم بدرێت.