هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران . . . هەنگاوێكی دیكەی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە

هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران      .  .  .   هەنگاوێكی دیكەی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014، هەوڵێك بوو بۆ شكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و شكستهێنان بە ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، بەڵام خۆڕاگریی تێكڕای فەرمانبەرانی كوردستان و تێگەیشتنیان لەو قەیرانە گەورە ئابوورییەی كە بە هۆكاری سیاسی خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، بووە هۆكاری ئەوەی كە گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچە ئامانجی خۆی نەپێكێت.
لەوانەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە و تا راددەیەكی زۆر لەو بڕوایەدا نەبووبێت كە حكومەتی بەغدا درێژە بە سیاسەتی قووتبڕینی خەڵك بۆ ئەو ماوە درێژە دەدات، بۆیە لە ساڵی یەكەم و دووەمدا لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێكی زۆر نزمیش دابەزی، بەڵام بە رێگەی قەرزكردن توانرا لە هەر ساڵیكدا مووچەی 8-9 مانگ دابین بكرێت، بەڵام دیرێژەكێشانی گەمارۆی بەغدا، هەروەها درێژەكێشانی شەڕی دژی داعش وایكرد، قەیرانەكە زۆر سەختتر بێت و حكومەت چیتر نەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، هەربۆیە لە سەرەتای ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا راشكاوانە ئەم پرسە لەگەڵ تێكڕای چین و توێژەكانی كوردستان باس بكات و، هەموو پێكەوە بیر لە چارەسەرێكی لەبار بۆ ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە بكەنەوە، هەتا رێكارێكی بۆ بدۆزرێتەوە، بەمەش دوای چەندین كۆبوونەوەی راستەوخۆی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی گشت چین و توێژەكانی كوردستان، حكومەت بە ناچاری ناچار بوو كە سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران پیادە بكات.
ئەم سیستمە لەگەڵ ئەوەی بڕیارێكی قورس و سەخت بوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناوی ئەوە بوو ئەم هەنگاوە ببێتە دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قورسە و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناحەزانی گەلی كوردستان چونكە ئامانجیان ئەوە بوو قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان شكست بهێنێت، ئەمجارەیان بە رێگەی هەندێك هێز و لایەنی سیاسیی بەناو ئۆپۆزسیۆن كەوتنە هاندانی فەرمانبەرانی كوردستان و بایكۆتكردنی دەوامی ئاسایی قوتابخانە و فەرمانگەكانی حكومەت و خۆپیشاندان و دروستكردنی ژینگەیەكی ئاڵۆزی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا، لەمەش ناخۆشتر ئەوە بوو هەوڵەكانی ناحەزانی كوردستان بەو ئاراستەیە بوو كە بەرپرسیاریەتی ئەم قەیرانە سەختە بخاتە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشتیوانیكردنی تەواوی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بووە هۆكاری ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان شێلگیرانە و راستگۆیانە لەگەڵ تەواوی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانی كوردستان شانیان دایە بەر ئەم ئەركە سەختە و نەیانهێشت هەوڵەكانی ناحەزانی گەلی كوردستان ئامانجەكەی خۆی بپێكێت. دیارە ئەم هەڵوێستە مێژووییەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو قۆناخە سەختەدا، زۆر بە باشی لەلایەن گەلی كوردستانەوە هەڵسەنگێندرا، هەر بۆیە لە هەردوو هەڵبژاردنی ئایاری 2018 بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەیلوولی 2018 بۆ پەرلەمانی كوردستان، خەڵكی كوردستان بە شێوەیەك متمانەی خۆیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشی كە پارتی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لایەنی سەرەكیی كوردستانییە بوو بۆ وتووێژكردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعە لە عێراق هەم بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق و هەمیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، توانی بە شێوازێكی زۆر زیرەكانە بەستەڵەكی نێوان هەولێر و بەغدا بتوێنێتەوە و جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە شیعەكان دروست بكات، بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم لێكتێگەیشتنەش لەسەر ئەو نەخشەڕێگەیە هاتە ئاراوە كە سەرۆك بارزانی، بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە كابینەی تازەی حكومەتی عێراق، گرێ دابووەوە بە بەرنامەی حكومەتی داهاتوو بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا.
دوای رێككەوتن لەسەر ئەم نەخشەڕێگەیە، سەردانی بارزانی بۆ بەغدا بووە فاكتەرێكی دیكەی لێكتێگەیشتنی نێوان بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی شیعە لە عێراق و هەروەها بووە هۆكارێك بۆ كاری پێكەوەیی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا، لەهەمانكاتدا ئەم زەمینە لەبارەی دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا هاتەئاراوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراقیش جوامێرانەتر لەسەر پرسە نیشتمانییەكان پێكەوە كاربكەن و هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی تازە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو پەرلەمانی عێراق دروست بێت.
لەگەڵ ئەوەی لە سەركەوتنی هەوڵەكاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی سەرەكی تێدا گێڕاوە، بەڵام هەوڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ سەركەوتنی ئەو هەوڵانە و زەمینە رەخساندن بۆ تێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێر، كە جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم تێگەیشتنە هاوبەشەدا، د.عادل عەبدولمەهەدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە و فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئیجابییانە وەڵامی خواستەكانی هەرێمی كوردستان بدرێتەوە.
هەڵوەشانەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەوانەیە لە رووی ئابوورییەوە فاكتەرێكی هێجگار گرنگ بێت بۆ باشتربوونی بژێۆی فەرمانبەرانی كوردستان و دروستبوونی جووڵەیەكی كارا لە بازاڕەكانی كوردستاندا، بەڵام ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەڵوەشانەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، زۆر لەوە گەورەترە كە تەنیا لە رەهەندە ئابوورییەكەیەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم بڕیارە رەهەندێكی گەورەی نیشتمانی هەیە و ئەوەمان پێ دەڵێت: ئەگەر گەلی كوردستان یەك هەڵوێست و یەكگرتوو بێت و هاوكات پشتیوانی حكومەتی خۆی بێت و لە رۆژانی تەنگانە پشت لە حكومەتی خۆی نەكات، ئەوا داو و پیلانی ناحەزانی كوردستان چەند گەورە بێت، هەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەردەكەوێت و هەر گەلی كوردستان سەربەرزانە خۆی بڕیاری كۆتاییهاتنی نەهامەتییەكان دەدات.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی راگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، زۆر جوامێرانە هەڵوەستەی لەسەر ئەو خاڵە گرنگە كردەوە كە سەركەوتن بەسەر ئەو قەیرانە سەختەی ئابووری كە چەندین ساڵ بوو یەخەی هەرێمی كوردستانی گرتبوو، بە پلەی یەكەم گێڕایەوە بۆ تێگەیشتنی نیشتمانییانەی فەرمانبەرانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی خۆیان، هەروەها بۆ هاوكاری و تێگەیشتنی تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان لەگەڵ ئەو قەیرانە سەختەی بەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرتبوو. ئەم پێزانینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی فەرمانبەران و تێكڕای خەڵكی كوردستان، جیا لەوەی هەڵوێستێكی نیشتمانییانەی بەرز وێنا دەكات، لە هەمانكاتدا پیشاندانی گەورەیی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە كە بەسەر قەیرانێكدا زاڵ بوون و كۆتاییان پێ هێنا، كە ناحەزانی كوردستان گرەوی ئەوەیان لەسەر كردبوو قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی پێ لەناو بەرن.
Top