گرنگیی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و هەنگاوەكانی داهاتووی ئەم لیژنەیە لە راپۆرتێكی گوڵاندا

گرنگیی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و هەنگاوەكانی داهاتووی ئەم لیژنەیە لە راپۆرتێكی گوڵاندا
پێكهێنانی لێژنەی یاسایی پەرلەمان، هەنگاوێكی دیكەی پەرلەمان بوو، بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوەیە بكەوێتەسەر سكەی سرووشتیی خۆی بۆ راپەڕاندنی ئەرك و كارەكانی خۆی. خەڵكی كوردستانیش چاوەڕوانی كاری جددی و گرنگن لەم لێژنەیە، بەتایبەتی بۆ كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی كە گرنگییەكی گەورە و بنەڕەتییان هەیە و بوونەتە ئەولەوییەت وەك یاساكانی سەرۆكایەتی هەرێم و چاكسازیی دارایی و چەندین پرۆژە یاسای دیكە كە پەیوەستن بە باروبژێوی ژیانی هاووڵاتیانەوە. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی لێژنەی یاسایی و ئەو پرۆژە و یاسایانەی كە گرنگە لەم خولەی پەرلەماندا كاری لەسەر بكرێت، چەند ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان راوبۆچوونی خۆیان بۆ گوڵان خستەڕوو.

پەرلەمانتار بژار خالید
لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان:
لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان فیلتەری هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەیە كە دێنە پەرلەمان
سەرەتا پەرلەمانتار بژار خالید ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە دەنگدان بە لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وتی: «لە دانیشتنی پەرلەمان لە 26ی شوباتی 2019 بە 73 دەنگ لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان متمانەی پێ درا و لێژنەی یاسایی پەرلەمان دامەزرا، ئەم لێژنەیەش یەكێك لەو 15 لێژنەیەی كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە پێكبهێنرێن. هەروەها بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت ئەو لێژنەیە لە 11 ئەندام زیاتر نەبێت، ئەوە بوو 9 ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمان دەستبەكاربوون و 2 ئەندامی كە لە فراكسیۆنی یەكێتی بوون، لەبەر ئامادەنەبوونی فراكسیۆنەكەیان لە لێژنەكە دەست بەكار نەبوون و ئەو دوو جێگایەی لێژنەكە بە بەتاڵی ماوە، تا ئەو كاتەی فراكسیۆنی یەكێتی دێتەوە ناو پەرلەمان.»
سەبارەت بە گرنگیی لێژنەی یاسایی پەرلەمانیش ئەم پەرلەمانتارە رایگەیاند: «راستە هەموو لێژنەكانی ناو پەرلەمان گرنگیی خۆیان هەیە و هەریەكەو پسپۆڕایەتی و بواری خۆی هەیە، بەڵام كار و ئەركی لێژنەی یاسایی – وەك لێژنەیەكی پسپۆڕ- بریتییە لە توێژینەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو پرۆژە یاساكان، ئەم لێژنەیە دەریدەخات ئەو پرۆژە یاسایە تاچەند گونجاوە، ئایا بە تەواوەتی نووسراوە، یان تا چەند بۆ ئێمە دەبێت، یان ئایا ئەو پرۆژە یاسایانە تاچەند لەگەڵ یاساكانی هەرێمی كوردستان یەك دەگرێتەوە و گونجاوە، بۆیە لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان فیلتەری هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەیە كە دێنە پەرلەمان».
لە بارەی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش گوتی: «كاركردن لەسەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاو و كارە لەم هەفتەیەدا، لە پاشان كاركردنمان بەجددی لەسەر پرۆژەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە پرۆژە یاسای چاكسازییە، ئەم یاسایەش زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، كە لە دوای پەسەندكردنی دەبێتە یەكێك لەو یاسا گرنگانەی كە بە جێبەجێكردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، رۆڵی بەرچاوی لە تێپەڕاندنی قەیران و دووبارە باشبوونی بژێوی ژیانی خەڵكی دەبێت. ئەمە وێڕای ئەوەی وەكو فراكسیۆنی پارتی كار لەسەر كۆمەڵێك پرۆژەی دیكەی بەردەست دەكەین، كە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لەلایەن فراكسیۆنی پارتی لەبەرنامەی لیستی 183ی پارتی راگەیەندرابوو، پڕۆژەیەكمان لەبەردەستدایە بۆ جێبەجێكردنی میكانیزمێك بۆ رەشنووسی دەستووری هەرێم، لەمەدا پەرلەمان بڕیار دەدات كە لێژنەیەك پێكبهێنرێت و ئەو لیژنەیە كاری نووسینەوەی دەستوور دەبێت. بەمشێوەیە وەكو فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە جددی كار لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانە دەكەین. بڕیاریشە رۆژی سێشەممە 5/3/2019 دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و لێژنەی یاسایی كۆببنەوەو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت سەرۆك و جێگرو بڕیاردەری لێژنەی یاسایی هەڵبژێردرێت».

پەرلەمانتار رۆبینا ئەلتیاری
لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی:
بوونی ئێمە لە لێژنەی یاسایی بەرجەستەكردنی شەراكەتی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیییە لە پرۆسەی بڕیاردان

هەر سەبارەت بەم پرسە پەرلەمانتار رۆبینا ئەلتیاری ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمان لە سەر فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی بۆ گوڵان دوا و لە پەیوەندی بە بوونی پێكهاتەكانی كوردستان لە لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وتی: «نەتەوەكانی كلدان سریان ئاشووری و توركمان خەڵكی رەسەنی كوردستانن و لە دێرزەمانەوە لەپێناو بونیادنان و خزمەتكردنی كوردستان تێكۆشاون، بوونی ئەوان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و لە لێژنەكانی پەرلەمانی و بەتایبەتی لە لێژنەی یاسایی و دارایی زۆر گرنگە و بۆ یەكەمین جارە پێكهاتەكان پۆستێكی وا گرنگ و گەورە لە پەرلەمانی كوردستان وەربگرن، نوێنەری توركمان لە پێكهاتەكان كە وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەلبژێردرا، ئەوە نیشان دەدات كە بەشداربوونی پێكهاتەكان و پێكەوە ژیان لە كوردستان بەهێزە و وەك پێكهاتەكان هەموو هەولێكمان بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان دەبێت. بوونی ئێمە لە لیژنەی یاسایی بەرجەستەكردنی شەراكەتی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیییە لە پرۆسەی بڕیاردان، پەرلەمان بە دەنگی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە، بۆیە مافی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانە كە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردبێت و لە هەموو لیژنەیەكدا بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بەشداریی راستەقینە بن لە هەموو بوارەكان. ئێمە وەك پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و ئایینەكانی دیكە هەروەها وەك (ئێزیدی، زەردەشتی، مەندائی، جوو، كاكەیی، بەهائی) كاروباری شارستانی (احوال شخصیة)ی تایبەت بە خۆمان هەیە و لە پرۆسەی دانانی هەر یاسایەك دەبێت ئەم تایبەتمەندییە بەرجەستە بێت. خۆیشم بە نوێنەری گشت پێكهاتەكانی ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان دەزانم و هەوڵ دەدەم لە كارەكانم لەگەڵ هاوكارانم یە تەواوی مافیان بە یاسا بچەسپێنین».
سەبارەت بە گرنگترین ئەو یاسایانەی كە فراكسیۆنەكەیان لەم خولەی پەرلەماندا قسەی لەسەر دەكەن، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: «هەموو یاسایەك لە پەرمان دەربچێت، گرنگە و دەبێت كاری پێ بكریت، بۆیە بەگشتی كاری لێژنە و ئەندامانی لێژنە لە هەر لێژنەیەكدا بێت، بەدواداچوون و بەرچاوڕوونكردنی ئەو بابەتەیە كە پەیوەستە بە كاری لێژنەكە، بابەتی ئایینی و نەتەوەیی ئەوەیە كە پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بە هەموو پارتە سیاسییەكانەوە، هەر یەك لە لیژنەیەكدا بوونیان هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر نوێنەرایەتی گشت چین و توێژەكانی خەڵك بكرێت لە پرۆسەی یاسادانان و بڕیاردان، ئێمەش لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی كە گەورەترین كوتلەی مەسیحی كلدانی سریانی ئاشوورییە لە پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتی گەلەكەمان دەكات لە كوردستان. هەروەها هاوپەیمانیەتییەكەمان پێكهاتووە لە یەكگرتنی كاری سیاسیی هێزی سیاسیی كاریگەر وەك (پارتی بێت نەهرینی دیموكراتی، ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی، رەوتی شلاما بو كاروباری مەسیحییەكان) لە پێناو خزمتی گەلەكەمان و وڵات بەگشتی، كە بێگومان پڕوژەی مۆدێرن و نوێمان هەیە كە پەیوەندی بە بەرەوپێشبردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە، كە هاووڵاتیانی كوردستان بەگشتی لێی سوودمەند بن».


پەرلەمانتار خەدیجە عومەر
لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان:
لێكنزیكبوونەوە لەنێوان لایەنەكان هەیە و باوەڕ ناكەین دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەت زۆر دوابكەوێت

پەرلەمانتار خەدیجە عومەر تەها، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە گوڵانی راگەیاند: «ئەگەر لێژنەی یاسایی پەرلەمان پێك نەهێنرایە، پەرلەمانی كوردستان نەیدەتوانی كاروچالاكییەكانی خۆی دەست پێ بكات، چونكە هەر پرۆژە یاسایەك بهێنرێتە ناو پەرلەمان، دەبێت لە رێگەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە پێشكەش بە لێژنەی یاسایی بكرێت و دوای كاركردن لە سەر پرۆژە یاساكە لێژنەكە راپۆرتی خۆی لەسەر دەنووسێت و دەیهێنێتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، تاوەكو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و هەموو رێكارەكانی لەسەر پرۆژە یاساكان وەربگیرێت و بە كۆی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بكرێت و ببێتە یاسا.»
سەبارەت بە پێویستیی سازان و تەبایی نێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانیش ئەو پەرلەمانتارە رای وایە: «بوونی سازان و تەبایی لە نێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان زۆر پێویست و گرنگە، بەتایبەتی ئەو پرۆژە یاسایانەی رەهەندێكی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیە، بۆ نموونە: پێویستە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئەو سازان و تەباییە هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت سەرۆكی هەرێم دەست بەكار بێت و سەرۆكی حكومەت راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت، واتا هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێكهێنانی حكومەتی كوردستان خێراتر دەكات، بۆ ئەوەش پێویستە پێش دانیشتنی لێژنەی یاسایی، ئەندام و لایەنەكان لە نێو خۆیاندا لە سەر هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم گفتوگۆ و سازانیان كردبێت، تاوەكو بتوانن بە كەمترین ماوە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا یاساكان پەسەند بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەمەش هیچ كۆسپ و رێگری دروست نابێت و پرۆژە یاساكە بە بێ گرفت و كێشە و بە ئاسانی و سانایی پەسەند دەكرێت و تێپەڕ دەبێت. لەناو پەرلەمانیشدا كار و گفتوگۆی جددی لە نێوان فراكسیۆنەكان هەیە، تاوەكو لە رۆژی سێشەممە پاش دەستنیشانكردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لێژنەی یاسایی، كار لەسەر هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەروەها پێویستە لایەن و فراكسیۆنەكانی كوردستان رەچاوی بارودۆخی هەرێم و بەرپرسیارێتی دۆخەكە بكەن، تاوەكو چیتر دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەت دوانەكەوێت، لەمبارەشەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێمە هەمانە رێككەوتن و لێكنزیكبوونەوە لەنێوان لایەنەكان هەیە و باوەڕ ناكەین دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەت زۆر دوابكەوێت».
سەبارەت بە گرنگیی دەستووریش ئەو پەرلەمانتارەی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان گوتی: «بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو گەلێك دەستوور زۆر گرنگە، چونكە دەستوور دەبێتە ناسنامەیەكی نەتەوەیی بۆ ئێمە، تەنانەت لەكاتی دروستبوونی هەر كێشەو گرفتێك دەتوانرێت بە رێگەی دەستووری زۆر زوو چارەسەر بكرێت، چونكە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دەگەڕێینەوە بۆ دەستوور و لە دەستووردا سیستەمی حوكمڕانی و هێڵە سەرەكییەكان و پرانسیپە سەرەكییەكان دەستنیشان و جێگیر دەكرێت و دەبێت هەمووان پابەندی بین، هاوكات دەستوور چوارچێوەی یاسایی دەستنیشان دەكات، كە هیچ كەس و لایەن و حوكمڕانییەك ناتوانێت لێی دەربچێت و پابەندی نەبێت، تەنانەت بوونی دەستوور دەبێتە بنەمایەكیش بۆ پەرلەمان لە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و هەمواركردنی یاساكاندا، دەستوور چەترێكە هەمووان لە ژێریدا كۆدەبنەوە و نەخشەڕێگایە كە دەبێت هەمووان لەسەری بڕۆن و لێی دەرنەچن و بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیش دەبێت هەر بۆ دەستوور بگەڕێینەوە».
Top